رووداو دیجیتاڵ
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، ئەوان لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، لە هیچ شوێنێک باسیان لە کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق نەکردووە و هێشتا نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک.
رۆژی چوارشەممە 14-08-2024، ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتنی راگەیاند "ئێمە، لەگەڵ حکومەتی عێراق چەند کۆبوونەوەیەکمان لەبارەی داهاتووی هێزەکانی هاوپەیمانان کردووە؛ لەوانەش هاتنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن."
سەبارەت بە مانەوە یان کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق، ڤێدانت پاتێل گوتی "لە هیچ کام لەم کۆبوونەوانە باسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکامان لە عێراق نەکردووە، بەڵام گفتوگۆکان بۆ دروستکردنی هاوبەشییەکی ئەمنیی دووقۆڵی بەردەوامن، هەروەک سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی باسیان کرد."
پاتێل بە دیار کوردەی گوت، دانوستاندنەکان بەردەوامن و لەسەر بنەمای گفتوگۆ و ستراتیژییەکانی پێشوو دەبن، هەروەها رەنگدانەوەیان لەسەر هاوئاهەنگیی ئەمنی و بەرژەوەندیی هەردوولا دەبێت.
لە ساڵی 2008، ئەمریکا و عێراق رێککەوتنێکیان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کرد، دیارترین بڕگەکانی بریتی بوو لەوەی: کشانەوەی هێزەکانی شەڕکەری ئەمریکا لە شار و شارۆچکەکان لە 30ـی حوزەیرانی 2009 تێنەپەڕێنێت.
داواکاریی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق لەلایەن بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی شیعە و لایەنە سیاسییەکانیشیان نوێ نییە، بەڵام لە دوای هێرشەکەی حەماس لە رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر ئیسرائیل و، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاتر بووە.
هەرچەندە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە 10ـی حوزەیرانی 2014 و لە دوای هێرشەکانی داعش لەسەر داوای حکومەتی عێراق هاتوونەتە عێراقەوە، ئێستا گفتوگۆکانی نێوان لیژنەیەکی سەربازیی دوو قۆڵیی باڵاش بۆ ئەو مەبەستە دەستیپێکردووە.
هەرچی لەبارەی هەڕەشەکانی ئێران و حیزبوڵڵا بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و دۆخی گەرمی ناوچەکەیە، پاتێل گوتی "نامەوێت لەخۆمەوە پێشبینی بۆ هیچ جۆرێک لە کاتی هێرشکردن و چۆنیەتی وەڵامدانەوە بکەم؛ بەڵام ئەوەی دەتوانم بڵێم ئەوەیە؛ سەرۆکی ئەمریکا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و چەندین بەرپرسی دیکەی ئیدارەکە پەیامی روونی خۆیان ناردووە کە تەنگژە و گرژییەکان کەمبکرێنەوە، ئینجا هەموو شتێک بکرێت بۆ ئەوەی ئاگربەستێک لە سەرتاسەری ناوچەکە رابگەیێندرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ