رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی رووسیا بڵاویکردەوە، مۆسکۆ کۆتوبەندی لەسەر پەیوەندییەکان لە ئەپەکانی واتسئەپ و تەلەگرام داناوە و دەڵێت، ئەمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانکاری پێویستە.
رۆژی پێنجشەممە، 14ـی ئابی 2025، ئاژانسەکانی هەواڵی ریا و تاس لە زاری دەزگای چاودێریی پەیوەندییەکان "رۆسکۆمنادزۆر"ەوە بڵاویانکردەوە، "بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانباران، رێوشوێن گیراوەتەبەر بۆ سنووردارکردنی بەشێکیی پەیوەندییەکان لەم ئەپە نامەبەرە بیانیانەدا."
دەزگای چاودێرییەکە ئەوەشی راگەیاندووە، ئەپەکانی نامەبەر بوونەتە "خزمەتگوزارییە دەنگییە سەرەکییەکان بۆ فێڵ و پارەسەندن بەکاردەهێنرێن، هەروەها بۆ تێوەگلاندنی هاووڵاتیانی رووسیا لە چالاکییە تێکدەرانە و تیرۆریستییەکاندا."
دەزگا ئەمنییەکانی رووسیا زۆر جار بانگەشەی ئەوەیان کردووە ئۆکرانیا تەلەگرام بۆ ئاراستەکردنی خەڵک یان ئەنجامدانی کردەوەی تێکدەرانە لە رووسیا بەکاردەهێنێت.
مۆسکۆ دەیەوێت ئەپەکان بەگوێرەی داواکاریی دەزگاکانی یاسا، داتاکان ئاشکرا بکەن.
تەلەگرام رایگەیاندووە "بەشێوەیەکی چالاکانە بەرەنگاری بەکارهێنانی خراپی پلاتفۆڕمەکەی دەبێتەوە، لەوانەش بانگەشە بۆ تێکدان یان تووندووتیژی، هەروەها فێڵکردن" و "هەموو رۆژێک ملیۆنان پارچە ناوەڕۆکی زیانبەخش لادەبات."
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا، رووسیا بەشێوەیەکی بەرچاو ئازادیی رۆژنامەگەری و ئازادیی رادەربڕینی لەسەر ئینتەرنێت سنووردار کردووە.
گوتەبێژێکی واتسئەپ کە خاوەنەکەی کۆمپانیای مێتایە رایگەیاندووە، "واتسئەپ تایبەتە، هەموو زانیارییەکان تێیدا پارێزراوە، دژی هەوڵەکانی حکومەتە بۆ پێشێلکردنی مافی خەڵک بۆ پەیوەندییەکی پارێزراو، هەر بۆیەش رووسیا هەوڵدەدات رێگری لێبکات."
بەگوێرەی قسەکانی گوتەبێژەکە، زیاتر لە 100 ملیۆن کەس لە رووسیا واتسئەپ بۆ نامە و پەیوەندی بەکاردەهێنن.
هەرچی تەلەگرامە، زیاتر لە 61 ملیۆن بەکارهێنەری لە رووسیا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ