پێنتاگۆن: 800 سەربازی پاسەوانیی نیشتمانی لە واشنتن بڵاوەیان پێکرا

14-08-2025
تەنیا ئەحمەد
ژمارەیەک سەربازی پاسەوانی نیشتمانی لە واشنتن دی سی. وێنە: AFP
ژمارەیەک سەربازی پاسەوانی نیشتمانی لە واشنتن دی سی. وێنە: AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، سەرجەم ئەو 800 سەربازەی پاسەوانی نیشتمانی کە دۆناڵد ترەمپ فەرمانی پێکردبوون بچنە واشنتنی پایتەخت بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی ئاسایش، ئێستا گەیشتوونەتە شوێنی ئەرکەکەیان.
 
ترەمپ فەرمانی بە بڵاوەپێکردنی ئەم هێزە کردووە وەک بەشێک لەوەی ناوی ناوە "هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی تاوان" لە پایتەختی ئەمریکا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئامارە فەرمییەکان نیشانی دەدەن رێژەی تاوانە تووندوتیژەکان دابەزیوە. ئەم هەنگاوە دوای هەنگاوێکی هاوشێوە دێت کە لە مانگی حوزەیراندا لە کاتی خۆپێشاندانەکانی لۆس ئەنجلس کرا.
 
رۆژی پێنجشەممە، 14-08-2025، کینگزلی ویڵسن، گوتەبێژی پێنتاگۆن، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "تاوەکو ئەمڕۆ، سەرجەم 800 سەربازەکەی سوپا و هێزی ئاسمانیی پاسەوانی نیشتمانی کۆکراونەتەوە."
 
ویڵسن گوتیشی، ئەو سەربازانە "یارمەتیی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەورەشارەوانیی دی سی و هاوبەشە فیدراڵییەکانی جێبەجێکردنی یاسا دەدەن لە پاراستنی ئاسایشی شوێنەوارەکان، گەڕانی ئەمنی لە گەڕەکەکاندا، پاراستنی دامەزراوە فیدراڵییەکان و ئەفسەران"  هەروەها خاڵەکانی کۆنترۆڵکردنی هاتووچۆ.
 
ویڵسن گوتیشی: "تاوەکو یاسا و ئاسایش دەگەڕێتەوە ناوچەکە، سەربازەکان دەمێننەوە، وەک چۆن سەرۆک ترەمپ بڕیاری لەسەر دەدات."
 
رۆژی دووشەممە، ترەمپ بڵاوەپێکردنی پاسەوانی نیشتمانی و هەروەها دەستبەسەرداگرتنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی شارەکەی راگەیاند و بەڵێنیدا "پایتەختەکەمان بگەڕێنینەوە."
 
پایتەختی ئەمریکا کە زۆرینەی دیموکراتن، رووبەڕووی تۆمەتی سیاسەتڤانە کۆمارییەکان بووەتەوە کە گوایە تاوان تێیدا بڵاوبووەتەوە، بێ ماڵ و حاڵی تێدا زۆر بووە و بەڕێوەبردنێکی دارایی خراپی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، داتاکانی پۆلیسی واشنتن دابەزینێکی بەرچاو لە تاوانی تووندوتیژیدا لەنێوان ساڵانی 2023 و 2024 نیشان دەدەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە