جیهان
ئاوی دەریاچەی گاردا لە باکووری ئیتاڵیا کەمیکردووە و بەردەکانی ژێرەوەی دەرکەوتوون. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
پڕۆگرامی چاودێری زەوی سەر بە یەکێتیی ئەورووپا ناسراو (کۆپەرنیکۆس) بە رووداوی راگەیاند، بارانبارین لە بەشێکی زۆری ناوچەکەیان زیادیکردووە، بەڵام زۆرینەی بەخوڕ بووە و بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو. دەشڵێت، ئەگەر بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بەردەوام بێت، ئەگەری هەیە 54%ـی ئەورووپا رووبەرووی قەیرانی کەمئاوی ببێتەوە.
کۆپەرنیکۆس لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئیدتۆر لە دێسکی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، ئێستا کە پلەی گەرمای زەوی چەند جارێک گەیشتووەتە سەروو 1.5 پلەی سیلیزی بەراورد بە نێوەڕاستی ساڵانی 1850، نزیکەی 18%ی دانیشتووانی یەکێتییەکەیان تووشی قەیرانی بێئاوی بوون. دەشڵێت، ئەگەر ئەم بەرزبوونەوەیە بگاتە سەروو دوو پلەی سیلیزی، 54%ـی دانیشتووانی ناوچەکەیان رووبەڕووی هەمان قەیران دەبنەوە.
کۆپەرنیکۆس دەڵێت لە ناوچەکانی باکوور، رۆژئاوا، نێوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەورووپا لەم چەند دەیەیەی دواییدا بارینی باران و بەفر زیادیکردووە، بەڵام لە باکوور و رۆژهەڵاتی ئەورووپا بە خوڕ بووە.
پڕۆگرامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ساڵی 1992ـەوە ساڵانە بە تێکڕا 20%ـی "تۆڕی رووبارەکانی ئەورووپا" تووشی بەرزبوونەوەی ئاو و لافاو بوون. پار 31%یان دووچاری ئەم دۆخە بوون. ئەمەش زۆرترینە لە ساڵی 2013ـەوە.
بەگوێرەی ئەو پرۆگرامەی یەکێتیی ئەورووپا، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە ئەورووپا بە تێکڕا خێراترە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی جیهان. هەروەها، چڕی، ماوە و ژمارەی شەپۆلی گەرمای تووند بۆ سەر کیشوەرەکە زیادیکردووە.
کۆپەرنیکۆس دەڵێت، پار وڵاتانی ئەورووپا رووبەڕووی درێژترین شەپۆلی گەرما بوونەوە لە ساڵی 1950ـەوە. شەپۆلە گەرماکەی پار لە 8ـی تەممووز بۆ 20ـی هەمان مانگ بوو. هەروەها، پار گەرمترین ساڵی کیشوەرەکە بوو لە ساڵی 1950ـەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ