رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئامانجی کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا ئەوەیە کە بزانرێت سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا چ ئەگەرێک هەیە. جەختیشی کردەوە کە ئیدارەی واشنتن هیوادارە بگەنە رێککەوتنێکی ئاشتی.
بڕیارە رۆژی هەینی، دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پووتین لە ئەلاسکا کۆببنەوە. ئەم کۆبوونەوەیە کە بەپەلە رێکخراوە، بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا کە ماوەی سێ ساڵ و نیوە بەردەوامە.
رۆژی پێنجشەممە 14-08-2025 مارکۆ روبیۆ، لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "ئامادەکارییەکان زۆر بەخێرایی بەڕێوەدەچن، چونکە ئەم کۆبوونەوەیە زۆر بەپەلە رێکخرا. بابزانین سبەی دۆخەکە چۆن دەبێت. وەک سەرۆک ترەمپ گوتی، هیوای وایە سبەی لەگەڵ بەڕێز پووتین کۆببێتەوە و زۆر بەخێرایی و لەسەرەتاوە هەست بەوە بکات کە ئایا ئاشتی ئەگەری هەیە یان نا."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی: "پێموایە سەرۆک ترەمپ چوار جار بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ پووتین کردووە و پێیوابوو گرنگە ئێستا رووبەڕوو قسەی لەگەڵ بکات و سەیری نێو چاوەکانی بکات بۆ ئەوەی بزانێت چی دەکرێت و چی ناکرێت. ئەمە سەرۆکی ئاشتییە. ئەو دەیەوێت ئەو جەنگە کۆتایی پێبێت و هەموو کارێک دەکات کە لە توانایدا بێت. هەر کاتێک دەرفەتێک ببینێت بۆ قسەکردن لەسەر بەدەستهێنانی ئاشتی، هەوڵی بۆ دەدات."
ئەمە یەکەم لووتکەی ئەمریکا و رووسیایە لە دوای کۆبوونەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لەگەڵ پووتین لە ساڵی 2021. لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ گەرەنتییەک نییە کە لووتکەکە ببێتە هۆی ئاشتی، چونکە مۆسکۆ و کیێڤ هێشتا لەسەر مەرجەکانیان زۆر لەیەک دوورن.
سەبارەت بە پێداویستییەکانی رێککەوتنی ئاشتی، روبیۆ روونیکردەوە: "بۆ گەیشتن بە ئاشتی، پێموایە هەموومان دان بەوەدا دەنێین کە دەبێت گفتوگۆیەک لەسەر گەرەنتییە ئەمنییەکان هەبێت. دەبێت گفتوگۆ لەسەر ناکۆکی و داواکارییەکانی سەبارەت بە خاک و ئەوەی کە لەسەری دەجەنگن، بکرێت. هەموو ئەمانە بەشێک دەبن لە رێککەوتنێکی گشتگیر، بەڵام پێموایە هیوای سەرۆک ترەمپ ئەوەیە کە بگاتە راگرتنی شەڕ بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەو گفتوگۆیانە بکرێن."
پێشتر ترەمپ ئاماژەی بە ئەگەری "گۆڕینەوەی خاک" کردبوو، بەڵام ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، بیرۆکەی سازشکردن لەسەر خاکی وڵاتەکەی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە، کیێڤ پاداشتی رووسیا لەسەر کردەوەکانی ناداتەوە.
لە کۆتاییدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەسەر هەڵوێستی وڵاتەکەی کردەوە و گوتی: "با بزانین گفتوگۆکان چۆن بەڕێوەدەچن و ئێمە هیوادارین. ئێمە دەمانەوێت ئاشتی هەبێت و هەموو شتێک دەکەین بۆ بەدیهێنانی، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوە دەکەوێتە سەر ئۆکرانیا و رووسیا کە لەسەری رێکبکەون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ