رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی کشمیری ژێر دەسەڵاتی هیندستان رۆژی پێنجشەممە رایانگەیاند، بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاوەوە لە گوندێکی دوورەدەستی ناوچەکە، لانیکەم 44 کەس گیانیان لەدەستداوە، هاوکات تیمەکانی فریاگوزاری زیاتر لە 200 کەسیان رزگار کردووە.
دوای بارانێکی بەخوڕ لە گوندی چۆستیی ناوچەکە کە بووە هۆی لافاو و رۆچوونی زەوی. محەممەد ئیرشاد، بەرپرسێکی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان رایگەیاند، هێشتا لانیکەم 50 کەس بێسەروشوێنن و پێدەچێت زۆرێکیان لافاوەکە رایماڵیبن.
جیتێندرا سینگ، جێگری وەزیری زانست و تەکنەلۆژیای هیندستان، هۆشداریدا و رایگەیاند، ئەم کارەساتە "دەکرێت زیانی گیانیی گەورەی لێبکەوێتەوە."
بەرپرسان ئاماژەیان بەوەشکرد، لانیکەم 50 کەس لە رزگارکراوەکان، کە زۆربەیان لەژێر قوڕ و لیتەدا لە رێڕەوێکی ئاودا دۆزراونەتەوە، بە سەختی بریندار بوون و لە نەخۆشخانە ناوخۆییەکان چارەسەر وەردەگرن.
چۆستی، گوندێکی دوورەدەستی زنجیرەچیای هیمالایایە لە قەزای کیشتواری کشمیر و دوایین گوندە کە ئۆتۆمبێل پێی دەگات لەسەر رێگەی زیارەتێکی ساڵانەی هیندۆسەکانە بۆ پەرستگەیەکی شاخاوی لە بەرزیی 3000 مەتر.
ترس لەوە هەیە کە ژمارەیەکی زۆر لە زیارەتکاران زیانیان بەرکەوتبێت. بەرپرسان رایانگەیاندووە، زیارەتەکە راگیراوە و تیمی فریاگوزاریی زیاتر بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوتوون بۆ بەهێزکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی فریاکەوتن.
یەکەم کەسەکان کە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، گوندنشینان و بەرپرسانی ناوخۆیی بوون و دواتر پۆلیس و بەرپرسانی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان و هێزەکانی سوپا و سەربازیی هیندستان گەیشتنە شوێنەکە.
لافاوە وێرانکەرەکە چێشتخانەی سەرەکیی گشتیی زیارەتکارانی لەگەڵ دەیان ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلدا راپێچ کردووە. بەرپرسان ئاماژەیان بەوە کرد، کاتێک کارەساتەکە روویداوە، زیاتر لە 200 زیارەتکار لەناو چێشتخانەکەدا بوون. لافاوەکە هەروەها زیانی بە ژمارەیەکی زۆر خانوو گەیاندووە و رایماڵیون.
وێنە و ڤیدیۆکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، زیانێکی بەرفراوانیان لە گوندەکەدا نیشان داوە، کە تێیدا ئۆتۆمبێل و خانووی زۆر وێران بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ