بەشێک لە سوێدییەکان لە ترسی زیادبوونی تاوان دەنگیان بە پارتە دژەکۆچبەرەکان داوە

14-09-2022
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
هۆڵێکی جیاکردنەوەی دەنگەکان لە شاری ماڵمۆ، وێنە: Tim ARO / TT NEWS AGENCY / AFP
هۆڵێکی جیاکردنەوەی دەنگەکان لە شاری ماڵمۆ، وێنە: Tim ARO / TT NEWS AGENCY / AFP
A+ A-

رووداو - هەولێر

بەشی زۆری دانیشتووانی شارەوانیی خۆبۆ لە باشووری سوێد ترسیان لە تاوان هەیە و لە سەلامەتیی خۆیان بەگومانن. ئەوەش وایکرد کە دانیشتووانی ئەو شارە دەنگی پارتە دژە کۆچبەرەکان لە هەڵبژاردنەکانی سوێد بەرزبکەنەوە، چونکە میدیای سوێدی دەڵێت، زۆربەی تاوانەکان کۆچبەران دەیانکەن.
 
ئاندرۆڤ زەیەرشتام، هاووڵاتیی سوێدی گوتی: "ئێمە زیاتر لە ناوچەکانی دیکەی سوێد بەدەست کۆچبەرانەوە ئازارمان چەشتووە یاخود خێراتر لە ناوچەکانی دیکە. رێژەی تاوان رووی لە زیادبوونە."
 
مارگریتا کریسیانسن، هاووڵاتییەکی دیکەی سوێدییە و دەڵێت: "لە مالمۆ و لە هەموو شوێنێک تاوان و تەقە لەسەر دەستی چەتەکان زیادیانکردووە. من منداڵەکانم لە مالمۆ بوون، بردوومن بۆ دانیمارک و دەرەوەی وڵات. من خۆشم لە مالمۆ نەماوم."
 
سوێد کە هێمنترین وڵاتی ئەوروپا بوو، ئێستا مەترسیدارترینە لەڕووی تاوانەوە.
 
بەگوێرەی پۆلیسی سوێد، لەسەرەتای ساڵەوە تاوەکو ئێستا 273 رووداوی تەقەکردن روویانداوە، 47 کوژراو و 74 برینداریان لێکەوتووەتەوە. هاوکات 10 ساڵی رابردوو لە هەر ملیۆنێک کەس چوار کەس کوژراون، بەڵام سوێدییە بە بنەچە بیانییەکانی ئەو وڵاتە، ئەمە بە هەڵمەتێکی بەمەبەست بۆ لەکەدارکردنی کۆچبەران دەزانن.
 
وەزما مۆسامیم، خوێندکار باسی لەوە کرد: "کۆچبەر هەن خزمەت بە سوێد دەکەن. من بۆ پەرستاری دەخوێنم. لە داهاتوودا خزمەت بە سوێد دەکەم. ئامۆزاکانم پزیشکن، ئەوانیش خزمەت دەکەن و باج دەدەن و هەمووی بۆ سوێدییەکان دەڕوات، بەڵام ئەم خەڵكە ئەوە نابینن، ئەوان تەنیا یەک یا دوان دەبینن کە تاوان دەکەن و پێیانوایە کۆچبەران خراپن و دیموکراتەکانی سوێدیش باشترین بژاردەیە."
 
لە هەڵبژاردنی 11ی ئەیلوولی ئەمساڵ، دەنگی پارتە دژە کۆچبەرەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیانکرد. پارتی راستڕەوی تووندی دیموکراتەکانی سوێد چوار ساڵ لەمەوبەر 17.5٪ی دەنگی بەدەستهێنا، لە هەڵبژاردنی ئەمجارە گەیشتە 20.6٪ و بووە دووەم گەورەترین پارت لە وڵاتەکە. یەکێک لە درووشمەکانی بانگەشەی ئەو پارتە رێگریکردن بوو لە هاتنی کۆچبەران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە