عومەر شایان و رێکار عەزیز
رووداو - پەکین
بە بەشداریی دەیان میدیای نێودەوڵەتی، لەنێویاندا تۆڕی میدیایی رووداو، سێمیناری ساڵانەی گەنجانی پیشەگەری میدیا لە وڵاتانی تازەگەشەکردوو (Seminar for Young Media Professionals from Developing Countries) لە پەکینی پایتەختی وڵاتی چین دەستیپێکرد.
سێمینارەکە رۆژی 13-09-2023 تاوەکو 26-09-2023 بەردەوام دەبێت و لەلایەن گرووپی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی چین CICG رێکخراوە و وەزارەتی بازرگانیی چین پشتیوانیی دەکات.
ئامانج لە سێمینارەکە پەرەپێدانی دۆستایەتی و هاوکارییە لەنێوان چین و وڵاتانی تازە گەشەکردوو لە بواری راگەیاندندا.
چالاکییە سەرەکییەکانی سێمینارەکە بریتین لە گوتار، بینینی شوێنە مێژوویی و کولتوورییەکانی چین و پێشاندانی توانا و ئەزموونی چین لە چەندین رووەوە. هەروەها باسی سیاسەت و هەنگاوەکانی وڵاتی چین دەکرێت لە گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابووری، بەتایبەتی ئەو دەستکەوتانەی هەیبووە لەو کاتەوەی دەستی بە چاکسازی کردووە.
لە رۆژی یەکەمی سێمینارەکەدا فێنگ یین، جێگری بەڕێوەبەری راهێنانی نێودەوڵەتیی CICG IISAT؛ فانگ فێن، جێگری بەڕێوەبەری CICG IISAT و جۆن چوکوێمکا، سەرۆکی رۆژنامەی Daily Trustی نەیجیریا باسیان لە ئامانجی سێمینارەکە کرد و رایانگەیاند، ئەم سێمینارە رێگەیەکە بۆ ئاشناکردنی کولتوور و نەریتی چین بە وڵاتانی تازە پێگەیشتوو.
.jpg)
لە سێمینارەکەدا کتێبی رووداو لەلایەن عومەر شایان، بەرپرسی بەشی رووداو ستریم لە تۆڕی میدیایی رووداو و رێکار عەزیز، ئیدیتۆر لە دێسکی نێودەوڵەتیی رووداو پێشکێشی هەریەکە لە فانگ فێن، جێگری بەڕێوەبەری CICG IISAT و جۆن چوکوێمکا، سەرۆکی رۆژنامەی Daily Trustی نەیجیریا کرا.
.jpg)
لەکاتی پێشکێشکردنی کتێبەکەدا باسی تۆڕی میدیایی رووداو وەکو تۆڕێکی میدیایی جیهانی کرا کە ئەندامی کۆمەڵەی ئینێکسە و نوێترین تەکنەلۆژیای سەردەم لە بواری میدیادا بۆ گەیاندنی هەواڵ بە شێوەیەکی پڕۆفێشناڵانە بەکاردەهێنێت.
.jpg)
ئەوان خۆشحاڵیی خۆیان نیشاندا بەرامبەر بەشداریی رووداو لە سێمینارەکەدا و گوتیان، ئەوە بایەخێکی زۆرە بۆ سێمینارەکە و قورساییەکی زۆری بە سێمینارەکە بەخشیوە.
لە کۆتایی رۆژی یەکەم لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەی سێمینارەکەدا بەشداربووان وێنەیەکی بەکۆمەڵیان گرت.

لە رۆژی دووەمی سێمینارەکەدا سوون لیانگینگ، توێژەری یاریدەدەر لە پەیمانگەی ئابووریی جیهانی و سیاسەت لە ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵاتییەکان بۆ ماوەی سێ کاژێر لە رێگەی داتاشۆوە باسی دۆخی نیشتمانیی چین و کولتوورەکەی کرد.
سوون باسی لەوە کرد کە چۆن چین ئێستا پێشەنگە لەڕووی نەهێشتنی هەژاریدا، لە ساڵی 2022دا 800 ملیۆن کەسی لە هەژاری رزگار کردووە؛ گوتیشی، ئێستا چین کەمترین هەژاری لێیە بەراورد بە وڵاتانی جیهان.
سەبارەت بە سیاسەتی یەک منداڵی لە چین، سوون گوتی، لە سەدەی بیستەمدا زۆربەی خێزانەکان زیاتر لە دوو منداڵیان هەبوو، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەدا دەرکەوت ئەگەر لەدایکبوون بەم شێوەیە گەورە بێت، ئەوا گەشەپێدان لاواز دەبێت و گوزەرانی خەڵکیش سەخت دەبێت.
بە گوتەی سوون لیانگینگ، سیاسەتی یەک منداڵی لەسەر رای گشتی بنیاتنراوە؛ دانی بەوەشدا دانا کە "ژیان لە چین قورسە"، ئەمەش بەهۆی زۆریی ژمارەی دانیشتووان کە زیاترە لە 1.4 ملیار کەس.
.jpg)
گرووپی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی چین CICG لە تشرینی یەکەمی 1949 دامەزراوە، رێکخراوێکی تایبەتمەندە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە درێژترین پێشینە و گەورەترین پانتایی لەو وڵاتە. 22 لقی هەیە و بەرپرسی دوو ئەنجوومەنی نیشتمانییە لەو وڵاتە. هەروەها 26 لقی لە 14 وڵاتی جیهان هەیە وەک ئەمریکا، کەنەدا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، رووسیا، میسر، ئەفریقیای باشوور، مەکسیک، پیرۆ، ژاپۆن، تایلەند و هۆنگ کۆنگ.
CICG لە شەش بەشی سەرەکی کار دەکات وەکو بڵاوکراوە، ریکلام، میدیا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. ساڵانە زیاتر لە چوار هەزار کتێب بە زیاتر لە 40 زمانی جیاواز بڵاودەکاتەوە. هەروەها 36 گۆڤار بە زمانی جیاواز لە 180 وڵات و ناوچەی جیهان بڵاودەکاتەوە.
CICG IISAT ناوەندێکی فێرکاریی و پەروەردەییە کە راستەوخۆ لە ژێر چاودێریی CICG کار دەکات و بەشێکی گرنگی پڕۆژەی "ناساندنی چین بە جیهان"ـە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ