ناسا: بەشێوەیەکی زانستی مامەڵە لەگەڵ تەنە فڕیوە نامۆکان دەکەین

14-09-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ناسا رۆژی پێنجشەممە راپۆرتی خۆی لە بارەی تەنە فڕیوە نامۆکان بڵاوکردەوە، رایگەیاند تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکیان نەدۆزیوەتەوە لەسەر هەبوونی بوونەوەری ئاسمانی. ئاژانسەکە هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، لێکۆڵینەوە لە تەنە فڕیوە نامۆکان پێویستی بە تەکنیکی زانستیی نوێیە، لەوانەش مانگی دەستکردی پێشکەوتوو و گۆڕینی ئەو تێڕوانینەی کە بۆ ئەو تەنانە هەیە. 
 
تەنە فڕیوە نامۆکان ئەوانەن کە هەندێ کەس بانگەشە دەکەن بە چاوی خۆیان بینیویانە و دەڵێن بوونەوەری سەر ئەم زەوییە نین، بەڵکو بوونەوەری ئاسمانین، بەڵام هیچ دەزگایێکی سەربەخۆ نەیتوانیوە هەبوونی ئەو شتە پشتڕاستبکاتەوە. 
 
ناسا دوای ساڵێک لێکۆڵینەوە لە تەنە فڕیوە نامۆکان، رۆژی پێنجشەممە راپۆرتێکی بڵاوکردەوە. 
 
لە 33 لاپەڕەدا، تیمێکی سەربەخۆ کە لە لایەن ناساوە راسپێردراوە، هۆشداریدەدات کە ئەو تێگەیشتنە نەرێنییەی بۆ تەنە فڕیوە نامۆکان هەیە، بووەتە بەربەست لە بەردەم کۆکردنەوەی زانیاری لەسەریان. بەڵام دەشڵێن، بەشداربوونی ناسا لەم جۆرە لێکۆڵینەوانەدا وا دەکات ئەو بیرکردنەوە بێ بنەمایەی بۆ دیاردە نامۆکان هەیە، کەمبێتەوە. 
 
بیڵ نێڵسن، بەڕێوەبەری ناسا گوتی: "دەمانەوێت ئەو گفتوگۆیەی لەسەر تەنە فڕیوە نامۆکان دەکرێت، لە هەست و سۆزەوە بگۆڕین بۆ زانست."
 
بەرپرسان جەختیانکردەوە کە هیچ بەڵگەیەکیان نەدۆزیوەتەوە پێشانیبدات تەنە فڕیوە نامۆکان سەرچاوەیان لە دەرەوەی زەوی بێت. 
 
بەڵام نێڵسن گوتی، لەبەر ئەوەی ملیاران گەلەستێرە و هەسارە هەن، رەنگە زەویێکی دیکە هەبێت. 
 
نێڵسن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا گوتی: "ئەگەر لە من دەپرسی، ئایا بڕوام بەوە هەیە کە ژیان لە گەردوونێکدا هەبێت کە هێندە گەورەیە کە من ناتوانم وێنای بکەم، ئەوا وەڵامی من، بەڵێیە."
 

کاتێک کە پرسیاری لێ کرا سەبارەت بەوەی ئایا ئەمریکا یان حکومەتەکانی دیکە بوونەوەرە ئاسمانییەکان یان کەشتییەکانیان دەشارنەوە، نێڵسن وەڵامیدایەوە: "بەڵگەم پێشاندەن."
 
ناسا رایگەیاندووە، کە دەزگاکەیان چالاکانە بە دوای ئەو دیاردانەوە ناڕوات کە شیکردنەوەیان نییە. بەڵام چەندین مانگی دەستکردی لە خوولگەی زەویدا هەیە کە دەتوانن هاوکاربن لە دۆزینەوەی ئەوەی، بۆ نموونە، دەکرێت کەشوهەوا هۆکاری دروستبوونی ئەو دیاردانە بێت یان نا. 
 
ئەو دەستەیەی کە راپۆرتەکەی ئامادەکردووە، لە 16 کەس پێکدێت، ئاماژەیان بەوە کرد کە ژیریی دەستکرد و فێربوونی ئامێرەکان پێویستە لە دەستنیشانکردن و تێگەیشتن لە رووداوە تەموومژاوییەکاندا بەکاربهێنرێن. 
 
ناسا بەم دواییانە بەڕێوەبەرێکی بۆ لێکۆڵینەوە لە تەنە فڕیوە نامۆکان دەستنیشانکرد، بەڵام ناسنامەکەی بە نهێنی هشتووەتەوە بۆ ئەوەی لەو هەراسانکردن و هەڕەشانە بیپارێزێت کە ئاراستەی 16 ئەندامەکەی دەستەکە کراون. 
 
دان ئیڤانز، هاوئاهەنگیکاری ناسا لە نێو دەستەکەدا، گوتی: "ئەوە بەشێکی هۆکارەکەیە کە ئێمە ناوی بەڕێوەبەرە نوێیەکەمان ئاشکرا ناکەین چونکە پێویستە زانست ئازاد بێت. پێویستە زانست بە پڕۆسەیەکی راستەقینە و ورد و ژیرانەدا بڕوات، بۆ ئەوەش پێویستت بە ئازادیی بیرکردنەوە دەبێت."
 
هیچ بەڵگەنامەیەکی ئەوپەڕی نهێنی نەخرابوونە بەردەم تیمەکە، کە لە زانایان، پسپۆڕانی فڕۆکەوانی و ژیریی دەستکرد و سکۆت کێڵی، ئاسمانەوانی خانەنشینی ناسا کە یەکەمین ئەمریکییە نزیکەی ساڵێک لە ئاسماندا مابێتەوە، پێکهاتبوو. 
 
لە بری ئەوە، تیمەکە پشتی بە داتا ئاشکراکراوەکان بەست بۆ ئەوەی باشتر لە دیاردە بینراوە شینەکراوەکان تێبگەن. 
 
بەرپرسان دەڵێن، دیمەن و بەڵگەنامەی کوالیتی بەرزی تەنە نامۆکان هێندە کەمن کە ناتوانرێت هیچ ئەنجامێکی لێ دەربهێنرێت. 
 
دەیڤد شپیرگل، سەرۆکی دەستەکە و سەرۆکی دامەزراوەی سیمنز کە گرووپێکی لێکۆڵینەوەیەکی زانستییە، ئاماژەی بەوە کرد کە زۆربەی رووداوەکان دەکرێت بگەڕێندرێنەوە بۆ فڕۆکە، درۆن، باڵۆن یانیش دیاردەی کەشوهەوا. 
 
ئەو لێکۆڵینەوەیە ساڵێک لەمەوبەر دەستی پێ کرابوو و تێچووەکەی کەمتربووە لە 100 هەزار دۆلار. 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە