لە لەندەن گەورەترین خۆپێشاندان لەدژی کۆچبەران کرا

14-09-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راستڕۆ و دژە کۆچبەرانی بەریتانیا گەورەترین خۆپێشاندانیان لە مێژووی نوێی وڵاتەکەیان کرد و داوای تووندکردنی رێکارەکان بەرامبەر بە کۆچبەران و دەرکردنی پەناخوازان و راگرتنی وەرگرتنی کۆچبەری نوێ دەکەن. 

رۆژی شەممە، دەیان هەزار خۆپێشاندەر شەقامەکانی نێوەڕاستی لەندەنیان پڕکرد. خۆپێشاندانەکە لەلایەن تۆمی رۆبنسۆن، چالاکڤانی دژە کۆچبەر و راستڕۆی ناسراوی بەریتانیا رێکخرابوو، گرژی و ئاڵۆزیی لێکەوتەوە و دواتریش پێکدادان لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزەکانی پۆلیس روویدا، بەهۆیەوە 26 ئەفسەر و پۆلیس بریندار بوون.
 
"بیاننێرنەوە ماڵەوە"
 
پۆلیسی لەندەن رایگەیاند، خۆپێشاندانی "یەکگرتنی شانشین"، بە واتای ئەوەی پێویستە بەریتانیا لەدژی چوونی کۆچبەران و کەسانی بیانی یەکگرتوو بن، نزیکەی 150 هەزار کەس تێیدا بەشداربوون، هەرچەندە رێکخەرانی خۆپێشاندانەکە ژمارەیەکی زیاتریان باس دەکرد. 
 
خۆپێشاندەران ئاڵاکانی ئینگلتەرا و بەریتانیایان هەڵگرتبوو، لەگەڵ بەرزکردنەوەی هوتاف و دروشمەکانی وەک "بیاننێرنەوە ماڵەوە"، وەکو ئاماژەیەک بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتانی خۆیان و دروشمی دژە حکومەت و کیەر ستامەری سەرۆکوەزیران. 
 
لە لایەکی دیکەوە، نزیکەی پێنج هەزار کەس لەدژی خۆپێشاندانی راستڕۆ و کۆچبەران، خۆپێشاندانێکیان لەنزیک خۆپێشاندانە فراوانەکە لەژێر دروشمی "رووبەڕووبوونەوەی رەگەزپەرستی" کرد و پۆلیس هەوڵی دا ئەو دوو گروپە لە یەکتر جیا بکاتەوە بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی هەر گرژیی و پێکدادان لەنێوانیان.
 
"دروستبوونی پشێویی"
 
دوای فراوانبوونی خۆپێشاندانەکان، خۆپێشاندەران هەوڵیاندا بەربەستەکانی پۆلیس بشکێنن، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزیی لەگەڵ پۆلیس.
 
هێزەکانی پۆلیسیش رایانگەیاند، خۆپێشاندەران بە مۆلۆتۆف و بوتڵ رووبەڕووی هێزەکانیان بوونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی برینداربوونی 26 ئەفسەری پۆلیس، لەوانە چواریان برینەکانیان سەختە. 
 
مات تویست، بەرپرسی پۆلیسی لەندەن بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "هیچ گومانێک لەوەدا نییە زۆرێک لە خۆپێشاندەران هاتبوون بۆ جێبەجێکردنی مافی یاسایی خۆیان بۆ خۆپێشاندان، بەڵام ژمارەیەکی دیکەش هاتبوون بە مەبەستی تیكدانی دۆخەکە و دروستبوونی توندوتیژی."
 
"بڵاوەپێکردنی هێز بەتەواوی لەندەن دا"
 
لە ئەنجامی توندوتیژییەکاندا، پۆلیس بە تۆمەتی جۆراوجۆر 25 کەسی دەستگیر کرد و هۆشداری دا ئەمە "تەنیا سەرەتایە" و بەڵێنی دۆزینەوە و مامەڵەکردنی تووندی لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەدا کە لە توندوتیژییەکاندا بەشدار بوون.
 
دواتر بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، پۆلیسی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی ئەمنیی کرد و تێیدا زیاتر لە هەزار ئەفسەر بە تەواوی شاری لەندەن دا بڵاوەپێکرابوون، لەگەڵ 500 ئەفسەری دیکە کە لە شارەکانی دیکەوە بۆ هاوکارییکردنی پۆلیسی لەندەن هێنرابوون.
 
"پشتگریی ئیلۆن مەسک لە دژی کۆچبەران"
 
تۆمی رۆبنسۆن لە گوتارێکدا بۆ لایەنگرانی و خۆپێشاندەران رایگەیاند "ئەمە سەرەتای شۆڕشێکی کولتووریی گەورەیە لە تەواوی بەریتانیا" و بە "شەپۆلێکی فراوانی نیشتمانپەروەری" وەسفی کرد. 
 
سەرنجڕاکێشتر لەوەش، ئیلۆن ماسک، سەرمایەدار و دەوڵەمەنترین کەسی جیهان، لە رێگەی ڤیدیۆوە قسەی بۆ خۆپێشاندەران کرد و داوای گۆڕینی حکومەتی بەریتانیای کرد و ئاماژەی بەوەدا، خەڵکی بەریتانیا ترسیان هەیە لە بەرتەسککردنەوەی ئازادیی رادەربڕین.
 
"بەسیاسەتکردنی پرسی کۆچبەران"
 
بەڕێوەچوونی ئەم خۆپێشاندانانە لەکاتێکدایە، پرسی کۆچبەری بووەتە بابەتێکی سەرەکی لە گۆڕەپانی سیاسیی بەریتانیادا و نیگەرانییەکانی خەڵکی لەبارەی لاوازبوونی باری ئابووریی ئەو وڵاتەش لەبیربردوونەتەوە. 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی بەریتانیا، تەنیا ئەم ساڵ، زیاتر لە 28 هەزار کۆچبەر بە بەلەمە بچووکەکان و لەڕێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە بە نایاسایی خۆیان گەیاندووەتە نێو ئەو وڵاتە، ئەمەش گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر سیاسەتەکانی حکومەت تایبەت بە کۆچبەران.
 
پارتە سیاسییەکان و بە تایبەت پارتی ریفۆرمی بەریتانیا کە پارتێکی راستڕۆی دژە کۆچبەرە و لەدوایین هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەدا دەنگێکی زۆری بەدەست هێنا و لەمدواییانەشدا پێشکەوتنی بەرچاوی لە راپرسییەکاندا بەدەست هێناوە، لە ئەگەری هاتنەسەر دەسەڵاتیان هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ و تووندکردنی رێکارەکان و داخستنی سنوورەکانی بەریتانیا دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە