رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی 13-10-2023 لە ئەڵمانیا رۆژێکی چارەنووسساز بوو بۆ زۆر کۆچبەر کە مەترسیی دیپۆرتکردنەوەیان لەسەرە. کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەنێوان وەزیرانی نێو حکومەتەکەی ئۆلاف شۆڵتزی راوێژکاری ئەڵمانیا و سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەڵمانی هەیە کە ئامانج لێی گۆڕینی ریشەیی سیستمی کۆچبەریی ئەڵمانییە.
زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو کە ئاگاداری گۆڕانکارییەکانە لەسەر پرسی کۆچبەری لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە میوانی دیاسپۆرا بوو و گوتی، "گۆڕانکاریی ریشەیی لە سیاسەتی کۆچبەری لە ئەڵمانیا روودەدەن، چونکە حکومەت و حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان لەسەر سیاسەتی کۆچبەری رێککەوتوون بە پڕۆژەیەکی 14 لاپەڕەیی، گرنگترین خاڵیش تێیدا ئەوەیە کە دەبێت کۆچبەریی نایاسایی لە ئەڵمانیا کەمبکرێنەوە، ئەمەش واتای ئەوەیە بەشێک لە کۆچبەران دیپۆرت دەکرێنەوە، کە تەنیا لە نۆ مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە 250 هەزار کۆچبەری نایاسایی هاتوونەتە ئەڵمانیا و ئێستا شارەوانییەکان خەریکی ئامادەکارین بۆ زستان و بەهۆی نەبوونی شوێن دەیانەوێت چادر بۆ کۆچبەران هەڵبدەن."
لەبارەی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران بەپێی رێککەوتنەکە، زنار شینۆ گوتی، "لەمەودوا ئەوانەی کە تەنیا مافی مانەوەیان 5%یە راستەوخۆ دیپۆرتی وڵاتەکانیان دەکرێنەوە، هەروەها ئەوانەی دیکەش کە رێژەکەیان کەمێک زیاترە زیندانی دەکرێن، کە ماوەکەی لە 10 بۆ 28 رۆژ درێژکراوەتەوە، بۆئەوەی کۆچبەرەکە ناچار بکەن و خۆی داوای گەڕانەوە بکات."
سەبارەت بە کۆچبەرە عێراقییەکان، زنار شینۆ دەڵێت، "حکومەتی ئەڵمانیا گوشارێکی زۆر لە عێراق دەکات بۆئەوەی کۆچبەرانی وەربگرێتەوە، تەنانەت بە هەندێك لە پەرلەمانتارانی عێراقی گوتووە، ئەگەر رازی نەبن بە وەرگرتنەوەی کۆچبەرانتان ئەوا لە داهاتوودا ئەڵمانیا ڤیزای گەشتکردن بە ئێوە نادات، ئەمەش نەک بۆ ئەو کۆچبەرانەیە کە ئێستا لە ئەڵمانیان، بەڵکو بۆئەوەی چیدی کۆچبەر لە عێراقەوە نەیێنە ئەڵمانیا."
سەبارەت بە هاوکاریی ماددی کۆچبەران، زنار شینۆ ئەوەی خستەڕوو، "لە ئەمشەوەوە [شەوی هەینییەوە] کۆچبەر ناتوانێت پارە لە بانکەکان وەربگرێت و حکومەت چیدی پارە بە راستەوخۆ ناداتە کۆچبەران، هەروەها خزمەتگوزاری پزیشکیش بۆ کۆچبەران سنووردار دەکرێت و هەروەها دەبێت کاری بە ناچاریش بکەن، جگە لەمانەش بڕیار دەدرێت سنوورەکانی ئەڵمانیا تووندتر بکرێن و هەروەها لەوانەیە سنوورەکانی ئەوروپاش زۆر تووند بکرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ