رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا سەرکردەکانی جیهان بۆ تاوتوێکردنی رێگاکانی هێورکردنەوەی گرژییەکان و هێنانەدیی ئاشتی لە کەرتی غەززە کۆببوونەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە بابەتی سەرەکیی لووتکەکە لایدا و سەرنجی خستە سەر جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و بە "جوان" وەسفی کرد.
لە "لووتکەی ئاشتی بۆ غەززە" کە رۆژی دووشەممە، 13ی تشرینی یەکەمی 2025 لە شاری شەرم شێخی میسر بەڕێوەچوو، مێلۆنی، تاکە سەرکردەی ژن بوو لەسەر سەکۆی شانۆکە لەنێو دەیان سەرکردەی دیکەدا، لە پشتی ترەمپەوە وەستابوو.
ترەمپ کە بە لێدوانە مشتومڕاوییەکانی ناسراوە، لە ناوەڕاستی قسەکانیدا لەبارەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەراست، وەستا و گوتی: "رێگەم پێنادرێت ئەمە بڵێم، چونکە زۆرجار ئەگەر ئەم قسەیە بکەیت، ئەوە کۆتایی ژیانی سیاسیی تۆیە. ئەو ژنێکی گەنجی جوانە."
ترەمپ، کە سێ جار هاوسەرگیریی کردووە، دانی بەوەدا نا کە رەنگە لێدوانەکەی وەکو سێکسیزم لێکبدرێتەوە، بەڵام بەردەوام بوو و گوتی: "لە ئەمریکا، ئەگەر وشەی 'جوان' بۆ ژنێک بەکاربهێنیت، ئەوە کۆتایی ژیانی سیاسیی تۆیە، بەڵام من ئامادەم ئەم مەترسییە قبووڵ بکەم."
دواتر، ترەمپ ئاوڕی دایەوە و رووی لە مێلۆنیی تەمەن 48 ساڵ کرد و لێی پرسی: "کێشەت نییە پێت بگوترێت جوان، وایە؟ چونکە تۆ جوانیت."
لەبەر ئەوەی ترەمپ پشتی لە کامێراکان بوو، کاردانەوەی دەستبەجێی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بە روونی دەرنەکەوت.
ترەمپ درێژەی بە ستایشکردنی مێلۆنیدا و بە "ناوازە" و "سیاسەتمەدارێکی زۆر سەرکەوتوو" ناویبرد. ئاماژەی بەوەشکرد کە مێلۆنی، کە لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە لە پرسەکانی وەکو کۆچ و پاراستنی کولتووردا هاوبیرە و "لە ئیتاڵیا بەڕاستی رێزی لێدەگیرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ