سوپا دەسەڵاتی ماداگاسکاری گرتەدەست و سەرۆک متمانەی لێسەندرایەوە

14-10-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای چەندین هەفتە لە خۆپێشاندانی جەماوەری و قەیرانێکی سیاسیی قووڵ، یەکەیەکی سوپای ماداگاسکار رایگەیاند، دەستی بەسەر دەسەڵاتی وڵاتەکەدا گرتووە. هاوکات پەرلەمانتاران بە زۆرینەی دەنگ متمانەیان لە ئاندری راجۆلینای سەرۆکی وڵات سەندەوە.
 
لە دیمەنێکدا کە پایتەختی وڵات، ئانتاناناریڤۆی هەژاند، کۆلۆنێل مایکڵ راندریانیریانا، فەرماندەی یەکەی سەربازیی کاپ سات (CAPSAT) لە دەرەوەی کۆشکی سەرۆکایەتی راگەیێندراوێکی خوێندەوە و هەڵپەساردنی دەستوور و گرتنەدەستی دەسەڵاتی راگەیاند.
 
ئەم یەکەیە هەمان ئەو هێزە بوو کە چەند رۆژێک لەمەوبەر چووە پاڵ خۆپیشاندەران و پشتیوانیی خۆی بۆ داواکارییەکانیان دەربڕی.
 
کۆلۆنێل راندریانیرینا رایگەیاند، "لیژنەیەکی تایبەت بە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات پێکدەهێندرێ کە لە ئەفسەرانی سوپا، سەرباز و پۆلیسی نیشتمانی پێکدێ؛" ئاماژەی بەوەشدا کە "رەنگە لە داهاتوودا راوێژکاری باڵای مەدەنیش لەخۆبگرێ." 
 
راندریانیرینا گوتی، "دەبێت ئەم لیژنەیە کارەکانی سەرۆکایەتی بەڕێوەببات و لە چەند رۆژی داهاتوویشدا حکومەتێکی کاتیی مەدەنی پێکدەهێنین."
 
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، ئاهەنگ و خۆشی شەقامەکانی پایتەختی گرتەوە. خەڵک بە چەپڵە و دەست هەڵبڕین پێشوازییان لە هەمەر و زرێپۆشەکانی یەکەی کاپ سات کرد کە بەنێو شاردا دەگەڕان.
 
لە بەرامبەردا، نووسینگەی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە لە راگەیێندراوێکدا ئەم رووداوەی بە "کردەیەکی روونی هەوڵی کودەتا" ناوبرد و بە تووندی سەركۆنەی کرد. 
 
هاوکات پەرلەمانتاران بە 130 دەنگی "بەڵێ" لەکۆی 163 پەرلەمانتارەکەی وڵات متمانەیان لە راجۆلینا سەندەوە.
 
دەنگدانەکە سەرەڕای هەوڵێکی سەرۆکایەتی بۆ رێگریکردن لە دانیشتنەکە ئەنجامدرا. سەرۆکایەتیی وڵات هەوڵی دا لە رێگەی دەرکردنی فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانەوە رێگری لە دانیشتنەکە بکات. دواتر دادگەی دەستووریی وڵاتەکە رەوایەتی بە لێسەندنەوەی متمانەکە دا و دەسەڵاتی نوێی سەربازی پشتڕاستکردەوە.
 
راجۆلینای تەمەن 51 ساڵ، کە هەڵگری وڵاتینامەی فەرەنسایشە، درەنگانی شەوی دووشەممە لە گوتارێکدا داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانی بۆ دەستلەکارکێشانەوە رەتکردەوە. 
 
راجۆلینا لە شوێنێکی نادیارەوە قسەی کرد و گوتی لە "شوێنێکی ئارامە بۆ پاراستنی ژیانی،" بەڵام روونیکردەوە کە دەستلەکارناکێشێتەوە و رایگەیاند، "لە هەوڵدام بۆ دۆزینەوەی چارەسەر" بۆ قەیرانی سیاسیی وڵات.
 
شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لە 25ی ئەیلوول بەهۆی کەمبوونەوەی کارەبا و ئاو دەستیپێکرد، بەڵام بە خێرایی پەرەیان سەند و بوونە هەڵمەتێکی فراوان دژی گەندەڵی و شێوازی بەڕێوەبردن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە