رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزیری دەرەوەی مالیزیا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لووتکەی داهاتووی وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، بەشداری لە رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنێکی ئاشتی لەنێوان تایلەند و کەمبۆدیا دەکات.
گرژییەکانی نێوان تایلەند و کەمبۆدیا لە مانگی تەممووزدا بوونە هۆی سەرهەڵدانی خوێناویترین پێکدادانی سەربازی لە ماوەی دەیان ساڵدا، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 40 کەس کوژران و نزیکەی 300 هەزار کەسیش ئاوارە بوون.
هەردوولا دوای 5 رۆژ لە شەڕ، لەسەر ئاگربەستێک رێککەوتن کە بەشێکی بە نێوەندگیریی ترەمپ بوو، بەڵام لەوکاتەوە بەردەوام یەکدی بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە تۆمەتبار دەکەن.
محەممەد حەسەن، وەزیری دەرەوەی مالیزیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە کوالالامپوور بە رۆژنامەڤانانی گوت، "دۆناڵد ترەمپ چاوەڕێی ئەوەیە شایەتحاڵی رێککەوتنی ئاشتیی نێوان تایلەند و کەمبۆدیا بێت."
بڕیارە سەرۆکی ئەمریکا بەشداری لە لووتکەی کۆمەڵەی وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا (ئاسیان) بکات، کە لە 26 تاوەکو 28ی تشرینی یەکەم لە پایتەختی مالیزیا بەڕێوەدەچێت.
هون مانێت، سەرۆکوەزیرانی کەمبۆدیا رایگەیاندووە کە سەرۆکی ئەمریکای بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەربژێر کردووە و ستایشی "دیپلۆماسیی داهێنەرانە"ی کردووە کە کۆتایی بە پێکدادانەکان هێنا.
هەفتەی رابردوو، ئانوتین چارنڤیراکول، سەرۆکوەزیرانی تایلەند رایگەیاند، نامەیەکی لە ترەمپەوە پێگەیشتووە و تێیدا سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، دەیەوێت ئەو دوو دراوسێیە ناتەبایە گرژییەکانیان چارەسەر بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ