رووداو دیجیتاڵ
فیلمی 09 لە دانیمارک پیشاندرا، خەڵکی باشووری کوردستان و ئەکتەر و کەسانی ناسراو کە رۆڵیان لە فیلەمەکەدا گێڕاوە هۆڵی سینەمایان پڕکردووە.
کەیسی ژمارە 09 لە لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکانی کوردستان، فیلمەکە لە دەرهێنانی بەختیار فەتاحە کە چیرۆکی سەرەکی فیلمەکە تاوان و رێکخستن و بازرگانیکردنە بە جەستەی مرۆڤ.
ماهیر حەسەن، ئەکتەری دیاری کورد جیاواز لە رۆڵی ئەو کە زۆربەی تەنز و کۆمیدییە، لەو فیلمەدا ئەفسەری لێکۆڵینەوەیە.
ماهیر حەسەن، ئەکتەری کورد لە فیلمی 09 بە رووداوی راگەیاند " کاری هونەرمەندە کاتێک رۆڵێکی پێ دەسپێردرێت و بە جوانی بەرجەستەی بکات، منیش بە کاری خۆمم زانیوە و هیچ کاتێکیش نەترساوم، خۆشبەختانە لەو فیلمەدا سوپرایزێکی زۆر گەورە بوو بۆ من و خۆشحاڵم کە رۆڵم لەو فیلمەدا گێڕا."
سیروان جەمال، رۆڵێکی شەڕانگێز و سەرۆکی باندێکە لەو فیلمەدا هەیە و دەڵێت " ئەکشنێکی ئاوا هونەری جوان و لە دراوسێکانەوە کەست نەهێنابێت و هەموویان کوردن، ئێمە شانازی بەوەوە دەکەین کە هەمووی هی کوردستانە و سەرەتایەکی زۆر باشە بۆ ئێمە."
بەپێی قسەی ئافرەتێک کە رۆڵی سەرەکی لە فیلمەکەدا هەیە، رووداوی فیلم لە کوردستان و ناوچەکە هەنە، بەڵان دەبێت کەم باسی ئەوانە کرابێت.
ژاڵە رەسوول، ئەکتەری سەرەکی فیلمی 09 بە رووداوی راگەیاند " لەم فیلمەدا پەنجەمان خستووەتە سەر بابەتێک کە رەنگە لە کوردستان کەمتر باسبکرێت وەک لەو وڵاتانی دیکە، بەڵام هەیە. هەر لە بوارێکەوە کە لیزا لە کارەکتەری خۆیدا هەیە هەمووی هەیە و بەڵام رەنگە نەتوانین باسی بکەین."
بینەری فیلمەکە دڵخۆشن و بە جیاواز ناوی دەهێنن و دەڵێن، لە فیلمی کوردیدا زۆر فیلمی کەم بەمشێوەیە هەن.
دەرهێنەری فیلمەکە لە دانیمارک ئامادەنەبوو، بەڵام زانیار فەتاح، بەڕێوەبەری سینەماتۆگرافی و لاین پرۆدیوسەری فیلمی 09دەڵێت، پێویستە بینەری کوردی لەگەڵ سینەمای کوردی ئاشتبکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ