دایکی گەنجێکی کورد کۆنفرانسێک لەبارەی نەژادپەرستی و ئاوێتەبوون لە ئەڵمانیا سازدەکات

14-11-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
وێنەی ئەو گەنجەی کە ساڵی 2020 کوژراوە
وێنەی ئەو گەنجەی کە ساڵی 2020 کوژراوە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

"دەستپێشخەریی پەروەردەی فەرهاد ئونڤار" لە ئەڵمانیا کە لەلایەن دایکی ئەو گەنجە کوردەوە دامەزراوە لە هێرشێکی نەژادپەرستانەدا لە ساڵی 2020 کوژرا، کۆنفرانسێکی رێکخست بۆ تاوتوێکردنی پرسی نەژادپەرستی و داهاتووی گەنجانی پەناخواز و پەنابەر لەو وڵاتە.
 
کۆنفرانسەکە رۆژی هەینی، 14ی تشرینی دووەم، بە درووشمی "داهاتوو بۆ کێیە؟" بەڕێوەچوو کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی دەستپێشخەرییەکە لە ساڵی 2020 و رۆژی لەدایکبوونی فەرهاد ئونڤاری کۆچکردوو.
 
سەرپیل ئونڤار، دایکی فەرهاد و دامەزرێنەری دەستپێشخەرییەکە، بە مەی دۆست، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "من ئەم کارە بۆ گەنجان دەکەم و زۆر شانازی پێوە دەکەم. دەمەوێ بە گەنجانی خاوەن پاشخانی کۆچبەری بڵێم، ئێوە دەنگتان بیستراوە."
 
لە بەشێکی سەرەکیی کۆنفرانسەکەدا، پانێڵێک بۆ ژمارەیەک گەنجی خاوەن پاشخانی کۆچبەری رێکخرا کە تێیدا باسیان لە داهاتووی خۆیان و هاودۆزەکانیان لە ئەڵمانیا کرد. دوو گەنجی کورد لەنێو پانێڵیستەکاندا بوون. یەکێکیان گەنجێکی کوردی ئێزدی بوو کە لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014 تەمەنی تەنیا 11 ساڵ بووە.
 
ناتالی پاولک، کۆمیسیاری حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا بۆ کاروباری کۆچبەران، پەنابەران و ئاوێتەبوون، لەگەڵ کلاوس کامینسکی، سەرۆکی گەورەشارەوانیی هاناو، ئامادەی کۆنفرانسەکە بوون و گوتاریان پێشکێش کرد.
 
لە کۆتایی بۆنەکەدا، هونەرمەندی کورد، مەهمەد ئاکباش، پارچە میوزیکێکی پێشکێش کرد.
 
رۆژی 19ی شوباتی 2020، کەسێکی راستڕۆی تووندڕۆی ئەڵمانی بەناوی تۆبیاس راتیەن، لە شاری هاناو لە نزیک فرانکفۆرت، هێرشی کردە سەر دوو کافتریا و نۆ کەسی کوشت کە دوانیان کورد و بەشێکی دیکەیان تورک بوون. دواتر هێرشکارەکە گەڕایەوە ماڵەوە و دوای کوشتنی دایکی، خۆیشی کوشت. فەرهاد ئونڤار یەکێک بوو لە قوربانییەکانی ئەو هێرشە نەژادپەرستانەیە کە ئەو کاتە تەمەنی 23 ساڵ بوو. 
 
هەوڵەکانی حکومەتی ئەڵمانیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەژادپەرستی
 
حکومەتی ئەڵمانیا دەیەوێ بە شێوازێکی نوێ رووبەڕووی نەژادپەرستی ببێتەوە و بۆ ئەم مەبەستە کار لەسەر پلانێکی نوێ دەکات بە ناوی (پلانی کاری نیشتمانی دژی نەژادپەرستی).
 
دوای بەشداریکردنی لە کۆنفرانسەکە، نووسینگەی پاولک رایگەیاند: "ئێمە کار لەسەر پلانێکی نوێ دەکەین بۆ ئەوەی رێکارەکانی دژی نەژادپەرستی بەهێزتر بکەین."
 
پێشتر تیمێکی پسپۆڕ پێناسەیەکی نوێیان بۆ نەژادپەرستی داناوە. بەپێی پێناسەکە، نەژادپەرستی بریتییە لە "پۆلێنکردنی خەڵک لەسەر بنەمای شێوەی دەرەوە، کولتوور، رەچەڵەک یان ئایین و پاشان بڕیاردان لەسەر ئەوەی کام گرووپ باڵادەستە و کام گرووپ کەمترە."
 
ئامانج لەم پێناسەیە ئەوەیە کە فەرمانبەرانی حکومەت باشتر لە کێشەکە تێبگەن و بتوانن لە کارەکانیاندا بە شێوەیەکی باشتر رووبەڕووی ببنەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا کە بە ناوی پاولک بڵاوکراوەتەوە، جەخت لەوە کراوەتەوە کە "نەژادپەرستی چیدیکە کێشەیەکی پەراوێزخراو نییە" و رایگەیاند، لە ئەڵمانیادا لە هەر 75 خولەک، تاوانێکی رەگەزپەرستانە روودەدات، بۆیە دەبێت قوربانییەکان باشتر بپارێزرێن.
 
بڕیارە پلانە نوێیەکە لە ساڵی 2027دا ئامادە بێت و کاری پێبکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا