رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی، دادگەی برۆکسل سزای زیندانیی تاهەتایی بۆ چەکدارێکی داعشی بەلجیکی دەرکرد، وێڕای ئەوەی گومان دەکرێ چەکدارەکە لە سووریا کوژرابێت.
دادگاییکردنەکە بەشێوەی ئامادەنەبوونی تۆمەتبار بەڕێوەچوو.
ئەوە یەکەمین جار بوو لە بەلجیکا کەسێک لەسەر تاوانی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی دادگایی بکرێت.
سامی جەدوو، کە لە کاتی رووداوەکاندا چەکداری داعش بووە، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە بە "جینۆساید" تاوانبارکرا بەهۆی ئەوەی دەستی لە کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدیدا هەبووە.
هەروەها بە "تاوانی دژی مرۆڤایەتی" تاوانبار کرا، بەهۆی رفاندن، لێدان، دەستدرێژیی سێکسی و بەکۆیلەکردنی 3 ژنی کوردی ئێزدی لەنێوان کۆتایی ساڵی 2014 و کۆتایی 2016.
دوای دەرچوونی بڕیاری تۆمەتبارکردنی لە ئێوارەی پێنجشەممە و بەپێی راسپاردەکانی داواکاری گشتی، رۆژی هەینی دانیشتنێکی دیکە بۆ دیاریکردنی سزاکەی لە دادگای تاوانەکانی برۆکسل بەڕێوەچوو، کە ماوەی هەشت رۆژ بوو چەکدارەکە تێیدا دادگایی دەکرا.
ئۆلیڤیا ڤینێت، پارێزەری دوو ژنی کوردی ئێزدی کە وەک لایەنی سکاڵاکار لە دادگاییکردنەکەدا بەشداربوون، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "هەرچەندە سزا بە تەنیا بۆ چارەسەرکردنی شۆک و ئازارەکان بەس نییە، بەڵام سەپاندنی تووندترین سزا رێگەیەکە بۆ داننان بە قەبارە و قورسیی ئەو دەستدرێژییەی بەرامبەریان کراوە."
پێنتاگۆن لە کانوونی یەکەمی 2016 رایگەیاند، سامی جەدوو لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە رەققەی سووریا کوژراوە، کە ئەو کاتە پایتەختی خەلافەتی داعش بوو. بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەنامەی مردن بۆ سەلماندنی یاسایی، دامودەزگەکانی بەلجیکا بڕیاریاندا لەسەر ئەو تاوانانەی تۆمەتبارە پێی، دادگایی بکەن.
پێش بەلجیکا، سێ وڵاتی دیکەی ئەورووپی - ئەڵمانیا، هۆڵەندا و سوێد - لە ساڵی 2021ـەوە چەکدارانی داعشیان دادگایی کردووە و بەهۆی بەشداریکردنیان لەو جینۆسایدەدا سزایان داون.
لێکۆڵینەوەکانی دژەتیرۆری بەلجیکا پشتیان بە قسەی ئەو گەواهیدەرانە بەستووە کە لەلایەن رێکخراوە ناحکومییەکان و رۆژنامەڤانانەوە لە ناوچەی جەنگ و دوای رووخانی دوا پێگەی داعش لە باغۆزی سووریا لە ساڵی 2019 کۆکراونەتەوە. لە رێگەی ئەم لێکۆڵینەوانەوە، ناسنامەی سێ ژنی کوردی ئێزدی ئاشکرا کرا کە قوربانیی دەستی سامی جەدوو بوون، دووانیان وەک لایەنی سکاڵاکار لە دادگە گەواهییان دا.
بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەزاران ژن و کچی کوردی ئێزدی لە ئابی 2014 رووبەڕووی دەستدرێژی، رفاندن و مامەڵەی نامرۆڤانە لەسەر دەستی داعش بوونەوە، لەنێویاندا بەکۆیلەکردن. سەدان پیاوی کوردی ئێزدیش لە لایەن رێکخراوە پەڕگیرەکەوە کۆمەڵکوژ کران.
بڕیارە دادگاییکردنێکی دیکە لە پاریس لە مانگی ئاداری 2026 بەڕێوەبچێت کە یەکەمین دادگایی دەبێت لە فەرەنسا سەبارەت بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی، ئەویش چەکدارێکی دیکەی داعش دەکاتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ