ئەڵمانیا پلانێکی نوێ بۆ خزمەتی سەربازی دادەنێت

14-11-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هاوپەیمانیی ئەڵمانیا، دوای چەندین مانگ لە گفتوگۆ و کێشمەکێشی چڕی نێوان هێزە سیاسییەکانی پێکهێنەری، لەسەر پلانێکی نوێی خزمەتی سەربازی رێککەوتووە، کە ئامانج لێی زیادکردنی ژمارەی سەربازانی سوپای وڵاتەکەیە (بوندسڤێر) وەکو وەڵامێک بۆ زیادبوونی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان لە ئەورووپا.
 
پلانی نوێی خزمەتی سەربازییەکە، کە بە "مۆدێلی نوێی خزمەتی سەربازی" ناسراوە، هەموو گەنجانی نێری تەمەن 18 ساڵ ناچار دەکات پرسیارنامەیەکی تایبەت لەبارەی گونجاویان بۆ خزمەتکردن لە ریزەکانی سوپا پڕ بکەنەوە. هەروەها لە ساڵی 2027ـەوە، پشکنینی پزیشکیی ناچارییان بۆ دەکرێت بۆ هەڵسەنگاندنی توانای جەستەییان.
 
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە بەرلین ئامانجییەتی بەهێزترین سوپا لە ئەورووپا دروست بکات، ئەمەش بەشێکە لە ستراتیژییەتێکی فراوانتر بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی وڵاتەکە لەبەرامبەر هەڕەشەکان. 
 
بەڕێوەبەری گەورەترین کۆمپانیای بەرگریی ئەڵمانیا، راینمەتاڵ، رایگەیاندووە کە پێیوایە ئەو ئامانجە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا دەتوانرێت بهێنرێتەدی. پێشبینی دەکرێت یاسادانەرانی پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندستاگ) تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 دەنگ لەسەر پلانەکە بدەن بۆ ئەوەی ببێتە یاسا.
 
ئارمین پاپەرگەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای راینمەتاڵ، رایگەیاند کە ئامانجەکەی فریدریش مێرتس، سەرۆکی پارتی CDU/CSUـی ئۆپۆزیسیۆن، بۆ بەهێزکردنی سوپا "واقعییە" و دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت "بڕیاری روون" لەلایەن حکومەتەوە دەربچن بۆ پشتیوانیکردنی ئەم هەنگاوە. 
 
ئەم لێدوانانە هاوکاتن لەگەڵ هۆشدارییەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی باڵای سەربازی. سەرەتای ئەم ساڵ، ژەنەراڵ کارستن بریوەر، فەرماندەی بەرگریی ئەڵمانیا، هۆشداری دا کە هاوپەیمانیی رۆژئاوایی ناتۆ دەبێت لە ماوەی چوار ساڵدا خۆی بۆ هێرشێکی ئەگەریی رووسیا ئامادە بکات. 
 
کاتێک لە سەرەتای ئەم ساڵدا هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا، پارتی CDU/CSUـی پارێزگاریی مێرتس و پارتی سۆسیال دیموکراتی چەپی ناوەڕاست (SPD) رێککەوتن لەسەر دووبارە ناساندنەوەی خزمەتی سەربازی کە "لە سەرەتادا" خۆبەخشانە دەبێت. 
 
بوندسڤێر نزیکەی 182,000 سەربازی هەیە، بەڵام ئامانجیان لە پلانی نوێ ئەوەیە لە ماوەی ساڵی داهاتوودا 20,000 سەرباز زیاد بکات و لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا بگاتە نێوان 255,000 بۆ 260,000 سەرباز.
 
بە گوێرەی پلانەکە، لە ساڵی داهاتووەوە، پرسیارنامەیەک بۆ هەموو گەنجانی تەمەن 18 ساڵ، چ نێر چ مێ، دەنێردرێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئارەزوو و ئامادەییان بۆ چوونە نێو ریزەکانی هێزە چەکدارەکان. پڕکردنەوەی ئەم پرسیارنامەیە بۆ پیاوان ناچاری و بۆ ژنان خۆبەخشانە دەبێت. 
 
لە تەممووزی 2027ـەوە، هەموو گەنجانی نێری تەمەن 18 ساڵ دەبێت پشکنینی پزیشکی بکەن. ئەگەر ئامانجەکانی حکومەت بۆ پڕکردنەوەی ریزەکانی سوپا نەهێنرانەدی، پەرلەمان لەوانەیە بیر لە جۆرێک لە سەربازیی زۆرەملێی فراوانتر بکاتەوە.
 
پلانەکە رووبەڕووی دژایەتی بووەتەوە، بەتایبەتی لەنێو چەپەکانی سیاسەتی ئەڵمانیادا کە بە تووندی دژی هەر جۆرە خزمەتێکی ناچارین. هەروەها زۆرێک لە گەنجانی ئەڵمانیا نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە. راپرسییەکی ئەم دواییەی دامەزراوەی فۆرسا بۆ گۆڤاری شتێرن دەریخستووە، لە کاتێکدا کەمێک زیاتر لە نیوەی بەشداربووان لایەنگری خزمەتی ناچارین، رێژەی دژایەتیکردن لەنێو تەمەنەکانی 18 بۆ 29 ساڵیدا بۆ 63% بەرزبووەتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە