رووداو دیجیتاڵ
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی نوێی رۆژنامەڤانی، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، ئۆفیسێکی هاوشێوەی لە سێ شوێنی دوور لەیەکدی هەیە و زۆر جار بۆ سەرلێشێواندنی وڵاتان بەکاریان دەهێنێت؛ بەڵام هەندێ وردەکاریی بچووک بوونەتە هۆی ئاشکراکردنی تەکنیکەکەی.
ئەم لێکۆڵینەوەیە لەلایەن یەکەی بەدواداچوونی (Systema) کراوە کە ژمارەیەک رۆژنامەڤانی رادیۆی ئازادی ئەورووپان.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، سێ ئۆفیسی نزیکەی یەک شێوە لە ناوەندەکانی مانەوەی پووتیندا هەن: لە نۆڤۆ-ئۆگاریۆڤۆ (Novo-Ogaryovo) لە نزیک مۆسکۆ، لە سۆچی لەسەر دەریای رەش و لە کۆشکە زۆر قایمکراوەکەی لە ڤاڵدای.
راگەیێندراوەکانی کرێملین، کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا زۆرجار بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کۆبوونەوەکان لە نۆڤۆ-ئۆگاریۆڤۆ ئەنجام دەدرێن، بەڵام بەڵگەنامە تۆمارکراوەکانی گەشت و شیکردنەوەی زیاتر لە 700 ڤیدیۆ دەریدەخەن کە زۆرێک لەو بۆنانە لە راستیدا سەدان کیلۆمەتر دوورتر وێنەگیراون.
لێکۆڵەرەکان توانیویانە بە جیاوازییەکی کەمی نێوان ژوورەکاندا کۆپییەکان لە یەکدی جیا بکەنەوە: بەرزیی دەسکی دەرگایەک، گۆڕانێکی بچووک لە درزەکانی دیوار، شوێنی رێکخەرەکانی گەرمی (تێرمۆستات)، جیاوازی لە دەرچەکانی ژوورەکان، و گۆڕانکارییەکی بچووک لە مۆبیلیات. تەنانەت یەکێک لە بڵاوکراوەکانی تەلەڤزیۆنی دەوڵەتیش دیمەنی دوو شاری جیاوازی پێکەوە لکاندبوو، کە ئەم جیاوازییە تەنیا لەبەر ئەوە ئاشکرا بوو کە دەسکی دەرگاکە چەند سانتیمەترێک لە یەکێک لە گرتەکاندا بەرزتر دیار بوو.
شوێنی ئۆفیسەکان لەسەر نەخشەی رووسیا.

لە ئۆفیسی نۆڤۆ-ئۆگاریۆڤۆ دەسکی دەرگاکە نزمترە وەک لە ڤاڵدای و سۆچی. لە دوو شوێنەکەی دیکە هاوئاستی یەکدین.

لە ئۆفیسی ڤاڵدای، کۆنترۆڵی کەش لە نێوەڕاستی دیوارەکەدایە. لە شوێنەکانی دیکە کەمێک لە لای چەپن.

بەرزی و نزمیی تەختەی دیکۆرەکە لە هەر سێ شوێنەکە جیاوازن.

راپۆرتەکە ئەوە دەردەخات کە ئێستا پووتین زۆرترین کاتی لە ڤاڵدای بەسەر دەبات، کە کۆشکێکی دوورەدەست و دارستاناوییە و بە شوێنێکی زۆر قایمتر دادەنرێت. وێنەکانی مانگی دەستکرد پشتڕاستی دەکەنەوە کە لانیکەم 12 سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پانتسیر-ئێس1 لە دەوروبەری دەریاچەکە لە ساڵی 2024دا دانراون، لە کاتێکدا هێرشەکانی درۆنی ئۆکراینا زیاد بوون.
رۆژنامەڤانەکان دەڵێن نیگەرانییە ئەمنییەکانی پووتین لە دوای داگیرکردنی تەواوی ئۆکراینا بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی سەندووە، کە هانی داوە نەک تەنیا ئۆفیسی هاوشێوە بەکاربهێنێت، بەڵکو ڤیدیۆی پێشوەختە تۆمارکراویش بە بەرواری گۆڕدراو بەکاربهێنێت بۆ شاردنەوەی جموجۆڵەکانی.
هەر بەپێی لێکۆڵینەوەکە، ڤاڵدای، کە پێدەچێت ماڵی ئالینا کابایێڤای خۆشەویستەکەی پووتین و دوو کوڕەکەیانی لێبێت، بووەتە بنکەی سەرەکی پووتین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ