لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە ڤەنزوێللا 16 کەس گیانیان لەدەستدا

14-12-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی ڤەنزوێللا رایانگەیاند، رۆژی پێنجشەممە، 14-12-2023،  لە رووداوێکدا بارهەڵگرێک خۆی بە 17 ئۆتۆمبێلی وەستاوی سەر رێگەیەکی خێرا کێشاوە و بەو هۆیەوە 16 کەس گیانیان لەدەستداوە و 6ـی دیکەش بریندار بوون. 
 
خوان گۆنزالێز، سەرۆکی فەرمانگەی ئاگرکوژێنەوە رایگەیاند، "رووداوەکە لەسەر رێگەی خێرای گران ماریسکال بووە کە کاراکاسی پایتەخت بە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەبەستێتەوە. بەهۆی رووداوەکەش 16 کەس گیانیان لەدەستداوە."
 
بەگوێرەی بەرپرسان، رووداوێکی هاتوچۆی بچووک و بێ زیان لەسەر رێگەکە روویداوە و بەو هۆیەوە هاتووچۆی رێگەکەی پەکخستووە، لەوکاتەدا بارهەڵگرێک بەخێراییەکی زۆر خۆی بەو 17 ئۆتۆمبێڵە کێشاوە کە لەسەر رێگەکە وەستابوون.
 
کارلۆس پێرێز ئامپیودا، بریکاری وەزیری بەڕێوەبردنی مەترسی و پاراستنی مەدەنی، سەرەتا رایگەیاندبوو، کە 8 کەس لەو رووداوەدا گیانیان لە دەستداوە. گوتیشی، "ژمارەکە زیاتر دەبێت."
 
چەند ڤیدیۆیەک بە خێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەوە، کە تێیدا ئاگرێکی گەورە لە شوێنی رووداوەکە دەردەکەوێت. کارلۆس پێرێز ئامپیودا رایگەیاند، "ئاگرەکەمان کۆنتڕۆڵکردووە و پاسێک بەتەواوی سووتاوە."
 
بەپێی میدیای وڵاتەکە بەهۆی کاری چاککردنەوە لەسەر رێگەکە، ئۆتۆمبێڵ و تیمەکانی فریاگوزاری نەیانتوانی لەکاتی خۆیاندا بگەنە شوێنی رووداوەکە.
 
لە راپۆرتێکدا دامەزراوەی سەلامەتی ڕێگاوبانی جیهانی ئاشکرای کردووە ٪84ی ئەوانەی لە ڤەنزوێللا دەبنە قوربانیی رووداوەکانی هاتووچۆ تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 64 ساڵە. هەروەها رێژەی مردنی پیاوان لە رووداوەکاندا دوو هێندەی ئافرەتانە. راپۆرتەکە هەروەها دەڵێت، لە هەموو 100 هەزار کەسێکدا هەزار و 230 کەس لە رووداوەکانی هاتووچۆدا ئەندامێکی جەستەیان لەدەستدەدەن یان بە سەختی بریندار دەبن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە