دادگەی باڵای ئەمریکا بڕیار لەسەر سنووردارکردنی حەبی لەباربردنی منداڵ دەدات

14-12-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای ئەمریکا بڕیاریدا پێداچوونەوە بۆ پڕۆژەیاسایەک بکات بۆ قەدەخەکردنی حەبی لەباربردن. مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو بڕیاری کۆتایی لەبارەی پرۆژەیاساکە دەدرێت. جۆ بایدنیش رایگەیاند، ئەو دژی ئەو بڕیارەیە و بەرگریی لە مافی ئەو ژنانە دەکات، کە دەیانەوێت دەستیان بەو چارەسەرە بگات. 
 
رۆژی چوارشەممە، 13-12-2023، دادگەی باڵای ئەمریکا رەزامەندی دەربڕی لەسەر بڕیاردان لەسەر سنووردارکردنی حەبی منداڵ لەباربردن لە وڵاتەکە، ئەمەش دوای ئەوەی چەند دادگەیەکی دیکەی خوار دادگەی باڵا پڕۆژەیاساکەیان پێشکێشکرد.
 
میدیای ئەمریکا رایگەیاندووە، دادگەی باڵا بڕیاریداوە دانیشتنەکانی دەستپێبکات و تاوەکو مانگی 6ـی ساڵی 2024 بڕیاری کۆتایی لێبدات. بەڵام تاوەکو ئەوکاتی ئەو حەبە لە بازاڕ و دەرمانخانەکاندا دەمێنێتەوە.
 
کۆشكی سپیی ئەمریکا لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند "جۆ بایدن بە تەواوی دژی قەدەخەکردنی حەبی لەباربردنە و بەرگریی لە مافی ئەو ژنانە دەکات کە دەیانەوێت دەستیان بەو چارەسەرە تەندروستییە سەلامەتە بگات."
 
لە پڕۆژەیاساکەدا هاتووە، ژنانی دووگیان تەنیا تاوەکو هەفتەی حەوتەمی سکپڕییان دەتوانن حەبی لەباربردن مایفپریستۆن – Mifepristone بەکاربهێنن لەکاتێکدا پێشتر تاوەکو هەفتەی دەیەمی دووگیانی ئاسایی بوو. هەروەها، خاڵێکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئیدی دەبێت دکتۆر راچێتەی تایبەت بۆ وەرگرتنی ئەو حەبە بە نەخۆش بدات، ئەوکاتە پێی بدرێت، نەوەک هەرکەسێک لە هەر شوێنێک کە ویستی، دەستی پێبگات.
 
ساڵی 2022 دادگەی باڵای ئەمریکا دەسەڵاتی بە دادگەی ویلایەتەکان دا بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر قەدەخەکردن و رێگەدان بە لەباربردن بدەن.
 
تائێستا تەنیا ویلایەتی تەکساس بەکارهێنانی ئەو حەبەی قەدەخە کردووە. یاساکەی دادگەی تەکساس زۆر تووندە، تەنانەت رێگە بە منداڵ لەباربردنی ئەوانەش نادات، کە بەهۆی دەستدرێژیی سێکسییەوە دووگیان دەبن. هەروەها دەسەڵاتی داوەتە هەر کەسێک کە سكاڵا لەسەر هەر کەسێک تۆمار بکات کاتێک دەزانن بە نیازن منداڵ لەبارببەن، بەڵام دادگەی تەکساس لە بڕگەیەکی یاساکەدا دەڵێت، دەکرێت رێگە بە لەباربردن بدرێت ئەگەر کۆرپەکە مەترسیی بخاتە سەر ژیانی دایکەکە.
 
میدیای ئەمریکا باسی لەوە کردووە، ژنێکی خەڵکی ویلایەتەکە پێویستیی بەوە بووە "لەبەر هۆکاری تەندروستی" منداڵەکەی لەبارببات، بەڵام دادگەی ویلایەتەکە رێگەی بە ژنەکە نەداوە، بۆیە ژنەکە ناچاربووە بچێتە ویلایەتێکی دیکە بۆ لەباربردنی منداڵەکەی.
 
لەوبارەوە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا رایگەیاند "ئەوە شتێکی شەرمەزارکەرە. نابێت هیچ ژنێک ناچار بکرێت بچێتە دادگە یان ماڵی خۆی جێبهێڵێت تەنیا بۆ وەرگرتنی ئەو چارەسەرە پزیشکییەی پێویستییەتی."
 
بایدن لە راگەیێندراوەکەدا رەخنە لە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە دەگرێت و دەڵێ "ئەوە لەبەر بەرپرسە کۆمارییەکانی ئەو ویلایەتە روویداوە و بە سادەیی ئەوە شتێکی شەرمەزارکەرە."
 
کەیت کۆکسی تەمەن 31 ساڵ خەڵکی داڵاسە و دایکی دوو منداڵە. ئەو 20 هەفتەیە بە کۆرپەلەیەک کە کەموکوڕییەکی بۆماوەیی دەگمەنی هەیە، دووگیانە و پێیگوتراوە منداڵەکەی ئەگەری زۆری هەیە لە سکیدا بمرێت، یان دوای لەدایکبوونی تەنیا چەند رۆژێک بژیت.
 
چەند دکتۆرێک رایانگەیاندووە ئەگەر منداڵەکەی لەبار نەبات، مەترسیی دەکەوێتە سەر منداڵدانی ژنەکە و لەوانەیە چیدیکە لە داهاتوو نەتوانێت منداڵی ببێت.
 
میدیای ئەمریکا ئەوەشیان ئاشکراکردووە دادگەی تەکساس بڕیاریداوە هەر دکتۆرێک بە تۆمەتی منداڵ لەباربردن یان دابینکردنی حەبەوە دەستگیر بکرێت، دەکرێت سزایەکی زیندانیکردن بدرێت کە تاوەکو 99 ساڵ دەبێت یان پێبژاردن بە بڕی 100 هەزار دۆلار و لێسەندنەوەی مۆڵەتی کارکردن.
 
حەبی مایفپریستۆن لە ساڵی 2000 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) رێگەی پێدرا، بەپێی داتایەکی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ماوەی 23 ساڵدا لانیکەم 5.6 ملیۆن ئەمریکی ئەو حەبەیان بۆ لەباربردنی منداڵ بەکارهێناوە.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: Saul Loeb/AFP

ترەمپ: بیر لە هێرشکردنە سەر ئێران دەکەمەوە

دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، بیر لە بژاردەی "گورزی سەربازیی سنووردار" بۆ سەر ئێران دەکاتەوە. ئەم هەڕەشە نوێیەی ترەمپ هاوکاتە لەگەڵ جێگیرکردنی هێزێکی گەورەی دەریایی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست