رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەڵمانیا رۆژی هەینی رایانگەیاند، ژمارەیەک درۆنی نەناسراویان بینیوە بەسەر پێگە دامەزراوە سەربازی و پیشەسازییە هەستیارەکانی وڵاتەکەدا فڕیوین، لەنێویاندا بنکەی ئاسمانیی رامشتاین کە هێزەکانی ئەمریکا تێیدا جێگیرکراون.
بەرپرسانی ئەڵمانیا پێشتر هۆشدارییان داوە لەوەی کە دەکرێت رووسیا سیخوڕی بەسەر وڵاتەکەیاندا بکات، چونکە بەهۆی جەنگی ئۆکراینا گرژییەکانی نێوان مۆسکۆ و ناتۆ زیاتربوون.
بەڵام پۆلیسی ئەڵمانیا روونینەکردووەتەوە ئەو درۆنانەی کە بینراون سەر بە کام لایەن و وڵاتن.
گوتەبێژێکی پۆلیسی ئەڵمانیا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە: "لەم چەند رۆژەی دواییدا، ژمارەیەک درۆن بینراون بەسەر شوێنە گرنگەکانی هەرێمی راینلاند پالاتینەیتدا فڕیون."
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوە کردووە، درۆنەکان سەرەتا لە کارگەیەکی کۆمپانیای BASF بینرابوون، کە گەورەترین شوێنی بەرهەمهێنانی ماددە کیمیاییەکانە. دوای ئەوە، ژمارەیەک درۆن بەسەر بنکەی ئاسمانیی رامشتیاندا فڕیون.
بە گوتەی گوتەبێژەکە، درۆنەکان لە کاتی خۆرئاوابوون بینراون و لەوانە گەورەتربوون کە بۆ سەرگەرمی و وێنەگرتن بەکاردەهێنرێن.
بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوانە، پۆلیسی هەرێمی راینلاند پالاتینەیت تیمێکی تایبەتی پێکهێناوە.
گوتەبێژەکە دەڵێت: "هەست بە هەبوونی هیچ مەترسییەک بۆ سەر دامەزراوەکان ناکرێت."
گۆڤاری دێر شپیگلی ئەڵمانی باسی لەوە کردووە، لە 3 و 4ی ئەم مانگە درۆنەکان لە ئاسمانی بنکەی رامشتاین بینراون.
وەک گۆڤارەکە ئاماژەی پێکردووە، لە ئاسمانی کۆمپانیای راینمێتاڵ کە تایبەتە بە دروستکردنی چەک لە هەرێمی ساکسۆنی خواروو، ژمارەیەک درۆنی دیکە بینراون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بابەتەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، مانگی ئابی ئەم ساڵ، چەند درۆنێکی گوماناوی لە نزیک ناوچەی پیشەسازیی برونسبوتڵ لە هەرێمی شلێسڤیگ هۆلشتاین لە باکووری ئەڵمانیا بینراون.
میدیای ئەڵمانی دەڵێت، بەرپرسان پێیانوایە درۆنەکان لە لایەن رووسیاوە بۆ سیخوڕی بەکارهێنرابن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ