رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی نەمسا رایدەگەیێنێت، لە دوای کەوتنی حکومەتی بەشار ئەسەد، هەر پەناخوازێکی سووریایی بچێتەوە وڵاتەکەی، بڕی هەزار یۆرۆی پێدەدرێت.
رۆژی هەینی، 13ـی کانوونی یەکەمی 2024، کارل نێهامەر، راوێژکاری نەمسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی: "نەمسا بە بڕی هەزار یۆرۆ پاڵپشتی ئەو سوورییانە دەکات کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان."
دوای ئەوەی رۆژی هەشتی هەم مانگە، حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا رووخا، کاردانەوەی نەمسا زۆر خێرا بوو، هەر هەمان رۆژ، راوێژکاری نەمسا رایگەیاند، کە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی سووریا دەکەن بۆ رەوانەکردنەوەی پەناخوازان بۆ ئەو وڵاتە.
وەکو زۆربەی وڵاتانی دیکەی ئەورووپا، حکومەتەکەی نێهامەر لەژێر گوشاری پارتە راستڕۆکانی ئەو وڵاتەکەیدایە کە داوای سیاسەتێکی تووندتر بەرامبەر بە کۆچبەران دەکەن.
رۆژی 11ـی ئەم مانگە، گێرارد کارنەر، وەزیری ناوخۆی نەمسا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوەی پلانێک بۆ ناردنەوەی کۆچبەرە سووریاییەکانی ئەو وڵاتە رابگەیێنن.
لە پێنج ساڵی رابردوو، زیاتر لە 95 هەزار سووریایی داوای مافی مانەوەیان لە نەمسا کردووە، لەو ژمارەیەش 40 هەزاریان داواکەیان قبووڵ کراوە و مافی مانەوەیان پێدراوە.
بەگوتەی وەزیری ناوخۆی نەمسا، پلانەکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە "تاوانیان کردووە، ئەوانەی کە نایانەوێت خۆیان لەگەڵ بەها کولتوورییەکانی ئەورووپا و نەمسا بگونجێنن و ئەوانەشی کە نایانەوێت کار بکەن و تەنیا لەسەر خزمەتگوزارییەکانی سۆشیاڵ دەژین."
هەروەها وەزارەتی ناوخۆی نەمسا رایگەیاندووە، هەموو داواکارییەکانی مافی پەنابەرێتیی سوورییەکانی راگرتووە.
جگە لە پێدانی مافی پەنابەرێتی، نەمسا پڕۆگرامی یەکگرتنەوەی خێزانیشی وەستاندووە، کە سوورییەکان لەو رێگەیەوە دەیانتوانی مافی پەنابەری وەربگرن، ئەگەر ئەندامێکی خێزانیان لە وڵاتە ئەورووپییەکە بووایە.
ئەو بڕیارەی نەمسا لەکاتێکدایە، رۆژی 08-12-2024 چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و گرووپە هاوپەیمانەکانی چوونە نێو شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا و دەستیان بەسەر دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا گرت.
بەشار ئەسەدی سەرۆکی وڵاتەکە بەرەو مۆسکۆی رووسیا رایکرد و ئێستا حکومەتی قۆناخی راگوزەریی لەو وڵاتە پێکهێندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ