دەسەڵاتەکانی سەرۆکی کۆریای باشوور هەڵپەسێردران و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت

14-12-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

204 پەرلەمانتاری کۆریای باشوور دەنگیان بە (لێپرسینەوە) لە سەرۆکی وڵات دا و بۆ ماوەیەکیش سڕیانکرد، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی کۆریای باشوور باری نائاسایی لە وڵاتەکە راگەیاند.
 
رۆژی شەممە 14-12-2024، لە پەرلەمانی کۆریای باشوور 300 پەرلەمانتار کۆبوونەوەیان لەسەر بڕیاردان بۆ لێپرسینەوە لە یوون سووک یۆل، سەرۆکی وڵات کرد. لە کۆتاییدا، 204 پەرلەمانتار بە بەڵێ و 85ـیش بە نەخێر دەنگیان دا. سێ پەرلەمانتار دەنگیان نەدا و هەشت دەنگیش پووچەڵ بوون.
 
لە کۆریای باشوور، پەرلەمان پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانتارانە بۆ ئەوەی لێپێچینەوە لە سەرۆکی وڵات بکات.
 
ئەمە دووەمجارە دەنگدان لەسەر لێپرسینەوەی سەرۆکی وڵات بکرێت، یەکەمجار بەهۆی بایکۆتی پارتی دەسەڵات، سەرۆک رزگاری بوو. 
 
دوای دەنگدانەکە، یوون سووک یۆل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی: "بۆ ماوەیەک لادەچم، نابێت گەشتی بەرەو داهاتوو بوەستێت و هەرگیز کۆڵنادەم". یۆل داوایکرد تەنگژە سیاسییەکان کۆتاییان پێبێت.
 
بۆچی پەرلەمان ئەو بڕیارەی دا؟
 
رۆژی سێشەممە 03-12-2024، سەرۆکی کۆریای باشوور باری لەناکاوی لە وڵاتەکە راگەیاند، دەسەڵاتی مەدەنی هەڵپەسارد و دەسەڵاتی سەربازی خستەکار. هەروەها سەرجەم چالاکییە سیاسییەکانی وڵاتەکەی قەدەخە کرد و گوتیشی، میدیا و بڵاوکراوەکان دەبێت لەژێر کۆنتڕۆڵی سەربازیی وڵاتەکەدا بن. بڕیارەکە ناڕەزاییێکی زۆری لێکەوتەوە، ئەندامانی پەرلەمان لە باڵەخانەی پەرلەمان کۆبوونەوە و هەنگاوەکەی سەرۆکیان رەتکردەوە. 
 
لەکاتی راگەیاندنی بڕیارەکە، سەرۆکی کۆریای باشوور لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بە پشتگیریکردنی کۆریای باکوور و هەوڵدان بۆ کودەتا تۆمەتبار کرد. گوتیشی: "ئەم بڕیارە بۆ پاراستنی وڵاتەکەیە لە هەڕەشەکانی کۆریای باکوور".
 
تێکچوونی دۆخی کۆریای باشوور، لەدوای ئەوە دێت پارتی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە (پارتی هێزی گەلی کۆریای باشوور) کە سەرۆکی کۆریای باشووریش سەر بە پارتەکەیە، لەگەڵ بە‌هێزترین پارتی ئۆپۆزیسیۆن (پارتی دیموکراتی کۆریای باشوور)، لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتووی وڵاتەکە بووە کێشەیان و سەرۆکی کۆریای باشوور، لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی بەوە تۆمەتبار کرد، دەیانەوێت بە کەمکردنەوەی بودجە، وڵاتەکە لە بەرامبەر هەڕەشەکانی کۆریای باکوور لاواز بکەن. 
 
یوون سووک یۆل گوتیشی: "ئەنجوومەنی نیشتمانیمان بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ تاوانباران و دیکتاتۆرەکانی پرۆژەیاساکان کە ئامانجیان لەکەدارکردنی سیستمی ئیداری و دادوەریی وڵاتەکەمانە".
 
دوای راگەیاندنی بڕیارەکە، 280 سەرباز بە پاڵپشتیی 24 هێلیکۆپتەر چوونە باڵەخانەی پەرلەمان و ناوچەکەیان کۆنتڕۆڵکرد. بەڵام دواتر، پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ (190 لەکۆی 300) بڕیارەکەی سەرۆکی هەڵوەشاندەوە. دواتر سەرۆکی وڵاتەکە رایگەیاند، بڕیارەکەی پەرلەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی باری لەناکاو جێبەجێ دەکات. 

ئێستا چی بەسەر سەرۆکی وڵاتدا دێت؟
 
هێشتا یوون سووک یۆل هەر سەرۆکی کۆریای باشوورە، بەڵام هەرکاتێک بڕیاری لێپرسینەوە بدرێت، سەرۆکی وڵات دەسەڵاتی نامێنێت و بەشێوەیەکی کاتی سەرۆکوەزیران دەچێتە شوێنی. 
 
بڕیارەکە دەچێتە دادگەی دەستووریی کۆریای باشوور، لەوێ 180 رۆژ ماوەیان هەیە بۆ ئەوەی لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە لەو بڕیارەی باری لەناکاوە بکەن، کە سەرۆکی وڵات دای. 
 
ئەنجوومەنی دادگەکە لە شەش کەس پێکدێن و پێویستە بڕیاریان ئەگەر لادان یان لانەدان بێت، بە کۆدەنگی بێت. پێویستە ئەنجوومەنەکە لە 9 کەس پێکبێت، ئەگەر شەش کەس بڕیاریاندا، یەکسەر جێبەجێ دەکرێت.
 
دوای دانیشتنی پەرلەمان، وو وۆن شیک، سەرۆکی پەرلەمانی کۆریای باشوور گوتی: "بە زووترین کات سێ کەسی دیکە بۆ دادگەکە زیاد دەکەین، داهاتووی کۆریای باشوور بەو کەسانەوە بەندە".
 
ئێستا هان دەک سوو، سەرۆکوەزیرانی کۆریای باشوور کەسی یەکەمی وڵاتەکەیە. هان ئەمڕۆ رایگەیاند: "هەموو توانا و هەوڵی خۆم بۆ دڵنیابوونەوە لە حکومەتێکی سەقامگیر تەرخان دەکەم".
 
پارتی هێزی گەل (PPP) پارتی فەرمانڕەوایە، 108 کورسیی لە پەرلەمان هەیە، ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، هەشت پەرلەمانتاری پارتی هێزی گەل لە دژی سەرۆکی کۆریای باشوور دەنگیان دا.
 
پارک چان دای، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کۆریای باشوور، کە پارتی ئۆپۆزیسیۆنە گوتی: "بڕیارەکەی ئەمڕۆ بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆکی وڵات، سەرکەوتنی گەلی کۆریای باشوورە".
 
پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، پارتی ئۆپۆزیسیۆنی کۆریای باشوور رایگەیاند: "لێپرسینەوە تاکە رێگەی پاراستنی دەستوور، یاسا، دیموکراسییەت و داهاتووی کۆریای باشوورە".
 
هوانگ جونگ ئا، گوتەبێژی پارتەکە رایگەیاند: "چیدیکە بەرگەی شێتییەکانی یوون سووک یۆل ناگرین".
 
سەرۆکەکانی پێشوو
 
سووک یۆل یەکەم سەرۆکی کۆریای باشوور نییە رووبەڕووی ئەو سەرئێشەیە بووبێتەوە. لە ساڵی 2004 رۆهـ موو هیون، سەرۆکی ئەوکاتی کۆریای باشوور بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای هەڵبژاردن، رووبەڕووی لێپرسینەوە بووەوە، بەڵام دادگەی دەستووری بڕیاری لەکار لادانی نەدا.
 
پارک گێون هی، یازدەمین سەرۆکی کۆریای باشوور کە لە 2013 تاوەکو 2017 سەرکردایەتیی وڵاتەکەی کرد و یەکەم ژنە سەرۆکی مێژووی وڵاتەکە بوو. لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2016 بەتۆمەتی گەندەڵی پەرلەمانی وڵاتەکە بڕیاری دا لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت. 
 
دادگەی دەستووریی وڵاتەکە لە ئاداری 2016 دادگایی کرد و تۆمەتەکەی بەسەردا ساخبووەوە. پارک بووە یەکەم سەرۆکی کۆریای باشوور بەهۆی لێپرسینەوە و دادگاییکردن لەکار لابدرێت. دادگە بڕیاری 24 ساڵ بەندکردنی بۆ دەرکرد و دواتر بۆ 25 ساڵ زیادیکرد. لە کانوونی یەکەمی 2021، موون جای ئین، سەرۆکی ئەوکاتی کۆریای باشوور لێبووردنی بۆ دەرکرا.
 
خۆپێشاندانی جەماوەری
 
بەرپرسێکی پۆلیسی شاری سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور رایگەیاند، کاتێک پەرلەمان لە کۆبوونەوەدابوو، لانیکەم 200 هەزار هاووڵاتی رژانە سەر شەقام و داوای لەکار لابردنی سەرۆکی خۆیان دەکرد.
 
لە گۆڕەپانێکی دیکەی شارەکەش، نزیکەی 3000 کەس بۆ پشتگیریکردن لە سەرۆکی وڵات چوونە سەر شەقام و پۆلیس بڵاوەی پێکردن. 
 
لەنێو خۆپێشاندەران چەند خۆبەخشێک، خواردن و قاوەی گەرمیان دەبەخشییەوە، بۆ ئەوەی خۆپێشاندەران بەرگەی سەرما تووندەکەی سیئۆل بگرن.
 
خۆپێشاندەرێک گوتی، پاسێکی بە کرێ گرتووە بۆ ئەوەی ئەو دایکانەی منداڵیان پێیە، بچنە نێو پاسەکە و دایبییان بگۆڕن یان خواردنیان پێبدەن.

سەرۆک بە تەنیا چۆن توانی بڕیارەکە بدات؟
 
لە کۆریای باشوور سەرۆک لە لایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێت. هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی لە هەمان کاتدا نین. هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2022 کرا، بەڵام دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمان نیسانی ئەم ساڵ کرا. سەرۆک، کەسی یەکەمی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە و ئەو سەرۆکوەزیران دیاریدەکات، بەڵام پێویستە لە لایەن پەرلەمانەوە پەسند بکرێت. 
 
پارتی دیموکراتی کۆریای باشوور، لە دوایین هەڵبژاردندا 174 کورسی لە کۆی 300 کورسی بردەوە، پارتی هێزی گەلیش، سەرۆک تێیدا ئەندامە، 108 کورسی بردەوە.
 
بەم جۆرە، ئەو پارتەی سەرۆکی کۆریای باشوور سەرۆکایەتی دەکات یان ئەندامیەتی، مەرج نییە زۆرینەی پەرلەمانی هەبێت. ئۆپۆزیسیۆن دەتوانێت رێگری لەو یاسایانە بکات کە پاڵپشتیی سەرۆک و حکومەتیان هەیە، لەوانەش پەسندکردن یان رەتکردنەوەی پرۆژەیاسای بودجە. 
 
پارتی سەرۆکی وڵات و ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکە چەندین ناکۆکییان هەیە، لەنێویاندا لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە. سەرۆک پاڵپشتی دەکرد و ئۆپۆزیسیۆنیش رێگری لە پەسندکردنی دەکرد. ئەمە و ژمارەیەک کێشەی دیکە بوونە هۆی بڕیارەکە و وای لە سەرۆکی وڵات کرد ئۆپۆزیسیۆن بە لایەنگری کۆریای باکوور تۆمەتبار بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سوودانی لە کاتی بەڕێکەوتنی بۆ بەریتانیا.

عێراق و بەریتانیا گفتوگۆ لەسەر بازرگانی، ئاسایش و کۆچبەران دەکەن

کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئەمڕۆ سێشەممە پێشوازی لە هاوتا عێراقییەکەی، محەممەد شیاع سوودانی دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بازرگانی، ئاسایش و کۆچبەران. بەغدا سەردانەکە بە "سەردەمێکی نوێ" ی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ناودەبات.