لیژنەی پاراستنی رۆژنامەڤانان: پار 99 رۆژنامەڤان لە جیهاندا کوژراون

15-02-2024
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لیژنەی پاراستنی رۆژنامەڤانان (CPJ) رایگەیاند، پار 99 رۆژنامەڤان کوژراون کە 72یان لە جەنگی ئیسرائیل و حەماسدا بووە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 15ی شوباتی 2024، لیژنەی پاراستنی رۆژنامەڤانان بڵاویکردەوە، پار 99 رۆژنامەڤان کوژراون و بەراورد بە پێرار کوژرانی رۆژنامەڤانان 44٪ زیادی کردووە. هەروەها دەشڵێت، ئەگەر جەنگی ئیسرائیل و حەماس نەبووایە کوژرانی رۆژنامەڤانان لە 2023دا بەراورد بە ساڵی پێشتر کەمتر دەبووەوە. 
 
لیژنەی پاراستنی رۆژنامەڤانان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو رۆژنامەڤانانەی لە سێ مانگی سەرەتای جەنگی ئیسرائیل و حەماسدا کوژراون زیاترە لە ژمارەی ئەو رۆژنامەڤانانەی لە هەر وڵاتێکدا لە ماوەی ساڵێکدا کوژرابن. هەروەها، لەو 72 رۆژنامەڤانەی لە جەنگی ئیسرائیل و حەماسدا کوژراون تەنیا سێیان لوبنانی و دووانیشیان ئیسرائیلی بوون.
 
لیژنەی پاراستنی رۆژنامەڤانان رێکخراوێکی سەربەخۆیە و بارەگاکەی لە نیویۆرکە. بە گوتەی خۆیان، ئامانجیان پاڵپشتیکردنی ئازادیی رۆژنامەڤانی و بەرگریکردنە لە مافەکانی رۆژنامەڤانان. ساڵی 1980 رێکخراوەکە دامەزراوە و ساڵانەش راپۆرتی خۆی لەبارەی رۆژنامەڤانانەوە بڵاودەکاتەوە.
 
لەبارەی زۆری ژمارەی کوژرانی رۆژنامەڤانە فەڵەستینییەکانەوە جۆدی گینسبێرگ، بەڕێوبەری جێبەجێکاری لیژنەی پاراستنی رۆژنامەڤانان رایگەیاند، "زۆری ژمارەی کوژراوانی رۆژنامەڤانە فەڵەستینیەکان کاریگەری درێژخایەنی لەسەر ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەش دەبێت، هەر رۆژنامەڤانێکیش کە دەکوژرێت گورزێکی دیکەیە بەر تێگەیشتنمان لە جیهان دەکەوێت."
 
بە گوێرەی ئەو راپۆرتەی لیژنەی پاراستنی رۆژنامەڤانان بڵاویکردووەتەوە، پار دوو رۆژنامەڤان لە هەریەک لە وڵاتانی ئۆکراینا و مەکسیک کوژراون، لەکاتێکدا ساڵی پێشتر ژمارەکە 13 رۆژنامەڤان بوون.
 
لەو راپۆرتەی لیژنەی رۆژنامەڤاناندا ئەوەش هاتووە کە "حکومەتەکان سیخوڕی بەسەر رۆژنامەڤانان و بەرگریکارانی مافی مرۆڤدا دەکەن." هەروەها، "بەهۆی تووندوتیژیشەوە بەشیک لە رۆژنامەڤانان ناچار بوون وڵاتەکانیان و ئیشەکانیان جێبهێڵن."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدرابوو.

نەمسا؛ تۆمەتبارێکی سووریایی دانی بە هێرشێکی تیرۆریستیدا نا

داواکارانی گشتیی نەمسا رایدەگەیێنن، پیاوێکی سووری کە لە شوێنی رووداوێکی چەقۆوەشاندن لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکرا و تێیدا هەرزەکارێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانێکی تیرۆریستیی کردووە.