نووسەرێکی ئەمریکی: باوکی دوایین منداڵم ئیلۆن مەسکە

15-02-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

خانمە نووسەرێکی ئەمریکی دەڵێت، پێنج مانگ لەمەوبەر منداڵێکی بووە و باوکیشی ئیلۆن مەسک، گەورە ملیاردێری ئەمریکایە. ئەمە 13یەم منداڵی ئیلۆن مەسکە.
 
ئاشلی سەینت کلێر، خانمە نووسەرێکی تەمەن 31 ساڵی ئەمریکایە، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەنووسێت، بەر لە پێنج مانگ منداڵێکی بووە و باوکی منداڵەکەش ئیلۆن مەسکە.
 
لەبارەی بێدەنگی لەسەر بابەتەکە، کلێر دەڵێت: "بۆ پاراستنی تایبەتمەندی و سەلامەتیی منداڵەکەمان، پێشتر ئەوەم لەلای کەس باس نەکردووە؛ بەڵام بۆم روونبووەتەوە کە میدیا ئەو شتە دەکا، بەبێ گوێدانە ئەو زیانەی کە پێی دەگات."
 
هەرچەندە ئیلۆن مەسک کە وەزیری وەزارەتی کارامەیی ئەمریکا، خاوەنی کۆمپانیاکانی تێسلا، سپەیس ئێکس و تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسە و زۆریش چالاکە لە تۆڕەکە؛ تاوەکو ئێستا هیچ وەڵام و لێدوانێکی لەسەر ئەو بابەتە نەبووە.
 
خانمە نووسەرەکە داوای لە میدیا کرد رێز لە منداڵەکەی بگرن.
 
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی میدیایی، سەینت کلێر لە ناوچەی مانهاتنی نیویۆرک لە خانوویەک دەژی کە کرێی مانگانە لەو ناوچەیە لە نێوان 12 بۆ 15 هەزار دۆلارە.
 
هەروەها دانیشتووانی ئەو ناوچەیە گوتوویانە، خانمە نووسەرەکە ئۆتۆمبێلێکی جۆری سایبەرترەکی کۆمپانیای ئیلۆن مەسکی هەبووە. "سەینت کلێر ئێستا دوو منداڵی هەیە، یەکێکیان ئەوەی مەسکە و منداڵەکەی دیکەش لە پیاوێکی دیکەیە. ژنێکیش 24 کاژێر یارمەتیی بەخێوکردنی منداڵەکانی دەدات."
 
سەنیت کلێر تەنانەت لە ئاهەنگێکی مارالاگۆ، شوێنی حەوانەوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بینراوە، ئەو شەوەی کە هەڵبژاردنی ئەمریکا تەواو بوو و بردنەوەی ترەمپ یەکلایی بووەوە.
 
ئەگەر ئەم دەنگۆیەی سەینت کلێر راست بێت، مەسک لە چوار پەیوەندیی جیاوازەوە، دەبێتە خاوەن منداڵی ژمارە 13.
 
لە جەستن ویڵسن، هاوژینی یەکەمی مەسک دووانەیەک و سیانەیەک هەن و ناویان (ڤیڤیان، گریفن، کای، ساکسن و دامیان)ـە.
 
لە خانمە گۆرانیبێژ گرایمز سێ منداڵی هەیە (ئێکس، دارک سیدرایەل و تێکنۆ میکانیکەس).
 
لە شیڤۆن زیلیس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی پێشووی کۆمپانیای نیورالینک، کە مەسک خاوەنیەتی، دووانەکیان هەیە (سترایدەر و ئازور).

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە