لە ئەڵمانیا خۆپێشاندەران بە درووشمی 'نا بۆ نازییەکان' دژی راستڕۆکان رژانە سەر شەقام

16-02-2025
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
.
.
نیشانەکردن هەڵبژاردن لە ئەڵمانیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی 10 هەزار کەس لە دژی پارتی راستڕۆکان، رژانە سەر شەقامەکانی دوسڵدۆرف و بە درووشمی "تەنیا چارەسەر شۆڕشە، نا بۆ فاشیزم، بەڵێ بۆ ئاشتی، نەخێر بۆ نازییەکان"، راستڕۆکان رەتدەکەنەوە.  
 
مارکۆ، یەکێک بوو لە خۆپێشاندەرەکان و لەگەڵ جولی خێزانی و منداڵە چوار ساڵەکەیان هاتووەتە نێو خۆپێشاندەرەکان و دەڵێت، مارکۆ بە رەگەز ئیتاڵییە، بەڵام 10 ساڵە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و وڵاتینامەی ئەڵمانیای هەیە. 
 
جولی کاریس، خێزانی مارکۆیە و لەنێو خۆپێشاندەرانەوە دەڵێت، "ئێمە ئێرە بە ماڵی خۆمان دەزانین، نامانەوێت وەک زبڵ فڕێمان بدەن، چونکە ئێمە زبڵ نین ئێمە بەشێکین لە هەمەڕەنگی و جوانی و رەنگاوڕەنگی کە ئەڵمانیا و بەتایبەت دۆسلدۆرفیان جوانکردووە."
 
مارکۆ کاریسی، لەنێو خۆپێساندەرانەوە باس لەوە دەکات، "کۆچبەران تاوانبار نین، هەندێکیان رەنگە، بەڵام ئەڵمانیش هەیە وایە ئەوە بابەت نییە."
 
خۆپێشاندانەکە لەلایەن هاوپەیمانیی گرووپە دژە فاشیستەکان و کۆمەڵە ناوخۆییەکان و چالاکڤانانی سیاسییەوە رێکخرابوو، ئەمە لە کاتێکدایە کە بزووتنەوە راستڕۆ توندڕۆکان لە سەرانسەری ئەورووپا لە گەشەکردن دان. شاری دوسلدۆرف کە بە فرەچەشنی ناسراوە، بووەتە گۆڕەپانی شەڕ لە سەر بەها دیموکراسییەکان.
 
مارسل شورەر، خۆپیشاندەرە و لەبارەی بەشداریکردنی دەڵێت، "بەشداریم لەم خۆپیشاندانە کردووە دژی AFD، چونکە من دژی فاشیزمم و نامەوێت ئەوان ئەڵمانیا بەڕێوەببەن." 
 
خۆپیشاندانەکە بوو بە دەرفەت تاوەکو ئەو پارتانەیشی کە پشتیوانی لە  کۆچبەران دەکەن خۆیان بخەنە ناو ئاپۆڕای خۆپێشاندەران و وێنە و درووشمی خۆیان بەرزبکەنەوە، ئەڵمانی، کۆچبەر و گەنج و پیر لە خۆپێشاندانەکە بەشدار بوون. 
 
ئۆلاف، خۆپێشاندەرە و لەبارەی بیرکردنەوەی راستڕۆکان دەڵێت، "ئەوان  تەنیا هەستیان بۆ جۆرێک هەیە، وا بیردەکەنەوە کە تەنیا خەڵکی ئەڵمانی و ئێرلەندی ژمارە یەکن، ئەوانەی دیکە ژمارە دوو و سێن، ئەمەش بیرۆکەیەکی فاشیستە و جوان نییە، من حەزم بە ئاشتی و رەنگاوڕەنگی و جوانی هەیە، هەموو کەس دەبێت بە ئاشتی و یەکگرتوویی بژین ئەمە ئامانجی ئێمەیە."  
 
شەپۆلی خۆپێشاندەران ئاراستەی بەرەو شادۆڤ پلاتز گرت، ئەو گۆڕەپانەی پارتی AFDـی دژە کۆچبەر بانگەشەی هەڵبژاردنی لێدەکات، پۆلیس کۆنترۆڵی دەوری AFD و لایەنگرانی کردبوو تاوەکو  لەگەڵ ئەو خۆپێشاندەرانەی کە دژیانن بێ رووبەڕووبوونەوە و تووندوتیژی، هەردوو بیروڕا دەنگی خۆیان بەرزبکەنەوە و پەیامی خۆیان بگەیێنن.  
 
لایەنگرێکی AFD لەبارەی سیاسەتی پارتەکەی باس لەوە دەکات، "ئەوان دژی دیموکراسی نین، ئەوە هاوکاری کۆچبەرانیش دەکات بۆ ئەوانەی دێن لەم وڵاتە دەژین و کار دەکەن، نەوەک ئۆتۆمبێل لێبخوڕن و خۆیان بکەن بە نێو خەڵکدا. 
 
بە گوێرەی راپرسییەکانی پێش هەڵبژاردن، پارتی AFD دژە کۆچبەر 21٪ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت و  دەنگی دووەمی هەڵبژاردنەکان دەبێت، ئەمە لە کاتێکادایە ئەڵمانیا ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 84 ملیۆن و نیوە و نزیکەی 26٪ـی خەڵکەکە باکگراوندی کۆچبەرییان هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە