رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا هەڕەشە لە ئۆکراینا دەکات و دەڵێت، "هێرشەکانی دووژمن بێ سزا تێناپەڕن." ئەوەش لە کاتێکدایە، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رووسیا دەستیپێکردووە.
رۆژی هەینی 15-03-2024 ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئەو هەڕەشەیەی کرد و گوتی، ئامانج لەو هێرشانە ئەوەیە "پشێوی بخەنە نێو پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رووسیاوە."
چەند رۆژێکە ئۆکراینا هێرشی فراوان دەکاتە سەر ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئۆکراینا و رووسیا.
پووتین لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی گوتی، "دڵنیام گەلی ئێمە بە یەکگرتوویی و بە هێزەوە وەڵامی ئەم هێرشانە دەداتەوە."
سەرۆکی رووسیا باسی چەند گرووپێکی سەربازیی ئۆکراینای کرد کە "سێ جار ویستوویانە کۆنترۆڵی هەرێمی بێلگۆرۆد و کورسک بکەن." هەروەها ستایشی سوپاکەیی کرد و گوتی، "سەربازەکانمان توانییان هێزە ئۆکراینییەکان لە ناوچەکانی کورسک و بێلگۆرۆد دەربکەن و سیستمی بەرگریی ئاسمانییشمان توانیی چەندین درۆنی کیێڤ بخەنە خوارەوە."
ئەمڕۆ هەینی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە رووسیا دەستیپێکرد و بڕیارە تاوەکو 17-03-2024 بەردەوام بێت.
پووتین خۆی بەربژێر کردووەتەوە و سێ بەربژێری دیکەش رکابەریی دەکەن، بەڵام هەموو راپرسییەکان ئەوە پیشان دەدەن کە پووتین تاوەکو ساڵی 2030 سەرۆکایەتیی رووسیا دەگرێتەوە دەست.
لە کۆی 143 ملیۆن دانیشتووی رووسیا، 114 ملیۆن کەسییان مافی دەنگدانییان هەیە. هەروەها دانیشتووانی بەشێک لە هەرێمەکانی زاپۆریژیا، خێرسۆن، دۆنێتسک و لوهانسکی ئۆکراینا کە رووسیا بەخۆیەوە لکاندوونی، مافی بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنەیان هەیە.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رووسیا لە کاتێکدایە، رووسیا و ئۆکراینا چوونەتە نێو سێیەم ساڵی جەنگەکەیان. لە 24ـی شوباتی 2022، رووسیا هێرشێکی فراوانی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری ئۆکراینا دەستپێکرد و لەوکاتەوە جەنگی ئۆکراینا و رووسیا بەردەوامە.
تاوەکو ئێستا وڵاتانی رۆژئاوا بە سەدان ملیار دۆلار یارمەتیی مرۆیی، سەربازی و دارایی ئۆکراینایان داوە و رووسیا بەوە تۆمەتبار دەکەن، "بە ناڕەوایی ئۆکراینای داگیرکردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ