رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئیتاڵیا بەتۆمەتی "بڵاوکردنەوەی نێوەڕۆکی نەشیاو" و "شکستهێنان لە پاراستنی منداڵان" تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆکییان بە 10 ملیۆن یۆرۆ سزا دا.
دەسەڵاتی کێبڕکێی ئیتاڵیا AGCM کە دەسەڵاتێکی سەربەخۆی کارگێڕییە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەرپرسانی ئیتاڵیا تۆڕەکۆمەڵایەتییە چینییەکەیان بە 10 ملیۆن یۆرۆ [10,900 دۆلار] سزاداوە.
لە راگەیێندراوەکەی AGCMـدا هاتووە: "کۆمپانیاکە نەیتوانیوە بۆ چاودێریکردنی ئەو نێوەڕۆکانەی کە لە پلاتفۆڕمەکەدا بڵاودەبێتەوە، میکانزمێکی گونجاو پەیڕەو بکات، بەتایبەت ئەو نێوەڕۆکانەی کە هەڕەشە لە سەلامەتی منداڵان دەکەن".
لە راگەیێندراوەکەدا چەندین نموونەی 'چاڵێنجەکانی' تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە هێندراونەتەوە کە تێیاندا منداڵان و مێردمنداڵان ئازاری یەکدی دەدەن.
تاوەکو ئێستا تیکتۆک هیچ لێدوانێکی لەبارەی سزادانەکەی لەلایەن ئیتاڵیاوە نەبووە.
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی 13-03-2024، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە 352 دەنگی 'بەڵێ' بەرامبەر بە 65 دەنگی 'نەخێر'، پڕۆژەیاسای قەدەخەکردنی تیکتۆکی پەسندکرد.
بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، "دەبێت تیکتۆک لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمریکییەوە بەڕێوەببرێت نەوەک چینی، ئەگەرنا بەکارهێنانی ئەو ئەپە لە ئەمریکا قەدەخە دەکرێت."
تیکتۆک لەلایەن کۆمپانیای چینیی بایت دانسەوە خاوەنداریێتیی دەکرێت.
وانگ وێنگبین، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین سەرکۆنەی ئەو هەوڵەی ئەمریکای کرد و گوتی: "ئەگەر پڕۆژەیاساکە تێپەڕێت و جێبەجێ بکرێت، زیان بە ئەمریکا دەگەیێنێت."
ئەو گوتەبێژە هەروەها گوتی: "ئەمریکا هیچ بەڵگەیەکی نییە کە تیکتۆک بووبێتە هەڕەشەی ئاسایش."
سەرەتا لە 07-03-2024 پڕۆژەیاساکە لەژێر ناونیشانی "پاراستنی ئەمریکییەکان لەو ئەپڵیکەیشنانەی لەلایەن نەیارە بیانییەکانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن" بە کۆی دەنگ لە لایەن لیژنەی وزە و بازرگانیی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسند کرا.
رۆژێک دواتر، لەبارەی پڕۆژەیاساکەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئەگەر ئەوان تێیپەڕێنن، واژۆی دەکەم."
ئەوکات، پڕۆژەیاساکە 165 رۆژی بە کۆمپانیای بایت دانس دا بۆ ئەوەی تیکتۆک رادەستی دامەزراوەیەکی ئەمریکی بکات.
ئەگەر وا نەکات، تیکتۆک لە هەموو ئەپفرۆشەکان و سەکۆکانی ئینتەرنێتی ئەمریکا قەدەخە دەکرێت، بەو جۆرەش 170 ملیۆن بەکارهێنەری ئەمریکی لە ئەپەکە دادەبڕێن.
پڕۆژەیاساکە هەروەها ئەپەکانی دیکەش دەگرێتەوە، کە لەلایەن ئەو وڵاتانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن و ئەمریکا بە "نەیاری بیانی" پۆڵێنیان دەکات، لەوانەش ویچات، کە کۆمپانیای تێنسێنتی چینی خاوەنداریێتیی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ