رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپیی ئەمریکا رایگەیاند، "هیچ ئاماژەیەک نابینین رووسیا بە بۆمبی ئەتۆمی لە ئۆکراینا بدات." ئەو لێدوانەش دوای ئەوە دێت کە سەرۆکی رووسیا گوتی، "ئامادەی شەڕی ئەتۆمین ئەگەر هەڕەشە بکەوێتە سەر سەروەریی رووسیا."
کارین ژان پیێر، سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەمریکا هیچ ئاماژەیەک نابینێت کە پووتین خۆی بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ئۆکراینا ئامادە بکات."
رۆژی چوارشەممە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی باسی لە چەکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی کرد و گوتی، "ئەوە شتێکی قبووڵکراوە کە چەکە ئەتۆمییەکانی ئێمە لە هەموو چەکە ئەتۆمییەکانی دیکە مۆدێرنترن، تەنیا ئێمە و ئەمریکا ئەو جۆرە چەکە ئەتۆمییەمان هەیە. هەروەها ئێمە زۆر زیاتر لەوان پێشکەوتووترین."
لەبارەی ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ شەڕی ئەتۆمی، پووتین گوتی، "لەڕووی تێڕوانینی تەکنیکی و سەربازییەوە ئێمە ئامادەین."
لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، پووتین ناوە ناوە بانگەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی کردووە، شووباتی ئەم ساڵیش هۆشداریی دایە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا، لە ئەگەری ناردنی سەرباز بۆ یارمەتیدانی ئۆکراینا، رەنگە کارەساتی ئەتۆمی رووبدات، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی.
سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی دەڵێت، "بانگەشە بەردەوامەکانی رووسیا [بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی] بێباکانە و نابەرپرسیارانە بووە. ئەوە رووسیا بوو بەبێ رەوایی ئۆکراینای داگیرکرد. ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنی رووسیا لەکاتێکدا ئەوان بەرگریی لە خەڵک و خاکی خۆیان دەکەن لە دژی شەڕانگێزییەکانی رووسیا."
قسەکانی پووتین چەند رۆژێک پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رووسیا دێن، کە هەموو ئاماژەکان ئەوە پێشان دەدەن پووتین بۆ شەش ساڵی دیکە لە کۆشکی سەرۆکایەتی – کرێملین دەمێنێتەوە.
بەگوێرەی فیدراسیۆنی زانایانی ئەمریکا (FAS)، رووسیا زیاتر لە 5000 کڵاوەی ئەتۆمیی هەیە و ئەوەش رووسیا دەکاتە خاوەنی گەورەترین جبەخانەی ئەتۆمی لە جیهاندا.
هەر لە هەڤپەیڤینەکەدا پووتین رایگەیاند، ناردنی سەرباز لەلایەن هاوپەیمانی ناتۆوە بۆ بەشداریکردن لە جەنگی ئۆکراینا، هیچ لە دۆخی جەنگەکە ناگۆڕێت.
پووتین لەو بارەیەوە گوتی، "ئەگەر باس لە یەکە سەربازییەکانی وڵاتانی بیانی بکەین، دڵنیام لەوەی هەبوونی ئەو هێزانە هیچ شتێک لە دۆخی جەنگەکە ناگۆڕیت، هەروەک چۆن کە دابینکردنی چەک هیچی لە دۆخەکە نەگۆڕی."
ئەو گوتانەی پووتین دوای ئەوە دێت کە مانگی رابردوو، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پرسی ناردنی سەربازی بۆ ئۆکراینا وروژاند.
رۆژی سێشەممە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "پاکێجێکی فریاگوزاریی 300 ملیۆن دۆلاری بۆ ئۆکراینا دابین دەکەین." بەڵام هێشتا کۆنگرێسی ئەمریکا بڕیاری کۆتایی نەداوە.
ئەمریکا و چەندین وڵاتی ئەوروپا هەر لە دەستپێکی جەنگەوە پشتگیریی خۆیان بۆ ئۆکراینا راگەیاند و بە چەک و پارە یارمەتییان داوە. لە شوباتی ئەمساڵ، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، دەبێت وڵاتانی رۆژئاوا لەوە تێبگەن کە ناتوانن لە ئۆکراینا شکست بە رووسیا بهێنن.
رووسیا بەشێکی هەرێمەکانی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک، میکۆلایڤ و زاپۆریژیای لەنێو ئۆکراینا کۆنترۆڵ کردووە؛ لە ساڵی 2014شەوە هەرێمی کریمیای لە ئۆکراینا لکاندووە بەخۆیەوە و بە بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی ناساندوویەتی.
لە 24ـی شوباتی 2022، رووسیا هێرشێکی فراوانی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری ئۆکراینا دەستپێکرد. ئەمریکا و چەندین وڵاتی ئەوروپا هەر لە دەستپێکی جەنگەوە پشتگیریی خۆیان بۆ ئۆکراینا راگەیاند و بە چەک و پارە یارمەتییان داوە. لە شوباتی ئەمساڵ، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، دەبێت وڵاتانی رۆژئاوا لەوە تێبگەن کە ناتوانن لە ئۆکراینا شکست بە رووسیا بهێنن.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لەو جەنگەدا زیاتر لە 10 هەزار سڤیلی ئۆکراینی کوژراون.
بە مەزەندەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش، ئەو جەنگە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 100 هەزار سەربازی ئۆکراینی و لە بەرامبەریشدا لانیکەم 120 هەزار سەربازی رووسی و چەکداری ڤاگنەری رووسی لە ئۆکراینا کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ