رووداو دیجیتاڵ
زاناکانی چین پاترییەکی ئەتۆمییان دروستکردووە کە بەشی 100 ساڵ دەکات، واتە بارگەکەی یەک سەدە دەمێنێتەوە.
پاترییەکە بە بەکارهێنانی مادەی کاربۆن-14 دروستکراوە کە جۆرێکی تیشکدەری کاربۆنە.
پاترییەکە راستەوخۆ تیشکدانەوەی ئەتۆمی دەگۆڕێت بۆ وزەی کارەبایی.
کاربۆن-14 لە کاتی تێکچوون و کۆنبوونی، تیشک دەداتەوە. لەنێو پاترییەکەدا چەند نیمچە گەیێنەرێک تیشکدانەوەکە دەگۆڕن بۆ وزە، بێ ئەوە پێویست بە بەکارهێنانی هیچ گەرمییەک بکات، بەمەش پاترییەکە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ بمێنێتەوە.
لەبەر ئەوەی بەرکەوتن بە تیشکدانەوەی ئەتۆمی مەترسیی لەسەر ژیانی مرۆڤ و زیندەوەران دروست دەکات، رێکاری سەلامەتی لە پاتریی لەم شێوەیەدا زۆر کاریگەرە.
تیشکدانەوەی کاربۆن-14 تا رادەیەک کەمە و وزەیەکی لاوازی هەیە، بۆیە دەکرێت لەنێو بەرگی پاترییەکەدا بە باشی رێگە لە دزەکردنی بگرێت.
ئەو بەرگەی پاترییە چینییەکەی پێ داپۆشراوە، لە ئەڵماسی دەستکرد دروستکراوە، کە نەوەک تەنیا وەک قەڵخانێک دژی تیشکدانەوە کاردەکات، بەڵکو لە هەمان کاتیشدا وەک نیمچە گەیێنەرێک بۆ بەرهەمهێنانی وزە کاردەکات.
پەرەپێدانی ئەم جۆرە پاترییە دەچێتە ریزی هەوڵە جیهانییەکانی بەدەستهێنانی وزەی درێژخایەن لە رێگەی سوودوەرگرتن لە تیشکدانەوەی ئەتۆمییەوە.
ئەم جۆرە پاترییە لە چەندین بواردا سوودی دەبێت، بە تایبەتی لەو ئامێرانەدا کە گۆڕینی پاترییەکانیان ئاسان نییە یانیش پێویستیان بەوەیە بۆ ماوەیەکی درێژ بێ بارگاویکردن کاربکەن وەک:
لە بواری تەندروستی:
ئامێری رێکخستنی لێدانی دڵ
ئامێری بیستۆکی نێو گوێ
پەمپی ئەنسۆلین
لە بواری بۆشایی:
مانگە دەستکردەکان
کەشتییە ئاسمانییەکانی دوور لە زەوی
گالیسکەکانی وەک ئەوانەی سەر مەریخ
لە بواری سەربازی:
درۆنی چاودێری
کەشتیی ژێردەریایی
درۆنی هێرشبەر
بوارەکانی دیکە:
تاوەرەکانی پەیوەندی
هەستەوەری نێو بۆرییەکانی نەوت و گاز
مۆبایل
کاتژمێر
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ