مەسک: 2029 یان 2031 مرۆڤ دەنێرینە سەر مەریخ

15-03-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

خاوەن و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سپەیس ئێکس رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو رۆکێتی ستارشیپ دەنێرنە سەر مەریخ. دەشڵێت، تاوەکو ساڵانی 2029 بۆ 2031، لە رێگەی ئەو کەشتییەوە مرۆڤ دەنێرنە سەر هەسارەکە. 
 
رۆژی شەممە، 15ـی ئاداری 2025، ئیلۆن مەسک گوتی، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 کەشتی ئاسمانی ستارشیپ بە رۆبۆتێکی شێوە مرۆجەوە دەنێرنە سەر مەریخ. رۆبۆتەکە نرخەکەی لەنێوان 20 هەزار بۆ 30 هەزار دۆلارە. 
 
ستارشیپ، کەشتیی ئاسمانی و رۆکێتێکە کە لەلایەن کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئەمریکییەوە دروستکراوە. کەشتییەکە 20ـی نیسانی 2023 بۆ یەکەمجار تاقیکرایەوە. 
 
مەسک دەشڵێت، ئەگەر لەو هەنگاوەیاندا سەرکەوتووبن، ئەوا سەرەتای ساڵی 2029 یان بە ئەگەرێکی زیاترەوە ساڵی 2031 مرۆڤیش دەنێرنە سەر مەریخ. 
 
ستارشیپ 123 مەتر درێژە و بە جۆرێک دیزاینکراوە کە کەلوپەلەکانی بتواندرێت بەکاربهێندرێنەوە. کۆمپانیای سپەیس ئێکس بەنیازە بۆ گەڕان بە مانگ، مەریخ و ناوچەکانی دیکەی بۆشایی ئاسماندا بەکاریبهێنێت. 
 
گوتەکانی مەسک و شکستەکانی کۆمپانیاکەی
 
ئەو گوتانەی مەسک لە کاتێکدان رۆژی 7ـی ئەم مانگە کۆمپانیاکە شکستیهێنا لە تاقیکردنەوەی کەشتیی سپەیس ئێکس. بەشی سەرەوەی کەشتییەکە لە ئاسماندا تەقییەوە و پاشماوەکانی کەوتنە نێو دەریاوە. 
 
هەمان رۆژ، دان هۆوت، کۆمێنتاری چالاکییەکانی سپەیس ئێکس گوتی، "پشتڕاستی دەکەینەوە کە پەیوەندیمان لەگەڵ کەشتییەکە پچڕا. بەداخەوە، ئەمە جاری پێشووش روویدا و هەندێک ئەزموونمان لەوە وەرگرتووە. چەند رێکارێکمان بەرامبەر بەوە گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی پاشماوەکەی کاریگەری لەسەر کەس نەبێت". 
 
کەشتییەکە کاژێر 2:30ـی بەیانی رۆژی هەینی بەکاتی هەولێر لە ویلایەتی تێکساسەوە هەڵدرا. بەشی خوارەوەی کەشتییەکە بە سەرکەوتوویی لە شوێنی هەڵدانییەوە نیشتەوە. بەشی سەرەوەشی چەند خولەکێک دوای جیابوونەوە تەقییەوە. 
 
دەستەی فیدراڵی ئاسمانیی ئەمریکا رایگەیاند، دوای تەقینەوەی بەشی سەرەوەی کەشتییەکە ئەو ناوچەیەیان بەڕووی فڕۆکەکاندا داخست کە پێشبینیدەکرا پاشماوەی کەشتییەکەی لێ بکەوێتە خوارەوە.  
 
کۆمپانیای سپەیس ئێکس لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە رووداوەکە رایگەیاند، "رووداوێک لە بەشی دواوەی ستارشیپ بووە هۆی زیانگەیاندن بە چەند بزوێنەرێکی راپتۆر. ئەم زیانە بووە هۆی نەمانی پەیوەندی بە ستارشیپەوە و هیچ مادەیەکی ژەهراوی لەنێو پاشماوەکانی کەشتییەکەدا نییە". 
 
کۆمپانیای سپەیس ئێکس دەیویست کەشتییەکە بێ سەرنشین تاقیبکاتەوە بۆ ئەوەی دواتر بە سەرنشینەوە بینێرێتە مەریخ. لەمساڵدا ئەمە دووەم شکستی هەڵدانی کەشتی کۆمپانیاکە بوو.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە