لە سویسرا پیاوێک بە چەقۆ شەش کەس بریندار دەکات

15-05-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پیاوێک لە باکووری سویسرا بە چەقۆ هێرشی کردە سەر چەند کەسێک و، شەشیانی بریندار کرد. پۆلیس دەڵێت، هێرشکارەکەیان دەستگیرکردووە.
 
رووداوەکە ئەمڕۆ (چوارشەممە 15-05-2024) لە شارۆچکەی زۆفینگێن لە باکووری سویسرا روویدا، پیاوێک بە چەقۆ هێرشی کردە سەر چەند کەسێک. برینی بەشێک لە بریندارەکان سەختە.
 
شارۆچکەی زۆفینگێن دەکەوێتە کانتۆنی ئارگاو کە نزیکەی 60 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای زیوریخ دوورە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتە، پیاوەکە سەرەتا لە وێستگەیەکی شەمەندەفەری ئەو شارۆچکەیە هێرشی کردووەتە سەر چەند کەسێک و برینداریی کردوون، دواتر خۆی کردووە بەنێو خانوویەکدا.
 
دوای دوو کاژێر لە گفتوگۆکردن لەگەڵ پۆلیس، پیاوەکە رازی بووە بێتە دەرەوە و دەستگیرکراوە. 
 
بێرنهارد گراسەر، گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت "پیاوەکە لەکاتی هێرشکردن خۆی بریندار کردووە و لە نەخۆشخانە چارەسەری وەرگرتووە."
 
یەکێک لە شایەتحاڵەکان بە میدیای ناوچەکەی گوت "هاوژینە دووگیانەکەم یەکێکە لە بریندارەکان، چەقۆ بە دەموچاوی کەوتووە، بەڵام ژیانی لە مەترسیدا نییە."
 
پۆلیس داوای لە دانیشتووی ناوچەکە کردووە لە شوێنی رووداوەکە دووربکەونەوە و وێستگەی شەمەندەفەرەکەش داخراوە، داواش دەکات هەر کەسێک ڤیدیۆی کاتی رووداوەکەی لابێت بۆیان بنێرێت. 
 
پۆلیس دەڵێت تائێستا هۆکاری هێرشەکە نادیارە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە