رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا بۆ هێزەکانی وڵاتەکەی لە بنکەی ئاسمانیی عودەید لە دەوحەی قەتەر، جەختی کردەوە کە ئەگەر لەبەر ئەمریکا نەبووایە، لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، ئەورووپی و وڵاتانی دیکە خۆیان بەدەست ئەڵمانیای نازی و هاوپەیمانەکانییەوە دەدا، ئەمەش دەبووە هۆی جیهانێک کە تێیدا زۆر کەس "بە ئەڵمانی قسەیان دەکرد" و"رەنگە هەندێکیش بە ژاپۆنی."
ترەمپ نیگەرانیی خۆی نیشاندا لە بەرامبەر ئەوەی، وەک خۆی دەڵێت، ئەمریکا وەک پێویست رۆڵی خۆی لە سەرکەوتنەکەدا بەرز نانرخێندرێت.
ترەمپ رایگەیاند: "رووسیا ئاهەنگی دەگێڕا، فەرەنسا ئاهەنگی دەگێڕا، هەمووان ئاهەنگیان دەگێڕا جگە لە ئێمە. ئێمە ئەوانەین کە جەنگەکەمان بردەوە. ئێمە جەنگەکەمان بردەوە و ئەوان یارمەتییان دا، بەڵام بێ ئێمە ئەوان جەنگەکەیان نەدەبردەوە."
سەرۆکی ئەمریکا باسی گفتوگۆی ئەم دواییەی خۆی لەگەڵ سەرکردە بیانییەکان کرد کە یادی کۆتاییهاتنی جەنگەکەیان دەکردەوە. "پەیوەندیم بە هەر وڵاتێکەوە دەکرد و دەیانگوت 'ئێمە ئەمڕۆ ئاهەنگی سەرکەوتنی جەنگی دووەمی جیهانی دەگێڕین گەورەم.' دەم گوت، ها! بەڕاست؟"
ترەمپ دەڵێت: "ئێمە فەرەنسامان خۆشدەوێت، وایە؟ بەڵام پێموایە ئێمە کەمێک زیاترمان کرد بۆ بردنەوەی جەنگەکە لەوەی فەرەنسا کردی، هاوڕاین؟" هەروەها باسی لەوە کرد: "کاتێک هیتلەر گوتارەکەی لە بورجی ئایفڵ پێشكێش کرد، ئەوە شتێکی تەواو نموونەیی نەبوو."
ترەمپ نیازی خۆی ئاشکراکرد کە دەیەوێت چەند رۆژێک بکاتە "پشووی فەرمی بۆ یادکردنەوە"ی سەرکەوتنی ئەمریکا لە هەردوو جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی. جەختیشیکردەوە: "ئێمەش ئاهەنگ دەگێڕین، چونکە دەبێت ئێمە زیاتر لە هەموو کەسێکی دیکە ئاهەنگ بگێڕین. ئەوانی دیکەش زۆر یارمەتییان دا، بەڵام کەس وەک ئێمە یارمەتیدەر نەبوو، مەبەستم ئەوەیە راستییەکەی بەبێ ئێمە بردنەوە مەحاڵ بوو."
لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت بە جەنگی دووەمی جیهانی بەشێک بوون لە گوتارێکی فراوانتر کە ئامانجی بەرزکردنەوەی ورەی سەربازی و تیشک خستنەسەر ئەجێنداکەی بوو، کە وەک خۆی دەڵێت، رێزی جیهانیی بۆ ئەمریکا گەڕاندووەتەوە. دڵنیاییشی دایە هێزەکان کە لەژێر فەرماندەیی ئەودا، سوپای ئەمریکا "گەورەتر، باشتر، بەهێزتر و بەتواناتر دەبێت لە هەموو کاتێک."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ