رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، داوای لە کۆمپانیای ئەپڵ کردووە، بەرهەمەکانی خۆی لە ئەمریکا دروستبکات نەک لە هیندستان. دوای ئەوەی ئەمریکا پێناسی گومرگی بەسەر چین سەپاند، ئەپڵیش گوتی بەرهەمهێنان دەباتە هیندستان.
رۆژی پێنجشەممە 15-05-2025، دۆناڵد ترەمپ گوتی: "کێشەیەکی بچووکم لەگەڵ تیم کوک هەیە، گوتم تیم، ئێمە بەباشی مامەڵەمان لەگەڵدا کردی، ئێمە بەرگەی هەموو ئەو کارگانەمان گرتووە کە چەندین ساڵە لە چین دروستت کردوون."
تیم کوک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی کۆمپانیای ئەپڵە، کە یەکێک لە بەرهەمە زۆر گرنگەکانی مۆبایلی ئایفۆنە.
ترەمپ رایگەیاند، بە کوکی گوتووە، "ئێمە پێمان خۆش نییە لە هیندستان وەبەرهێنان بکەیت، ئێمە دەمانەوێت بەرهەمەکانت لێرە دروستبکەی."
ئەم دووشەممەیە ئەمریکا و چین رایانگەیاند، بۆ ماوەی 90 رۆژ پێناسە گومرگییەکانی سەر یەکدی دەوەستێنن، ئەمە کەمکردنەوەی ئەو گرژییە بازرگانییە بوو کە بازاڕە داراییەکانی تۆقاندبوو و ترسێکی زۆر لە پاشەکشەی ئابووریی جیهانی دروستبوو.
پێش ئەو رێککەوتنەی نێوان پەکین و واشنتن، کوک رایگەیاند، کۆمپانیای ئەپڵ "ناتوانێت بە وردی پێشبینیی کاریگەریی پێناسە گومرگییەکان بکات."
کوک قازانجی چارەکی یەکەمی ساڵی 2025ـی خستەڕوو و گوتی: "پێشبینی دەکەین بەشێکی زۆری مۆبایلەکانمان کە لە ئەمریکا دەفرۆشرێن، لە هیندستان دروستبکرێن."
ئەمریکا پێناسی 145٪ـی گومرگیی خستبووە سەر ئەو بەرهەمانەی چین هەناردەی دەکرد، چین ناوەندێکی گرنگی بەرهەمهێنانی کۆمپانیای ئەپڵە.
هەرچەندە پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا ئەو مۆبایلانە ناگرێتەوە کە دروستکردنیان تەواوبووە، بەڵام بەشێکی زۆری ئەو پارچانەی لە مۆبایلی ئایفۆن بەکاردێن، بەر شاڵاوی پێناسە گومرگییەکان دەکەون.
ئەپڵ پێشبینی دەکات، لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا پێناسە گومرگییەکان زیانی 900 ملیۆن دۆلاری لێبدات.
هیندستانیش پێناسی گومرگی لەسەرە، رۆژی 13ـی مانگ هەڕەشەی وەڵامدانەوەیان کرد.
سوبرامانیام جەیشەنکار، وەزیری دەرەوەی هیندستان ئەمڕۆ پێنجشەممە گوتی، دانوستاندنە بازرگانییەکانی نێوان هیندستان و ئەمریکا بەردەوامن، ئەگەر هەر رێککەوتنێک بکرێت، پێویستە سوود و قازانجی دوو لایەنەی هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ