رووداو دیجیتاڵ
ئیسپانیا لە یەکی تەممووزەوە سەرۆکایەتیی یەکێتیی ئەوروپا دەگرێتەدەست. پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە دەڵێت، لە ماوەی سەرۆکایەتیی ئیسپانیادا، یەکێتیی ئەوروپا لەسەر پرسی کۆچبەران دەگاتە رێککەوتن.
سانچێز لە مەدریدی پایتەختی وڵاتەکەی باسی لەو کارانە کرد کە ئیسپانیا بە گرنگ دەیانبینێت و لە کاتی سەرۆکایەتیکردنی یەکێتیی ئەوروپادا بایەخیان پێ دەدات، سەرەکیترینیشیان گەیشتنە بە رێککەوتنێک بۆ دابەشکردنی بەرپرسیاریەتیی کۆچبەران لە تەواوی یەکێتیی ئەوروپا بەشێوەیەکی یەکسان.
ئیسپانیا لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنی یەکێتیی ئەوروپادا رووبەڕووی ناڕوونی دەبێتەوە، لە کاتێکدا کە 23ی تەمووز هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەو وڵاتە دەکرێت و راپرسییەکان پێشانیدەدەن کە رەنگە هاوپەیمانییە چەپەکەی سانچێز لە حکومەت دووربخرێتەوە و هاوپەیمانیێکی نەریتخواز یان تەنانەت ئەوپەڕی راستڕۆ جێگەی بگرێتەوە.
دوای دانوستاندنە سەرکەوتووەکانی هەفتەی رابردووی برۆکسل، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا پشتڕاست بوو لەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا بەم نزیکانە لەسەر کۆچ و پەناخوازی دەگەنە رێککەوتن.
هەروەها باسی لە نقومبوونی بەلەمێکی ماسیگریی پڕ لە کۆچبەر لە دەریای ئیجەدا کرد کە رۆژی چوارشەممە بووە هۆی خنکانی لانیکەم 78 کەس و ئەوەی بە بەڵگە هێنایەوە بۆ گرنگیی رێککەوتن.
وەزیرانی نێوخۆی 27 وڵاتەکەی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر پلانێک رێککەوتوون بۆ دابەشکردنی بەرپرسیارێتیی ئەو کۆچبەرانەی بێ مۆڵەت دەچنە نێو یەکێتییەکە بۆ ئەوەی ئەرکی وڵاتەکان هاوسەنگ بکرێت.
پەرلەمانتارانی یەکێتیی ئەوروپا هۆشدارییان داوە کە دەکرێت ئەمە "کۆتا دەرفەت" بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە پێش ئەوەی هەڵبژاردنەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ