رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە دوو ملیۆن کەس کە 4685ـیان هاونیشتیمانیی هەرێمی کوردستانن، ئەمڕۆ تاوەکو دوای نوێژی شێوان (مەغریب) لە کێوی عەرەفە مانەوە. نزا و داوای لێخۆشبوونیان کرد و رازی دڵی خۆیان بە پەروەردگار گەیاند.
حوسێن محەممەد، هاووڵاتی میسری دەڵێ "بە دڵنیاییەوە ئەمە شتێکی زۆر نایابە، ئەمە باشترین رۆژی ساڵە بۆ موسڵمانان، هەروەها باشترین هەستە کە کەسێک بتوانێت ئەزموونی بکات. ئێرە باشترین شوێنە بۆ ئەو کەسانەی هیوای گەیشتن بە ئێرە و ئەم ساتەیان هەیە."
کێوی عەرەفە، دەکەوێتە 20 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی مەککە، بە کێوی رەحمەت ناسراوە و بە کرۆکی بەجێگەیاندنی فەریزی حەج دادەندرێت.
محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پەیامبەری ئیسلام (د.خ.) دوایین گوتاری خۆی کە بە "گوتاری ماڵئاوایی" ناسراوە، لەسەر کێوی عەرەفە پێشکێش کرد و تێیدا داوای یەکسانی و یەکگرتوویی لە موسڵمانان کرد.
حاجییان ئەمڕۆ دوای نوێژی شێوان. بەرەو ناوچەی موزدەلیفە بەڕێ دەکەون، کە دەکەوێتە نێوان مینا و کێوی عەرەفە، لەوێ نوێژی شێوان (مەغریب) و خەوتنان (عیشا) بە کورتکراوەیی و پێکەوە دەکەن؛ ئەمشەو لە (موزدەلیفە)دەمێننەوە.
عەلی عوسمان، هاووڵاتی ئیسپانیا لەسەر کێوی عەرەفەوە دەڵێ "ئەم شوێنە، سوپاس بۆ خودا، وزەیەکی زۆر باشت پێدەدات، هەست دەکەم ئێرە وەک ئەوە وایە کە لە زمانی عەرەبی پێی دەڵێن مەشعەر. من هەموو شتێکم جێهێشتووە و هاتوومەتە ئێرە، سوپاس بۆ خودا ئەوە یەکەمجارمە دێمە ئێرە، بەهیوام کە لە داهاتوودا دووبارە بێمەوە."
دواتر دەچنە بەردبارانکردنی عەقەبە. ئینجا حەوت جار بە دەوروی کەعبە دەسووڕێنەوە، کە پێی دەگوترێ "تەوافی ئیفازە". دواتر حەوت جار هاتن و چوونی سەفا مەڕوا ، ئینجا قژ تاشین، یان قژکورتکردنەوە.
بۆ رۆژی یەکەمی جەژن، حاجیان دەچنە مینا و دووشە و دەمێننەوە. یەکەم رۆژ دوای نیوەڕۆ دەچن بۆ بەردبارانکردن. دووەم ڕۆژیش دوای نیوەڕۆ دەچنەوە بۆ بەردبارانکردن. بەم شێوەیە ئەرکەکانی حەج کۆتایی دێت و تاوەکو ساتی گەڕانەوە و ئەنجامدانی تەوافی ماڵئاوایی.
سوننەتە حاجیان لەماوەی ئەرکەکانیاندا قوربانی بکەن و ئاژەڵێک سەربڕن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ