رووداو دیجیتاڵ
رووسیا دەیان ساڵە هاوسەنگییەکی ناسکی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست راگرتووە، هەوڵی داوە پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ ئیسرائیل رابگرێت، تەنانەت لەکاتێکدا کە پەیوەندیی ئابووری و سەربازیی بەهێزی لەگەڵ ئێران پەرەپێداوە.
هێرشە سەربازییەکانی ئەم هەفتەیەی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران، کە بووە هۆی کوژرانی ژەنەراڵ و زانا باڵاکان، و وەڵامدانەوەی تاران بە درۆن و مووشەک، مۆسکۆی خستووەتە دۆخێکی هەستیارەوە، کە پێویستی بە شارەزاییەکی وردی دیپلۆماسییە بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەردوولا؛ بەڵام لە هەمان کاتدا رەنگە دەرفەت بۆ رووسیا بڕەخسێنێت کە ببێتە نێوبژیوانێکی بەهێز بۆ یارمەتیدان لە کۆتاییهێنانی جەنگەکە.
هەندێک لە چاودێرانی مۆسکۆ دەڵێن، دەکرێت جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر جەنگی ئۆکراینا لابدات و لە بەرژەوەندیی رووسیادا بێت، بەهۆی ئەوەی ئەگەری هەیە پشتگیریی رۆژئاوا بۆ کیێڤ لاواز بکات.
رووسیا سەرکۆنە دەکات
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا قسەی لەگەڵ هەریەکە لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کردووە و پێشنیازی یارمەتیدانی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان کردووە.
لە پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ پزیشکیان، پووتین سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلی کرد و سەرەخۆشیی خۆی پێشکێش کرد. ئاماژەی بەوەش کرد، رووسیا دەستپێشخەریی تایبەتی خستووەتەڕوو کە ئامانجی چارەسەرکردنی پرسی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانە.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا راگەیێندراوێکی تووندی دەرکرد و هێرشەکانی ئیسرائیلی بە "بەهیچ شێوەیەک قبووڵنەکراو" ناوبرد، هۆشداریی دا کە "هەموو ئەنجامەکانی ئەم هەنگاوە دەکەوێتە ئەستۆی سەرکردایەتیی ئیسرائیل." داوای لە هەردوولاش کرد، "دان بەخۆیاندا بگرن بۆ رێگریکردن لە زیادبوونی زیاتری گرژییەکان و دوورخستنەوەی ناوچەکە لە شەڕێکی گشتگیر."
بەڵام سەرەڕای سەرکۆنەکردنە تووندەکە، مۆسکۆ هیچ ئاماژەیەکی نەداوە کە جگە لە پشتیوانیی سیاسی، شتێکی دیکە پێشکێشی تاران بکات، ئەمەش سەرەڕای بوونی پەیماننامەی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵات.
کرێملین لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ نەتەنیاهوو، پووتین "جەختی لەسەر گرنگیی گەڕانەوە بۆ پرۆسەی دانوستاندن و چارەسەرکردنی هەموو پرسەکانی پەیوەست بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران کردەوە، تەنیا لە رێگەی سیاسی و دیپلۆماسییەوە"، هەروەها نێوەندگیریی خۆی پێشکێش کرد "بۆ رێگریکردن لە زیاتربوونی گرژییەکان."
راگەیێندراوەکەی کرێملین دەشڵێت، "رێککەوتن کرا کە لایەنی رووسیا بەردەوام دەبێت لەسەر پەیوەندیی نزیک لەگەڵ سەرکردایەتیی هەردوو وڵاتی ئێران و ئیسرائیل، بە ئامانجی چارەسەرکردنی دۆخی ئێستا، کە پڕە لە ئەنجامی کارەساتباری گەورە بۆ تەواوی ناوچەکە."
پووتین و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی شەممە لە رێگەی تەلەفۆنەوە باسیان لە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد. یوری ئوشاکۆڤ، راوێژکاری کاروباری دەرەوەی پووتین گوتی، سەرۆکی رووسیا جەختی لەسەر ئامادەیی وڵاتەکەی کردووەتەوە بۆ ئەنجامدانی هەوڵەکانی نێوەندگیری و ئاماژەی بەوە کردووە، رووسیا چەند هەنگاوێکی پێشنیاز کردووە "بە ئامانجی دۆزینەوەی رێککەوتنی جێگەی پەسندی هەردوولا" لەمیانی دانوستاندنەکانی ئەمریکا و ئێران لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران.
پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و تاران: لە گرژییەوە بۆ هاوبەشیی ستراتیژی
پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و تاران زۆرجار لە سەردەمی شەڕی سارددا ئاڵۆز بوون، کاتێک شا محەممەد رەزا پەهلەوی هاوپەیمانی ئەمریکا بوو. دوای شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی 1979، ئایەتوڵڵا روحوڵڵا خومەینی، ئەمریکای بە "شەیتانی گەورە" ناوبرد، بەڵام هێرشیشی کردە سەر یەکێتیی سۆڤیەت وەک "شەیتانی بچووکتر."
پەیوەندییەکانی رووسیا و ئێران دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی 1991 بە خێرایی بەرەوپێش چوون، کاتێک مۆسکۆ بووە هاوبەشێکی بازرگانیی گرنگ و دابینکەری سەرەکیی چەک و تەکنەلۆژیا بۆ ئێران، لە کاتێکدا رووبەڕووی سزای نێودەوڵەتی بووەوە. رووسیا یەکەم وێستگەی ئەتۆمیی ئێرانی لە بەندەری بوشەهر دروستکرد، کە لە ساڵی 2013دا کەوتەکار.
رووسیا بەشێک بوو لە رێککەوتنی 2015ی نێوان ئێران و 6 زلهێزی جیهان، کە سووککردنی سزاکانی بۆ تاران پێشکێش دەکرد لە بەرامبەر سنووردارکردنی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی و کردنەوەی بەڕووی چاودێریی فراوانتری نێودەوڵەتی. کاتێک ئەمریکا لە سەردەمی یەکەمی ترەمپدا بە شێوەیەکی تاکلایەنە لە رێککەوتنەکە کشایەوە، رووسیا پشتیوانیی سیاسیی پێشکێش کرد.
دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011، رووسیا و ئێران هەوڵەکانیان یەکخست بۆ پشتگیریکردنی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد. ئەوان یارمەتیی ئەسەدیان دا بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی زۆربەی وڵات، بەڵام نەیانتوانی رێگری لە رووخانی خێرای دەسەڵاتەکەی بکەن لە کانوونی یەکەمی 2024، دوای هێرشێکی برووسکئاسای ئۆپۆزیسیۆن.
کاتێک مۆسکۆ لە ساڵی 2022دا هێرشی گشتگیری بۆ سەر ئۆکراینا دەستپێکرد، رۆژئاوا دەنگۆی ئەوەی کرد کە تاران رێککەوتنێکی لەگەڵ کرێملین واژۆ کردووە بۆ گەیاندنی درۆنەکانی شاهید و دواتر دەستپێکردنی بەرهەمهێنانیان لە رووسیا.
لە مانگی کانوونی دووەمدا، پووتین و پزیشکیان رێککەوتنی "هاوبەشیی ستراتیژیی گشتگیر"یان واژۆ کرد کە پەیوەندیی نزیکی سیاسی، ئابووری و سەربازی لەخۆدەگرێت.
پەیوەندییەکانی رووسیا و ئیسرائیل بە بەهێزی ماونەتەوە
لەکاتی شەڕی سارد، مۆسکۆ چەکی بە دووژمنە عەرەبەکانی ئیسرائیل دەدا و راهێنانی پێدەکردن. پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئیسرائیل لە ساڵی 1967دا پچڕان، بەڵام لە ساڵی 1991دا دەستیانپێکردەوە. پەیوەندییەکانی رووسیا و ئیسرائیل دوای رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت بەخێرایی بەهێز بوونەوە و بە بەهێزیش ماونەتەوە.
سەرەڕای پەیوەندییە نزیکەکەی مۆسکۆ لەگەڵ تاران، پووتین چەندین جار ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل.
سەرۆکی رووسیا پەیوەندیی گەرم و کەسیی لەگەڵ نەتەنیاهوو پاراستووە، کە پێش جەنگی ئۆکراینا بەردەوام سەردانی رووسیای دەکرد.
رووسیا و ئیسرائیل پەیوەندییەکی سیاسی، ئابووری و کولتووریی نزیکیان بنیاتناوە کە یارمەتیی داون بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە ناسک و ناکۆکیهێنەرەکان، لەنێویاندا پێشهاتەکانی سووریا. ئەم پەیوەندییە لە ساڵی 2018دا لە تاقیکردنەوەیەکی سەخت رزگاری بوو، کاتێک فڕۆکەیەکی سیخوڕیی سەربازیی رووسی لەلایەن هێزەکانی سووریاوە لە وەڵامی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا خرایە خوارەوە و هەر 15 سەرنشینەکەی گیانیان لەدەستدا.
تەنانەت سەرەڕای ئەوەی رووسیا سیستمی مووشەکیی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتووی جۆری S-300ـی بە ئێران داوە، کە ئیسرائیل دەڵێت لە هێرشەکانی ساڵی رابردووی بۆ سەر ئێران لەنێویبردووە، مۆسکۆ لە گەیاندنی چەکی دیکەدا خاوەخاوی کردووە، کە وادیارە لە وەڵامی نیگەرانییەکانی ئیسرائیلدایە. بەتایبەتی، رووسیا گەیاندنی فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی جۆری Su-35ـی دواخستووە، کە ئێران دەیەوێت بۆ ئەوەی کەشتیگەلە کۆنەکەی نوێ بکاتەوە.
ئیسرائیلیش لەلای خۆیەوە، وا دەردەکەوێت کە بەرژەوەندییەکانی مۆسکۆی لەبەرچاوگرتووە، بەوەی حەزێکی کەمی نیشانداوە بۆ دابینکردنی چەک بۆ ئۆکراینا لە جەنگە 3 ساڵییەکەدا.
پەیوەندییە دۆستانەکانی کرێملین لەگەڵ ئیسرائیل بووەتە هۆی ناڕەزایەتی لە تاران، کە وایکردووە هەندێک لە ئەندامانی باڵای سیاسی و سەربازیی ئەو وڵاتە گومانیان لە نیازی مۆسکۆ هەبێ.
دەستکەوتە ئەگەرییەکانی رووسیا لە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
پاراستنی پەیوەندیی باش لەگەڵ هەریەکە لە ئیسرائیل و ئێران رەنگە ئێستا سوودی هەبێت و مۆسکۆ بخاتە پێگەی نێوبژیوانێکی بەهێز کە جێگەی متمانەی هەردوولا بێت و بەشدارێکی ئەگەریی هەر رێککەوتنێکی داهاتوو بێت لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمیی تاران.
پێش هێرشەکانی رۆژی هەینی، پووتین لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ترەمپدا باسی لە زیادبوونی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردبوو، گفتوگۆکان دەرفەتێکیان بە سەرۆکی رووسیا بەخشیبوو تاوەکو لە جەنگی ئۆکراینا دووربکەوێتەوە و بە شێوەیەکی فراوانتر لەگەڵ واشنتن لەسەر پرسە جیهانییەکان گفتوگۆ بکات.
سێرگی ریابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە رۆژانی رابردوودا پێشنیازی کرد کە رووسیا دەتوانێت یۆرانیۆمی زۆر پیتێندراو لە ئێران وەربگرێت و بیکاتە سووتەمەنیی کارلێکەری ئەتۆمیی مەدەنی، وەک بەشێک لە رێککەوتنێکی ئەگەری لەنێوان ئەمریکا و ئێران.
دوای هێرشەکانی ئیسرائیل، ئاسۆی دانوستاندن لەسەر رێککەوتنێک کە تێیدا ئێران کۆتوبەندی تووندتر لەسەر پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی قبووڵ بکات، کز دیارە. بەڵام ئەگەر گفتوگۆکان دەستپێبکەنەوە، پێشنیازەکەی رووسیا رەنگە ببێتە بەشێکی سەرەکیی رێککەوتنەکە.
زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە هێرشەکانی ئیسرائیل رەنگە نرخی نەوتی جیهانی بەرزبکەنەوە و یارمەتیدەر بن بۆ دەوڵەمەندکردنی مۆسکۆ لە کاتێکدا کە ئابوورییەکەی لە دۆخێکی سەختدایە.
روسلان پوخۆڤ، شرۆڤەکاری سەربازیی نیشتەجێی مۆسکۆ، دەڵێت، "ئەمە هیواکانی ئۆکراینا و هاوپەیمانەکانی لە رۆژئاوای ئەوروپا بۆ دابەزینی داهاتی نەوتی رووسیا لەنێودەبات، کە بۆ پڕکردنەوەی بودجەی سەربازی پێویستە."
هەندێک لە شرۆڤەکارانی مۆسکۆش دەڵێن، رووبەڕووبوونەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رەنگە سەرنج و سەرچاوەکانی رۆژئاوا لە جەنگی ئۆکراینا لابدات و بۆ رووسیا ئاسانتری بکات کە پەیڕەوی لە ئامانجەکانی بکات لە گۆڕەپانی جەنگدا.
سێرگی مارکۆڤ، شرۆڤەکاری نزیک لە کرێملین گوتی، "گرنگیی جیهان بە ئۆکراینا لاواز دەبێت. شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران یارمەتیی سەرکەوتنی سوپای رووسیا دەدات لە ئۆکراینا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ