رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمریکا رایدەگەیێنن، کەسێک کە بە رەچەڵەک خەڵکی کۆسۆڤۆیە، بەتۆمەتی پەیداکردنی چەکدار بۆ گرووپی داعش دەستگیرکراوە و سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە.
رۆژی شەممە، 15ـی تەممووزی 2023، ماتیۆ ئۆڵسن، یاریدەدەری داواکاری گشتی لە بەشی ئاسایشی نیشتمانیی وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، ئەندامەکەی داعش ناوی میرساد کاندیک ـە و تەمەنی 41 ساڵە.
میرساد، لە کانوونی یەکەمی 2013 چووەتە حەلەبی سووریا و بووەتە ئەندامی داعش و پلەی ئەمیری وەرگرتووە و دواتر چووەتە تورکیا و لەوێوە یارمەتیی چەند کەسێکی داوە بۆ ئەوەی بچنە ریزەکانی داعش. ئەمە بەگوێرەی وەزارەتی دادی ئەمریکا.
بەگوتەی وەزارەتی دادی ئەمریکا، "ئەو [میرساد] کەسی لە وڵاتانی رۆژئاواوە ناردووەتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە سووریا و ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
لە تۆمارێکی دەنگیدا کە دەست داواکاری گشتی ئەمریکا کەوتووە، میرساد ئاماژە بەوە دەکات کە زیاتر لە 20 هەزار چەکداری بۆ داعش رەوانە کردووە.
ویڵیەم سوێنی، سەرۆکی نووسینگەی پۆلیسی نیویۆرکی پۆلیسی فیدرالی ئەمریکا رایگەیاند، میرساد لە ساڵی 2017 لە بۆسنە دەستگیرکراوە و شەش تۆمەتی ئاراستە کراوە.
یەکێک لەو کەسانەی کە میرساد رەوانەی نێو گرووپی داعشی کردووە، جەیک بیلاردی بووە کە هاووڵاتییەکی ئوستراڵییە و لە ئاداری 2015 لە شاری روومادی خۆی بە کاروانێکی سوپای عێراقدا تەقاندەوە و 30 سەربازی کوشت.
بەگوێرەی ئامارەکانی زانکۆی George Washingtonی ئەمریکا، لە ساڵی 2014ـەوە 246 کەس بە تۆمەتی پەیوەندی بە داعش لە ئەمریکا دەستگیرکراون و لەو ژمارەیەش 198 کەسیان دانیان بەوەدا ناوە، پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە و لەگەڵ رێکخراوە پەڕگیرەکە هاوسۆز بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ