بەرپرسێکی یەکێتیی ئەورووپا بۆ رووداو: داوامان لە دەسەڵاتدارانی سووریا کردووە مافی پێکهاتەکان بپارێزن

15-07-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
دوبراڤکا شویکا، کۆمیسیاری یەکێتیی ئەورووپا بۆ وڵاتانی سەر کەناری دەریای نێوەڕاست. وێنە: رووداو
دوبراڤکا شویکا، کۆمیسیاری یەکێتیی ئەورووپا بۆ وڵاتانی سەر کەناری دەریای نێوەڕاست. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیاری یەکێتیی ئەورووپا بۆ وڵاتانی سەر کەناری دەریای نێوەڕاست رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریا جەختیان لە پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان کردووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێتیی ئەورووپا داوای کردووە دیالۆگی نیشتمانیی داهاتووی سووریا لە دەرەوەی دیمەشق بەڕێوەبچێت.
 
رۆژی سێشەممە 15ی تەممووزی 2025 دوبراڤکا شویکا، کۆمیسیاری یەکێتیی ئەورووپا بۆ وڵاتانی سەر کەناری دەریای نێوەڕاست، لە برۆکسل وەڵامی پرسیارەکانی ئاڵا شاڵی، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی بۆ رووماڵی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا دایەوە.
 
دوبراڤکا شویکا گوتی، "هەڵوێستێکی تایبەت هەیە؛ هەڵوێستەکە ئەوەیە کە دەبێت پرۆسەی سووریا بە سەرکردایەتی و خاوەندارێتیی سووریاییەکان بێت. متمانەمان بەم حکومەتە هەیە و چاوەڕوانین قسە لەبارەی هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانی کۆمەڵگەوە بکەین."
 
سەبارەت بە رۆڵی کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە هاوکاریکردنی سووریا بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان، شویکا باسی لە سەردانەکەی مانگی رابردووی خۆی بۆ سووریا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵات کرد و رایگەیاند، "داوامان لێکردن هەمووان بەشداری پێبکەن."
 
لەبارەی میکانیزمی کارکردنیان لەگەڵ حکومەتی ئێستای سووریا، ئەو بەرپرسەی یەکێتیی ئەورووپا گوتی، پلانیان بۆ "دیالۆگێکی نیشتمانی" هەیە و ئاراستەی کارەکانیان لە دەرەوەی سووریاوە بۆ نێوخۆی ئەو وڵاتە گۆڕیوە.
 
کۆمیسارەکەی یەکێتیی ئەورووپا داوایەکی ئاراستەی حکومەتی سووریا کردبوو و گوتی، "ئەوەی داوام لێکردن ئەوەیە کە نامەوێت [دیالۆگەکە] لە دیمەشق بکرێت. داوام لێکردن، لەبەرئەوەی دەمانەوێت هەموو وڵات بگرێتەوە، دەتوانن لە کەناراوەکان یان لە حەلەب یان هەر شوێنێکی دیکە ئەنجامی بدەن، نەوەک تەنیا لە دیمەشق، چونکە سووریا تەنیا دیمەشق نییە."
 
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی دوبراڤکا شویکا:
 
رووداو: لە کۆبوونەوەکانتان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا، باسی پاراستنی مافی نەتەوە و کەمینەکانتان کرد، بەتایبەتی کورد؟ 
 
دوبراڤکا شویکا: سەبارەت بە سووریا، هەڵوێستێکی تایبەت هەیە. هەڵوێستەکە ئەوەیە کە دەبێت پرۆسەی سووریا بە سەرکردایەتی و خاوەندارێتیی سووریاییەکان بێت. متمانەمان بەم حکومەتە هەیە و چاومان لەوەیە قسە لەبارەی هەموو چین و توێژ و بەشەکانی کۆمەڵگە بکەین. راستە بەتایبەتی قسەمان لەسەر ئەوە نەکردووە، بەڵام ئەمە هەڵوێستی ئێمەیە. بۆیە هیوادارین توانای ئەوەیان هەبێت کە هەموو وڵات بگرنەوە.
 
رووداو: رۆڵی ئێوە وەکو کۆمیسیۆن چییە؟ ئێوە چۆن هاوکاری سووریا دەکەن بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتەکان مافیان پارێزراو بێت؟
 
دوبراڤکا شویکا: وەک پێم گوتن، مانگێک یان پێنج شەش هەفتە لەمەوبەر سەردانی سووریام کرد. قسەم لەگەڵ حکومەت کرد، قسەم لەگەڵ وەزیری دەرەوەش کرد کە دوێنێش بینیمەوە. ئەوان ئاگاداری دۆخەکەن و هەوڵ دەدەن ئەوەی لە توانایاندایە بیکەن، چونکە دەزانین نەک تەنیا کەمینەکان، بەڵکو پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەش هەن. داوامان لێکردن گشتگیربن و هەمووان بەشداری پێبکەن، ئینجا چ لە رووی جێندەرییەوە، چ کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان بێت، هەموو بابەتەکەش هەر ئەوەیە. ئێمە بە دیاریکراوی باسمان لە پرسی کورد نەکرد.
 
رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ حکومەتی ئێستای سووریا چۆنە و چۆن دەتانەوێت هاوکارییان بکەن؟
 
دوبراڤکا شویکا: دیالۆگێکی نیشتمانیمان دەبێت؛ دیالۆگی نیشتمانیی سووریا. لە 13، 14 ساڵی رابردوودا لێرە ئەنجاممان دەدا، بەڵام ئێستا ئاراستەکەمان گۆڕیوە و روومان لە سووریایە. ئەوەی داوام لێکردوون ئەوەیە کە نامەوێت لە دیمەشق بکرێ. ئەمە رۆژی دیالۆگە لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییەکان. بۆیە داوام لێکردن، لەبەرئەوەی دەمانەوێت هەموو وڵات بگرێتەوە، دەتوانن لە ناوچە کەناراوییەکان یان لە حەلەب یان هەر شوێنێکی دیکە بیکەن، نەوەک تەنیا لە دیمەشق، چونکە سووریا تەنیا دیمەشق نییە. هیوادارم دیالۆگەکە لە شوێنێکی دیکە بەڕێوەبچێت. ئێمە بەم شێوەیە هەوڵ دەدەین رۆڵمان هەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە