پەیوەندیی ترەمپ و پووتین؛ لە پێداهەڵدان و ستایشەوە بۆ تووڕەیی و نائومێدی

15-08-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە سەرەتای دەستپێکردنەوەی دووەم خولی سەرۆکایەتییەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ بەردەوام خەریکی ستایش و پێدهەڵدان بوو بەسەر ڤلادیمیر پووتینی هاوتا رووسییەکەی، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی مانگەکان و بەدینەهاتنی ئەو رێککەوتنی ئاشتییەی کە ترەمپ بەڵێنی دابوو لە ماوەی 24 کاژێردا دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی بیکات، ئاوازی قسەکانی بەرامبەر پووتین بەرەو تاڵی و تووڕەیی چووە.
 
پێش کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان لە ئەلاسکا، چەند گۆڕانێک لە هەڵوێستی ترەمپ و گوتەکانی لەسەر پووتین بزانن: 
 
"پەیوەندیم لەگەڵی زۆر باشە"
 
کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا لە مانگی کانوونی دووەمدا کاری لەپێشینەی ترەمپ بوو کاتێک گەڕایەوە نووسینگەی سەرۆکایەتی. رۆژی 20ـی کانوونی دووەم بە رۆژنامەڤانانی گوت: "پێموایە ئەو (پووتین) بە رێکنەکەوتن رووسیا وێران دەکات،" بەڵام لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە، "پەیوەندیم لەگەڵی زۆر باشە."
 
رۆژێک دواتر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "Truth Social" نووسی: "من چاکەیەکی زۆر گەورە لەگەڵ رووسیا و سەرۆک پووتین دەکەم، کە ئابوورییەکەی لە داڕماندایە. هەر ئێستا رێکبکەون و ئەم جەنگە بێمانایە رابگرن! دۆخەکە هەر وا خراپتر دەبێت."
 
لەلایەکی دیکەوە، کرێملن بە پێهەڵدانەوە وەڵامی دایەوە و پووتین رۆژی 24ـی کانوونی دووەم بە میدیای فەرمیی رووسیای گوت، ترەمپ "نەک تەنیا کەسێکی زیرەکە، بەڵکو کەسێکی واقیعبینیشە."
 
"ڤلادیمیر، بوەستە"
 
پەیوەندییە باشەکەی نێوان دوو سەرۆکەکە لە مانگی دواتردا باشتر بوو. ترەمپ پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی رۆژی 12ـی شوباتی نێوان خۆی و پووتینی بە "درێژ و زۆر بەرهەمدار" وەسف کرد، بەڵام لە کۆتایی مانگی ئاداردا، ئاوازی قسەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕا.
 
دواتر ترەمپ لە مانگی نیسان دا داوای لە پووتین کرد هێرشەکانی سەر کیێڤ رابگرێت. پێشتر گوتبووی کە رەفتارەکانی پووتین "زۆر تووڕە و بێزار"یان کردووە.
 
ترەمپ رۆژی 24ی نیسان نووسی: "ڤلادیمیر، رابوەستە! هەفتانە 5000 سەرباز دەمرن. با رێککەوتنی ئاشتی بکەین."
 
دوای دوو رۆژ ترەمپ نووسی: "وا هەست دەکەم ئەو نایەوێ جەنگەکە رابگرێت، ئەو تەنیا دەیەوێت بەڕێم بکات، دەبێت بە شێوازێکی جیاواز مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ئەمەش لە رێگەی بانک یان سزاوە. خەڵکێکی ئێجگار زۆر دەمرن."
 
"بە تەواوەتی شێت بووە"
 
لە کۆتایی مانگی ئایاردا، نائومێدی باڵی بەسەر هەڵوێستی ترەمپدا کێشا. رۆژی 25ی ئایار نووسی: "من هەمیشە پەیوەندییەکی زۆر باشم لەگەڵ ڤلادیمیر پووتینی رووسیا هەبووە، بەڵام شتێکی بەسەر هاتووە. ئەو بە تەواوەتی شێت بووە."
 
رۆژێک دواتر نووسی: "ئەوەی ڤلادیمیر پووتین پێی نازانێت ئەوەیە کە ئەگەر من نەبوومایە، زۆر شتی خراپ بەسەر رووسیادا دەهات، مەبەستم شتی زۆر زۆر خراپە. ئەو یاری بە ئاگر دەکات."
 
بەڵام کاتێک ترەمپ لە 14ی حوزەیران تەمەنی بووە 79 ساڵ، پووتین لەبیری نەکرد پیرۆزبایی رۆژی لەدایکبوونی لێبکات. ترەمپ لەمبارەیەوە نووسی: "سەرۆک پووتین ئەم بەیانییە تەلەفۆنی کرد بۆ ئەوەی زۆر بە رێزەوە پیرۆزبایی رۆژی لەدایکبوونم لێبکات،" گوتیشی پەیوەندییەکە "گرنگتر لەوە، بۆ قسەکردن بوو لەسەر ئێران."
 
ئەمە ماوەیەکی کورتی ئارامی بوو. ترەمپ رۆژی 8ـی تەممووز لە کۆشکی سپی گوتی: "ئەگەر راستییەکەتان دەوێت، ئێمە قسەی قۆڕی زۆرمان لەلایەن پووتینەوە پێدەگوترێت. ئەو هەمیشە کەسێکی باشە، بەڵام وا دەردەکەوێت کە بێمانایە."
 
لە کۆتایی مانگی تەممووزدا، ترەمپ گوتی "زۆر ئارەزوو"ی قسەکردن لەگەڵ پووتین ناکات، بەڵام چەند رۆژێک پێش کۆبوونەوەی رۆژی هەینی لە ئەلاسکا، رایگەیاند چاوەڕێی "گفتوگۆیەکی بونیادنەرانە" دەکات لەگەڵ هاوتا رووسییەکەیدا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە