سەرۆکی کۆریای باشوور: رێز لە سیستمی پیۆنگیانگ دەگرین و متمانەی سەربازی بنیات دەنێین

15-08-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆریای باشوور، بەڵێنی دا "رێز" لە سیستمی سیاسیی کۆریای باکوور بگرێت و "متمانەی سەربازی" لەگەڵی بنیات بنێت. ئەمەش رۆژێک دوای ئەوەی پیۆنگیانگ رایگەیاند، هیچ نیازێکی بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سیئۆل نییە.
 
رۆژی هەینی 15ی ئابی 2025 لی جای میونگ، سەرۆکی کۆریای باشوور لە گوتارێکدا بەبۆنەی ساڵیادی رزگاربوون لە ژێردەستی ژاپۆن، گوتی، حکومەتی وڵاتەکەی "رێکاری بەردەوام دەگرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی بەرچاوی گرژییەکان و گەڕاندنەوەی متمانە" لەگەڵ باکوور.
 
بەگوێرەی پەیمانگەی نیشتمانیی سیئۆل بۆ پەروەردەی یەکگرتنەوە، ساڵیادی 15ی ئاب بۆ رزگاربوون لە ژێردەستیی ژاپۆن، تاکە پشووی فەرمییە کە لە هەردوو کۆریای باکوور و باشووردا ئاهەنگی بۆ دەگێڕدرێت.
 
لەو کاتەوەی لە مانگی حوزەیراندا هەڵبژێردراوە، لی بەڵێنی داوە دەستی ئاشتی بۆ باکووری خاوەن چەکی ئەتۆمی درێژ بکات و بەبێ پێشمەرج گفتوگۆی لەگەڵدا بکات، ئەمەش پێچەوانەی هەڵوێستەکانی پێشوویەتی.
 
لی گوتی، "دووپاتی دەکەینەوە رێز لە سیستمی ئێستای باکوور دەگرین،" ئاماژەی بەوەش کرد، سیئۆل "هیچ نیازی نییە دەست بداتە دووژمنکاری."
 
سەرۆکی کۆریای باشوور گوتیشی، "هیوادارم کۆریای باکوور وەڵامی هەوڵەکانمان بداتەوە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە و زیندووکردنەوەی گفتوگۆ."
 
گوتارەکەی لی رۆژێک دوای ئەوە دێت کە کیم یۆ جۆنگ، خوشکی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور رایگەیاند، وڵاتەکەی "هیچ ئیرادەیەکی نییە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان" لەگەڵ باشوور.
 
هەروەها ئەو راپۆرتانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن کۆریای باکوور بڵندگۆکانی سەر سنووری لادابێت.
 
سوپای کۆریای باشوور لە مانگی حوزەیراندا رایگەیاندبوو، هەردوو وڵات پەخشی پڕوپاگەندەیان لەسەر هێڵی دابەشکاریی سەربازی راگرتووە و هەفتەی رابردووش رایگەیاند، بینیویانە سەربازانی کۆریای باکوور لەسەر سنوور بڵندگۆکان لادەبەن.
 
کۆریای باکوور، کە لە ساڵی 1950 هێرشی کردە سەر دراوسێکەی و بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی کۆریا، هەمیشە لە مەشقە سەربازییەکانی ئەمریکا و کۆریای باشوور تووڕە بووە و بە ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەری ناوی بردوون.
 
هەردوو وڵات لەڕووی تەکنیکییەوە هێشتا لە جەنگدان، چونکە جەنگی کۆریا لەنێوان ساڵانی 1950 – 1953 بە ئاگربەست کۆتایی هات، نەک پەیماننامەی ئاشتی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدرابوو.

نەمسا؛ تۆمەتبارێکی سووریایی دانی بە هێرشێکی تیرۆریستیدا نا

داواکارانی گشتیی نەمسا رایدەگەیێنن، پیاوێکی سووری کە لە شوێنی رووداوێکی چەقۆوەشاندن لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکرا و تێیدا هەرزەکارێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانێکی تیرۆریستیی کردووە.