رووداو دیجیتاڵ
تەلەڤیزیۆنی فەرمیی رووسیا رۆژی هەینی بڵاویکردەوە، کرێملین پێشبینی دەکات لووتکەی ئەمڕۆی نێوان ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ئەلاسکا لانیکەم 6 بۆ 7 کاژێر بخایێنێت.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین پێش لووتکەکە بە کەناڵی 1ی تەلەڤیزیۆنی فەرمیی رووسیای راگەیاند، "دەتوانن چاوەڕێی ئەوە بکەن کە [کۆبوونەوەکە] لانیکەم 6 بۆ 7 کاژێر بخایێنێت."
پێسکۆڤ گوتی، مۆسکۆ چاوەڕوانی کۆبوونەوەیەکی "بەرهەمدار" دەکات.
کرێملین رایگەیاندووە، کۆبوونەوەکە لە بنکەی سەربازیی ئێلمێندۆرف-ریچاردسن، لە شاری ئەنکۆرەیجی ئەلاسکا، کاژێر 11:30ی بەیانی بە کاتی نێوخۆ دەستپێدەکات، کە دەکاتە 03:30ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی واشنتن و 10:30ی شەو بە کاتی مۆسکۆ و هەولێر.
سەرەتا کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لەنێوان پووتین و ترەمپ دەکرێت، کە تەنیا وەرگێڕەکانیان ئامادە دەبن.
پاشان کۆبوونەوەیەکی فراوانتر بە ئامادەبوونی شاندی هەردوو وڵات، کە چاوەڕوان دەکرێت بەرپرسانی باڵا لەخۆبگرێت، بەڕێوە دەچێت.
لە کۆتایێشدا هەردوو سەرۆک بڕیارە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەش بکەن، کە دەکەوێتە پاشنیوەڕۆی ئەلاسکا، واتە دوای نیوەشەوی هەولێر.
تەوەری سەرەکی، گفتوگۆی ئاشتی دەبێت لەبارەی جەنگی بەردەوامی رووسیا - ئۆکراینا، لەنێویاندا پێشنیازی ترەمپ بۆ "گۆڕینەوەی خاک" لەنێوان دوو وڵاتە دووژمنەکە و مەرجەکانی ئاگربەست.
گفتوگۆی زیاتر لەبارەی هاوئاهەنگیی ئابووریی دوولایەنەی نێوان مۆسکۆ و واشنتن دەکرێت، کە رەنگە سووککردنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر رووسیا، گەشەپێدانی سەرچاوەکان لە ئەلاسکا و ئۆکراینا و تەنانەت کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی لەخۆبگرێت.
هەر ئەمڕۆ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە ئەنکۆرەیج گوتی، "هەرگیز پێشوەختە پێشبینی ناکەین. بەڵگەی خۆمانمان هەیە و هەڵوێستیشمان روون و ئاشکرایە. ئێمە ئەوە دەخەینەڕوو."
رووسیا پێداگرە لەسەر ئەوەی دەبێت ئۆکراینا دەستبەرداری چوار هەرێمی دۆنێتسک، لوهانسک، زاپۆریژیا و خێرسۆن ببێت، کە لە ساڵی 2022 کۆنترۆڵی کردن. ئێستا بە هەرێمی کریمیاوە کە لە ساڵی 2014 لکاندوویەتی، 19%ی خاکی ئۆکراینا لەژێر کۆنترۆڵی رووسیادایە، واتە یەک لەسەر پێنجی خاکی ئۆکراینا لەژێر دەستی رووسیایە. مۆسکۆ داوا دەکات، ئۆکراینا دەستبەرداری خەونی بەئەندامبوون لە ناتۆ ببێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا ئۆکراینا مەرجەکانی رووسیای رەتکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ