رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی کەسێک لەبەردەم مزگەوتی شاری ئۆریبرۆی سوێد تەقەی کرد، لە ئەنجامدا کەسێک کوژرا و کەسێکی دیکەش برینداربوو. بە گوێرەی زانیارییەکان، بریندارەکە کوردە و شایەتحاڵێکی رووداوەکەش دەڵێت، ''تەندروستیی زۆر باشە.''
شایەتحاڵێک بەناوی زێرەڤان حۆزەڤایی، ئەمشەو هەینی 15ی ئابی 2025 میوانی (دیاسپۆرا)ی رووداو بوو، کە هێمن عەبدوڵڵا لە ستۆدیۆی رووداو لە ئەڵمانیاوە پێشکێشی دەکات و لەبارەی تەقەکردنەکەی ئەمڕۆی سوێد قسەی کرد.
بە گوتەی ئەو شایەتحاڵە، کاژێر 13:00ی ئەمڕۆ هەینی، کەسێک لەبەردەم مزگەوتەکە چوار گولـلەی تەقاند، لە ئەنجامدا کەسێک کوژرا و کەسێکی دیکە برینداربوو، بریندارەکە کوردە.
زێرەڤان حۆزەڤایی گوتی، کوژراوەکە خەڵکی ئۆگەندایە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، ''ئەوەی تەقەی کرد، کەس نازانێت خەڵکی کوێیە. هێندەی من بزانم، تەقەکارەکە دەستگیر نەکراوە و کەسیش نازانێت کێیە.''
شایەتحاڵەکە ئاماژەی بەوەش کرد، دوای تەقەکردنەکە ''خەڵکەکە لەترسا هەڵاتن.''
لەبارەی دۆخی تەندروستیی هاونیشتمانییەکەوە ئەو شایەتحاڵە گوتی، ''تەندروستیی زۆر باشە. گوللـەکە سەرەتا بەر زەوی کەوتووە و دواتر بەر شانی کەوتووە، واتە زۆر مەترسیدار نییە.''
پۆلیسی سوێدیش لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی نزیکەی 25 ساڵە، بەڵام زانیاری لەبارەی بریندارەکەوە ئاشکرا نەکرد.
پۆلیس باس لەوە دەکات، پێیان وایە رووداوەکە پەیوەندی بە گرووپە تاوانکارییەکانی وڵاتەکەوە هەیە.
لە شوباتی ئەم ساڵیشدا رووداوێکی تەقەکردن لە قوتابخانەیەکی ئەو شارۆچکەیە هەبوو و لە ئەنجامدا 11 کەس کوژران کە یەکێکیان تەقەکار خۆی بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ