رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا بە نمایشی هێز، لە رێگەی دوو لە دەگمەنترین و پێشکەوتووترین فڕۆکە جەنگییەکانەوە پێشوازیی لە هاوتا رووسییەکەی کرد.
کاتێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا تەوقەیان کرد و لەسەر فەرشی سوور لە بنکەی ئاسمانیی ئێلمێندۆرف ریچاردسن لە ئەلاسکا بەرەو شوێنی وێنەگرتن دەچوون، دەنگی بەرزی فڕۆکەی جەنگی وای کرد، پووتین دوو چرکەیەک لە شوێنی خۆی بوەستێت، سەیری ئاسمان بکات و ئاوڕ لە تێپەڕینی فڕۆکەکان بداتەوە.
ترەمپ لەگەڵی وەستا و سەیری فڕۆکەکانی کرد و پاشان چەپڵەی لێدا.
فڕۆکەیەکی بۆمبهاوێژی تارمایی بی 2 بە یاوەریی چوار فڕۆکەی جەنگی ئێف 22 لە بەرزاییەکی کەمدا بەسەر پووتین و ترەمپدا فڕین.
نمایشکردنی فڕۆکەی جەنگی بەشێک نییە لە پرۆتۆکۆڵی ئەمریکا بۆ پێشوازیکردن لە سەرۆکی وڵاتان. فڕاندنی ئەو دوو فڕۆکەیەش بە سەر سەری سەرۆکی رووسیای رکابەری مێژوویی ئەمریکا و رۆژئاوا، هەڵگری واتە و هێمایە.
هەردوو فڕۆکەکە بە بەهێزترین فڕۆکەی جەنگی ئەمریکا دادەنرێن.
ئەمریکا ئەم دوو جۆرە فڕۆکەیەی بە هیچ وڵاتێکی دیکە نەفرۆشتووە.
فڕۆکەی تارمایی بی 2 مانگی حوزەیران دەنگدانەوەی گەورەی دروست کرد، کاتێک لە هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بەکارهێندرا. تێچووی دروستکردنی یەک دانەی، دوو ملیار دۆلارە و تەنیا 21 دانەی لێ دروستکراون.
هەروەها فڕۆکەی بی 22 راپتەر بە پێشکەوتووترین فڕۆکەی جەنگی ئەمریکا دادەنرێ و ئەمریکا دەڵێ، لە رێگەی ئەم فڕۆکەیەوە، لە بەرامبەر هەر وڵاتێکی دیکە، لە شەڕی ئاسمانیدا دەستی باڵای دەبێ. ئەم فڕۆکەیەش لە جۆری تارماییە، واتە رادارەکان ناتوانن بیدۆزنەوە. دروستکردنی یەک دانەیان 150 ملیۆن دۆلاری تێدەچێ. بەهۆی گرانییەکەی، لە ساڵی 2012ـەوە ئەمریکا دروستکردنی وەستاندووە.
لەگەڵ تەوقەکردن، ترەمپ و پووتین دەستیان لە ژێر ئەنیشکی یەک دا.
هەروەها وەک نەریتی خۆی، لە کاتی تەوقەکردندا، ترەمپ هەوڵید ا دەستی پووتین بۆ لای خۆی رابکشێت، بەڵام پووتینیش بە هێزەوە دەستی گرت.
بە درێژایی رۆیشتنیان لەسەر فەرشە سوورەکە، ترەمپ چەند جارێک دەستی لە پشتی پووتین دا.
تەوەری سەرەکیی لووتکەکە، جەنگی رووسیا و ئۆکراینایە کە ترەمپ دەیەوێت پووتین رازی بکات بیوەستێنێت.
پێش لووتکەکە، ترەمپ گوتی، ئەگەر پووتین بە زوویی بە ئاگربەستێک رازی نەبێ، "دڵخۆش نابم."
ترەمپ لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی بە رۆژنامەڤانانی گوت، "دەمەوێت بەپەلە ئاگربەست ببینم. نازانم ئایا ئەمڕۆ دەبێت یان نا، بەڵام دڵخۆش نابم ئەگەر ئەمڕۆ نەبێت."
هەروەها گوتی، ئەگەر پێی وابوو کۆبوونەوەکە باش بەڕێوە ناچێت، ئەوا کۆبوونەوەکە بەجێدەهێڵێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ