رووداو دیجیتاڵ
رووسیا و ئۆکرانیا، هەریەکەیان 84 دیلیان گۆڕیەوە، کە بەشێکە لە زنجیرەیەک گۆڕینەوەی دیلەکاندا کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بووەتە هۆی ئازادکردنی سەدان سەرباز.
ئەم گۆڕینەوەیە رۆژی پێنجشەممە و شەوێک پێش کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و دۆناڵد ترەمپ، هاوتا ئەمریکییەکەی لە ئەلاسکا دێت، کە بڕیارە شەوی هەینی بەڕێوەبچێت.
میکیتا کالیبێردا، سەربازێکی دەریایی تەمەن 29 ساڵ کە لە چوارچێوەی گۆڕینەوەکەدا ئازاد کراوە گوتی، "گەڕامەوە بۆ نیشتمانەکەم. راست بڵێم، هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە ئەمە رووبدات."
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، لەنێو دیلە ئازادکراوەکاندا "هەم سەرباز و هەم هاووڵاتیی سڤیل" هەبوون و هەندێکیان "لە ساڵانی 2014، 2016 و 2017ـەوە لەلایەن رووسەکانەوە دەستبەسەر کرابوون."
زیلینسکی ئاماژەی بەوەشکرد، "بەرگریکارانی ماریوپۆل"یش بەشێک بوون لە گۆڕینەوەکە، کە ئاماژەیە بۆ ئەو شارە بەندەرییەی ئۆکرانیا کە لە ساڵی 2022 دوای گەمارۆیەکی نزیکەی سێ مانگە، کەوتە دەست هێزەکانی رووسیا.
تاتیانا تورکۆمان، دایکی سەربازێک کە لە ماریوپۆل شەڕی کردووە، گوتی: "کوڕە گەورەکەم سێ ساڵ و چوار مانگ و دوو رۆژ بە دیلی مایەوە. سوپاس بۆ خودا، زۆر چاوەڕێی بووین."
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە تەلەگرام رایگەیاند، ئیمارات نێوەندگیریی لە گۆڕینەوەکەدا کردووە و ئەو سەربازە رووسیانەی ئازادکراون "هاوکاریی دەروونی و پزیشکییان" پێشکێش دەکرێت.
گۆڕینەوەی بەرفراوانی دیلەکان تاکە دەرەنجامی بەرجەستەی سێ خولی دانوستاندنەکانی ئاشتیی نێوان شاندی رووسیا و ئۆکرانیا بوو، کە لە نێوان مانگەکانی ئایار و تەممووزدا لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوون.
لە دوایین خولی گفتوگۆکانیاندا لە مانگی رابردوودا، رووسیا و ئۆکرانیا لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی 1200 دیلی جەنگ لە هەردوولا رێککەوتن. دانوستاندنکارێکی رووسی رایگەیاندبوو، مۆسکۆ هەروەها پێشنیازی کردووە تەرمی 3000 سەرباز رادەستی کیێڤ بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ