رووداو دیجیتاڵ
مانگی سووری لیبیا ئامارێکی مەترسیداری لافاوەکەی بڵاوکردەوە، دەڵێت زیاتر لە 11 هەزار و 300 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 20 هەزار کەسی دیکەش بێ سەروشوێنن.
مانگی سووری لیبیا رایگەیاند، لافاو نزیکەی دوو هەزار تەرمی راماڵیوە بۆ نێو دەریای نێوەڕاست. هاوکات، نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، زۆربەی ئەو هەزاران کەسانەی کە لە لافاوەکەی لیبیادا گیانیان لەدەستدا، دەکرا رزگاریان بێت ئەگەر سیستمی ئاگادارکردنەوە و فریاگوزاریی پێشوەختە بە شێوەیەکی گونجاو کاریان کردبا.
ئاژانسی کەشناسیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئەگەر هاوئاهەنگییەکی باشتر لەو وڵاتەدا هەبووایە، ئەوا ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، زۆر کەمتر دەبوو.
ئاژانسەکە هۆشداریش دەدات کە وڵاتانی دیکەی گیرۆدەی ململانێ، رووبەڕووی هەمان کەموکورتییە مەترسیدارەکان لە سیستمی ئاگادارکردنەوەیاندا دەبنەوە.

پێتری تالاس، سەرۆکی ئاژانسی کەشناسیی جیهانی، رۆژی پێنجشەممە لە جنێڤ بە رۆژنامەڤانانی گوت: ئەگەر سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت لە لیبیا بە باشی کاری خۆی کردبا، "تیمە فریاگوزارییەکان دەیانتوانی دەست بە چۆڵکردنی شوێنەکان و گواستنەوەی خەڵک بکەن و دەمانتوانی رێگری لە گیانلەدەستدانی زۆربەی قوربانیان بکەین."
ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژی یەکشەممە، لافاوێکی بەهێز لە شاری دەرنەی رۆژهەڵاتی لیبیای دا.

لافاوەکە لە ئەنجامی باوبۆرانی زریانی دانیێڵ دروستبوو کە بووە هۆی تەقینەوەی دوو بەنداو، لێشاوەکەیان بەشێکی زۆری شاری دەرنەیان بە گەڕەک، باڵەخانە و شەمامەوە راماڵییە نێو دەریای نێوەڕاست.
تالاس گوتی، نەبوونی پێشبینیی گونجاو بۆ کەشوهەوا و نەبوونی سیستمی ئاگادارکردنەوە و هەنگاوی پێشوەخت، بووەتە هۆی ئەوەی کارەساتەکە بەو قەبارە گەورەیە بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ