ئیلۆن مەسک لە ئەنجوومەنی پیران داوای یاسای تایبەت بە ژیریی دەستکرد دەکات

15-09-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پیران بە ئامادەبوونی ئیلۆن مەسک و مارک زۆکەربێرگ
کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پیران بە ئامادەبوونی ئیلۆن مەسک و مارک زۆکەربێرگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی گرنگ بەڕێوەچوو کە ئامانج لێی دروستکردنی کۆدەنگییەک بوو لەسەر ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەک تاوەکو پێشکەوتنەکانی ژیریی دەستکرد بە یاسا رێکبخات و مەترسییەکانی ئەو تەکنەلۆژیایە کەم بکاتەوە. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەکە لە بیڵ گەیتس، بەڕێوەبەری پێشووی جێبەجێکاری کۆمپانیان مایکرۆسۆفت، ئیلۆن مەسک، خاوەنی هەریەکە لە کۆمپانیاکانی ئێکس و تێسلا و مارک زۆکەربێرگ، خاوەنی کۆمپانیای مێتا، بەشدار بوون. 
 
ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیاکانی ئێکس و تێسلا رایگەیاند، "بەڵێ، کۆبوونەوەکە کۆبوونەوەیەکی زۆر شارستانییانە بوو کە لەنێوان بەشێک لە زیرەکترین کەسانی جیهان بەڕێوەچوو، هەربۆیە پێموایە کە سیناتۆر شومەر خزمەتێکی گەورەی بە مرۆڤایەتی کرد؛ پێشموایە کە کۆبوونەوەکە ئەنجامێکی باشی دەبێت و بۆ داهاتووی شارستانیەت زۆر گرنگ دەبێت."
 
کۆبوونەوەکە داخراو بوو، زیاتر لە 60 ئەندامی ئەنجوومەنی پیران تێیدا بەشداربوون و هەموویان جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە یاسایەکی تایبەت هەبێت بتوانێت رێگە لە مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد، وەکو دەستوەردانی هەڵبژاردن و هێرشکردنە سەر ژێرخانی گرنگی وڵاتان بگرێت.
 
چەک شوومەر، سەرۆکی زۆرینەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، "پرسیارم لە هەموو ئامادەبووان کرد لە ژوورەکە کە ئایا حکومەت پێویستە رۆڵ ببینێت بۆ ئەوەی ژیریی دەستکرد بە یاسا رێکبخرێت، هەموویان دەستیان بەرزکردەوە."
 
ئەوە دووەم جارە لە ئەم ساڵدا، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لەسەر رێکخستنەوەی ژیریی دەستکرد کۆببێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت چەندین کۆبوونەوەی دیکەش لەسەر ئەو بابەتە بکرێت و ئەنجوومەکە پڕۆژەیاسایەکی تایبەت لەوبارەیەوە دەربکات.
 
شارەزایانی بواری تەکنەلۆژیا چەندین جار هۆشدارییان لەبارەی ژیری دەستکرد داوە و لە مانگی ئابی ئەمساڵیشدا 350 زانا و شارەزای بواری تەکنەلۆژیا هۆشداریان دا، کە ئەگەر ژیری دەستکرد لە دەست دەربچێت، مەترسی جیددی دەبێت و لەوانەیە ببێتە هۆی لەنێوچوونی مرۆڤ. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە