رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی کە 17 پزیشک نەیانتوانی نەخۆشیی منداڵێکی چوار ساڵان بدۆزنەوە، چات جی پی تی توانی کێشە تەندروستییەکەی دەستنیشان بکات.
کوڕەکە ناوی ئەلێکسە، لە کاتی پەتای کۆرۆنادا، ژمارەیەک نیشانەی نیگەرانکەری لێ دەرکەوتبوون. کۆرتنی، دایکی کوڕەکە بە میدیای ئەمریکی گوتووە، کوڕەکەی ئازاری زۆری هەبووە، گازی لە هەموو شتێک گرتووە و لە گەشە وەستابوو.
لە ساڵی 2021دا ناهاوسەنگی لای راست و چەپی ئەلێکسدا دروستبوو. دایکی دەڵێت، "ئەو بەپێی راستی هەنگاوی دەنا، پێی چەپیشی تەنیا بەدوای خۆیدا رادەکێشا." بەڵام هیچ پزیشکێک نەیتوانی بزانێت هۆکارەکەی چییە و چی بە نەخۆشیەکەی دەگوترێت.
دوای سێ ساڵ و سەردانی 17 پزیشک، کۆرتنی پەنای بردە بەر چات جی پی تی بۆ ئەوەی بزانێت کوڕەکەی گیرۆدەی چی بووە. چات جی پی تی لە وەڵامی پریساری دایکەکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە دەکرێت کوڕەکەی تووشی ناڕێکییەک لە دڕکە پەتکیدا بووبێت.
کۆرتنی بە میدیای ئەمریکی گوتووە، "دێڕ بە دێڕی هەموو پشکنینەکانیم خوێندەوە و خستمنە نێو چات جی پی تی". دایکەکە دەڵێت، لەبەر ئەوەی ئەلێکس نەیدەتوانی چوار مشقی دانیشێت، بڕوای زیاتری لا دروستبوو کە دەکرێت ئەلێکس لە پەیکەری جەستەیدا کێشەیەکی هەبێت.
چات جی پی تی نەخۆشیەکەی ئەلێکسی بە "tethered cord syndrome" یان کۆنیشانەی دڕکە پەتکی بەستراو ناوبرد. ئەم کۆنیشانە دەمارییە، بریتییە لە نووسانی دڕکەپەتک بە بڕبڕەی پشتەوە.
بۆ دڵنیابوونەوە، کۆرتنی چووە نێو گرووپێکی فەیسبووک کە ئەو کەسانەی تێدان منداڵەکانیان هەمان ئەو کۆنیشانەیان هەیە.
دواتر کۆرتنی منداڵەکەی بردە لای پزیشکێکی مێشك و دەمار و وەڵامەکەی چات جی پی تیی پێ نیشاندا. پزیشکەکە پێی راگەیاند، وەڵامی هۆشە دەستکردەکە راستە. پزیشکەکەش توانی ئەو شوێنەی دڕکە پەتکەکە دەستنیشان بکات کە کێشەکەی تێدابووە.
بە گوێرەی میدیای ئەمریکی، ئەم دواییانە، نەشتەرگەری بۆ ئەلێکس کراوە بۆ ئەوەی دڕکە پەتک و بڕبڕەکانی چاکبکرێن و ئێستاش دۆخی باشە.
چات جی پی تی دەتوانێت هەندێ نەخۆشی دەستنیشان بکات، بەڵام وەڵامی ساختەش دروست دەکات
وێڕای ئەوەی کە چات جی پی تی توانی نەخۆشییەکەی ئەلێکس دیاری بکات، پزیشکەکان هۆشداری دەدەن لەوەی کە دەکرێت ئەو بەرنامەیە وەڵامی هەڵە و ساختەش دروستبکات.
جێسی ئێرنفێڵد، سەرۆکی یەکێتیی پزیشکیی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەی گوتووە، "چات جی پی تییەکەی ئۆپن ئەی ئای و بەرنامەکانی دیکەی ژیری دەستکردی بەرهەمهێن، تاوەکو ئێستا کێشەیان هەیە و بێ خەوش نین."
یەکێک لە کێشە دیارەکانی چات جی پی تی ئەوەیە کە دەتوانێت وەڵامی ساختە بهۆنێتەوە، بەڵام بە شێوازێکی بڕواهێنەر، لە بواری تەکنەلۆجیدا بەوە دەگوترێت "وڕێنەکردن". بەڵام هێشتاش هەندێ لە پزیشکەکان سەرسامن بە توانای ئامرازەکە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان.
ئایزک کۆهەین، پزیشک و زانای کۆمپیوتەر لە زانکۆی هارڤاردی ئەمریکا لە پەرتووکێکی نوێیدا بە ناونیشانی "شۆڕشی ژیریی دەستکرد لە بواری پزیشکیدا"، دوایین وەشانی چات جی پی تی (GPT-4)ی تاقیکردووەتەوە.
پزیشکەکە باسی لەوە کردووە کە چات جی پی تی لە زۆر لەو پزیشکانەی کە خۆی چاودێریکردوون، زیرەکترە.
هەروەها چات جی پی تی توانیویەتی لە تاقیکردنەوەی پزیشکیی ئەمریکا بۆ پێدانی مۆڵەت بە پزیشکان دەربچێت. لەم کاتەدا GPT-4 تەنیا بۆ ئەوانە بەردەستە کە پارەی بەشداریکردن دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ