جیهان
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و هەردوو هاوتا رووسی و ئۆکراینییەکەی، ڤلادیمیر پووتین و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ ستایشی ئەو باجە گومرگییانەی کرد کە وڵاتەکەی بەسەر چیندا سەپاندوونی. لەبارەی پووتین و زیلینسکی-ش دەڵێت، "رقی نێوانیان لەڕادەبەدەرە."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نیوجێرزی بە رۆژنامەڤانانی گوت، "دەزانن چین ئێستا چەند باجی گومرگی دەدات؟ زۆر."
نووسینگەی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئەو لێدوانەی ترەمپ لەکاتێکدایە کە سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینە ئامادەکاری دەکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ هێ لیفێنگ، جێگری سەرۆکوەزیرانی چین لە مەدرید.
بڕیارە گفتوگۆ لەبارەی بازرگانی، ئاسایشی نیشتمانی و خاوەندارێتیی تیکتۆک بکەن.
ترەمپ قسەی تووندیشی ئاراستەی ڤەنزوێلا کرد، لە کاتێکدا گرژییەکانی نێوان ئەو وڵاتە و ئەمریکا روو لە زیادبوونن.
وەزیری دەرەوەی ڤەنزوێلا رایگەیاند، کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکا بە نایاسایی دەستی بەسەر بەلەمێکی راوەماسیی ڤەنزوێلی لە سنووری دەریایی ئەو وڵاتەدا گرتووە. پێشتر ئەمریکا بە بیانووی رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچییەکانی مادەی هۆشبەر، کەشتیی جەنگیی لە کاریبی جێگیر کردبوو.
ڤەنزوێلا ئەمریکا تۆمەتبار دەکات بەوەی دەیەوێ پاساوێک بۆ پێکدادانی سەربازی بدۆزێتەوە. هەروەها حکومەتی ڤەنزوێلا دەڵێ، ئەمریکا لە رووداوێکی دیکەدا، سەرنشینانی بەلەمێکی ڤەنزوێلی بە نایاسایی کوشتووە.
ترەمپ گوتی: "زۆر مادەی هۆشبەر لە ڤەنزوێلاوە دێ. ئەوان ترێن دی ئاراگوا دەنێرن. ئەوە باندەکەیە. ئێمە حەزمان بەو شتە نییە کە ڤەنزوێلا بۆمان دەنێرێ، جا چ مادەی هۆشبەر بێت یان ئەندامی باندەکان. حەزمان لێی نییە. یەک تۆزقاڵیش حەزمان لێی نییە."
ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی گوت، پێویستە هاوپەیمانە ئەورووپییەکان سزاکانی سەر رووسیا تووندتر بکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ گوشارەکانی ئەمریکادا هاوتەریب بن.
گوتیشی، یەکێک لە ئاستەنگەکانی بەردەم دانوستاندنەکانی رووسیا و ئۆکراینا، ئەو رقەیە لەنێوان ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکیی هاوتا ئۆکراینییەکەی هەیە و رایگەیاند: "ئەو رقەی لەنێوان زیلینسکی و پووتیندایە، لە ئەندازە بەدەرە."
سەبارەت بە کاروباری نێوخۆی ئەمریکا، ترەمپ جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی یەدەگی فیدڕاڵیی ئەمریکای بە "بێتوانا" ناوبرد.
گوتیشی کە نرخ لە زۆر بواردا دابەزیوە و بانکی ناوەندی بە کەمنەکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی، رێگری لە بازاڕی خانووبەرە دەکات.
مانگی رابردوو، جیرۆم پاوڵ ئاماژەی بەو کرد کە بەرپرسانی یەدەگی فیدراڵی نیگەرانیی زیاتریان هەیە لەبارەی کەمبوونەوەی دامەزراندن و دەستکەوتنی کار، ئەوەش زەوینە بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە هەفتەی داهاتوودا خۆش دەکات.
زۆربەی ئابووریناسان پێشبینی دەکەن بانکە ناوەندییەکە رێژەی سوودی سەرەکی بە چارەکە خاڵێک کەمبکاتەوە و بیگەیێنێتە نزیکەی 4.1%.
کاتێک بانکی ناوەندی رێژە سەرەکییەکەی کەمدەکاتەوە، زۆرجار بە تێپەڕبوونی کات، تێچووی قەرزکردن بۆ قەرزی خانووبەرە، ئۆتۆمبێل و قەرزی بازرگانی کەم دەکاتەوە. هەندێک لەو رێژانە پێشتر دابەزیون، وەک چاوەڕوانییەک بۆ کەمکردنەوەکان لەلایەن بانکی ناوەندییەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ